رووداو دیجیتاڵ
دوای دەستلەکارکێشانەوەی شەش ئەندامی ئەنجوومەنی شاری مهاباد و ئامادەنەبوونی دوو ئەندامی جێگرەوە بۆ دەستبەکاربوون لە شوێنی ئەوانەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، ئەنجوومەنەکە هەڵوەشێندرایەوە.
ئیرەج شوجاعی، قایمقامی مهاباد ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، شەش کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری مهاباد دەستیان لەکار کێشاوەتەوە. لە پێنج ئەندامی جێگرەوەی ئەنجوومەنیش، دوو کەس رایانگەیاندووە ئامادەنین ببنە ئەندامی ئەنجوومەن، بۆیە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنەکەیان داوە.
شوجاعی دەڵێت، بە زوویی رێکاری یاسایی پێویست بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی شارەکە دەگرنەبەر.
بەپێی راگەیێندراوی قایمقامی مهاباد، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی شار، سەرۆکی شارەوانیی شارەکەش متمانەی یاسایی خۆی لەدەستداوە و پارێزگاری ورمێ دەتوانێ لەسەر کار لایبدات یان رێگەی پێبدات وەکو سەرپەرشتی شارەوانی لەسەر کارەکەی بەردەوام بێت.
بەپێی دەستووری ئێران، ئەگەر ئەنجوومەنی شارێک هەڵوەشێندرایەوە، دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنەکە دەدرێتە پارێزگار و تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو، پارێزگار ئەرکە یاساییەکانی ئەو ئەنجوومەنە رادەپەڕێنێت.
ئەنجوومەنی شاری مهاباد 7 ئەندامی هەبوو کە شەش کەسیان بە ناوەکانی حامید حەیدەری، عەباس حوسێنی، ئیبراهیم کەریمی، سامان راهنما، کاوە خزری ئەقدەم و یونس قۆیتاسی بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەرکراون و لە زیندان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە. لەگەڵ ئەوان 15 بەرپرس و فەرمانبەری شارەوانی و قایمقامییەتی مهابادیش بەتۆمەتی گەندەڵی گیراون.
ئەندامانی ئەنجوومەنی شار و گوندەکان بە دەنگی راستەوخۆی خەڵک هەڵدەبژێردرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ