دانیشتووانی دوو گوندی باڵەکایەتی بەشەڕ دێن و بە 'دار و بەرد' لە یەکدی دەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو لەنێوان دانیشتوانی هەردوو گوندی وەڵزێ و بورانی سەر بە شارۆچکەی قەسرێی قەزای چۆمان بوو بە شەڕ و بەو هۆیەشەوە نۆ کەس بە دار و بەرد برینداربوون و هێزە ئەمنییەکانیش بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە چوونە شوێنی رووداوەکە و پێنج کەسیان دەستگیرکرد.
 
شاخەوان وەرتی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی قەسرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کێشەی ئەو دوو گوندە لەسەر زەوی و زار و مەرعای گوندەکان بووە و هەرچەندە کێشەکەیان لە دادگە و لە یەکەی کارگێڕییە، بەڵام شەوی رابردوو ژمارەیەک لە دانیشتووانی هەردوو گوند بە دار و بەرد شەڕیان کردووە بەو هۆیەشەوە نۆ کەس بە سوکی برینداربوون و لە نەخۆشخانەی قەسرێ چارەسەری تەندروستییان بۆ کراوە.
 
بەڕێوەبەری شارۆچکەی قەسرێ ئاماژەی بەوەش کرد، هەر زوو ئاسایش و پۆلیس بارودۆخەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و پێنج کەسیشیان دەستگیرکردووە کە هۆکاری دروستبوونی شەڕەکە بوونە.