سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەرێمی کوردستانە

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانەکەی ئەمڕۆیدا بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، بڕیارە سەردانی پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجەش بکات.

10-09-2020

23:33

هەڤاڵ ئەبوبەکر: کازمی تاجەگوڵینەی رێز بۆ شەهیدانی هەڵەبجە دادەنێت

هەڤاڵ ئەبوبەکر: کازمی تاجەگوڵینەی رێز بۆ شەهیدانی هەڵەبجە دادەنێت
هەڤاڵ ئەبوبەکر: کازمی تاجەگوڵینەی رێز بۆ شەهیدانی هەڵەبجە دادەنێت

رووداو دیجیتاڵ 

دوای زیاتر لە چوار مانگ لە دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە فڕۆکەیەکی سەربازی سەردانی هەولێری کرد. کازمی لەلایەن سەرۆکوەزیران، هەردوو جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیران و چەند بەرپرسێکی دیکەوە پێشوازی لێکرا.
 
یەکەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بوو؛ دواتر لەگەڵ مەسرور بارزانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێکرد و سبەینێش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. 
 
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "بە داوەتی نێچیرڤان بارزانی، سبەی هەموو شاندەکە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران میوانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێ بۆ نانی بەیانی. بەدڵنیاییەوە گفتوگۆی چڕ دەکرێ سەبارەت بە هەموو پرسەکان". 
 
شاندە یاوەرەکەی کازمی پێکهاتوون لە وەزیرانی دەرەوە، بەرگری، نەوت، کۆچ و کۆچبەران و چەندین بەرپرسی دیکەی حکومی.
مستەفا کازمی سەردانی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل و کامپی قادیای لە دهۆک کرد و سبەینێش سەردانی پارێزگای سلێمانی دەکات.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، مستەفا کازمی لە سلێمانی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و حکومەتی خۆجێی سلێمانی و سەرۆککۆماری عێراق کۆدەبێتەوە. "دواتر سەردانی هەڵەبجە دەکات و تاجەگوڵینەی رێز لەسەر مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە دادەنێت". 
 
ئەم سەردانەی کازمی لەکاتێکدایە، کەشێکی ئەرێنی لە کۆبوونەوەکانی نێوان شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی عێراق هاتووەتە ئاراوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بە‌غدا.

 

زیاتر بخوێنەوە

19:14

کازمی لە دهۆک سەردانی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال دەکات

کازمی لە دهۆک سەردانی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال دەکات
کازمی لە دهۆک سەردانی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال دەکات
 
قەڵای نزارکێ لەنێو شاری دهۆک ئەو شوێنە بوو کە تێیدا بە هەزاران کەسی سڤیل، لە کەسوکاریان جیادەکرانەوە و ئەنفالدەکران، ئەمڕۆ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتی سەردانی بۆ دهۆک لەگەڵ کەسوکاری ئەنفالکراوان لەو قەڵایە قسەیکرد و تاجە گوڵینەی لەسەر گۆڕی قوربانیانی ئەنفال لەو قەڵایە دانا.
 
کازمی گوتی، ئەنفال برینێکە لە مێژووی عێراق؛ قوربانیانی ئەنفال ئازارن بۆ هەموو عێراقییەکان. هەروەها قوربانیانی ئەهوار و شوێنە پیرۆزەکان و قوربانیانی خەڵکی ئەنبار و قوربانیانی راپەڕینی شەعبانی 1991.

 

زیاتر بخوێنەوە

18:50

کازمی: لە هەولێر هەستم بە کەشێکی ئەرێنی کرد

کازمی: لە هەولێر هەستم بە کەشێکی ئەرێنی کرد
 
لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلی کرد و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی دەروازە نێودەوڵەتییەکە کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەدواداچوونی بۆ کار و رێکارەکانی تایبەت بە گومرگ و باج لە دەروازەکە کردووە. 
 
لە میانی سەردانەکەی بۆ ئەو دەروازە سنوورییە، کازمی بە بەرپرسانی دەروازەکەی گوتووە، سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان دێت بۆ "کاری تەواوکاریی هاوبەش" لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، "لەنێوانیاندا چالاککردنی کار لە دەروازە نێدەوڵەتییەکان". 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەو بەرپرسانەی روونکردووەتەوە، کەشێکی "ئەرێنی" لە هەولێر هەستپێکردووە، ئەوەش "خزمەت بە وڵات و گەلی عێراق دەکات". 
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەداوە، پێویستە پەرە بە کارەکانی دەروازەی سنوووریی ئیبراهیم خەلیل بدرێت. بەم نزیکانەش، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەمەبەستی هاوئاهەنگیی زیاتر کۆدەبنەوە. 
 
هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ زاخۆ، کازمی کامپی ئاوارەکانی قادیای بەسەرکردەوە و گوتی، کاری لەپێشینەیان گەڕاندنەوەی ئاوارەکانە بۆ شوێنەکانی خۆیان و دەستەبەرکردنی تەواوی خزمەتگوزارییەکان بۆ کامپی قادیا و تەواوی کامپەکانی دیکە.
 
زیاتر بخوێنەوە

18:12

گوتەبێژی کازمی بۆ رووداو: هەولێر و بەغدا لەبارەی بودجەی 2021 رێککەوتنێکی دیکە دەکەن

گوتەبێژی کازمی بۆ رووداو: هەولێر و بەغدا لەبارەی بودجەی 2021 رێککەوتنێکی دیکە دەکەن
 
گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رووداوی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، جگە لەو رێککەوتنە کاتییەی ئێستا لەبارەی مووچەوە هەیانە، بڕیارە رێککەوتنێکی دیکە لەبارەی بودجەی ساڵی 2021 بکەن. 
 
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتی سەردانی مستەفا کازمی بۆ کامپی قادیا قسەی بۆ رووداو کرد و ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنێکی پێشوەختە هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا، بەجۆرێکە هەموو کێشەکان دەبێت بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن، جا چ کێشەی دەروازە سنوورییەکان بێت یان نەوت و غاز. 
 
سەبارەت بە رێککەوتنی کاتیی نێوان هەولێر و بەغدا کە بەپێی ئەو رێککەوتنە بەغدا بۆ سێ مانگ 320 ملیار دینار دەنێرێت، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، ئەو رێککەوتنە بەردەوام دەبێت، "بەمەرجێک هەرێمی کوردستانیش پابەندی بەندەکانی بێت". 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە مستەفا کازمی لە هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانی و سەرۆک بارزانی کۆبووەوە، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەکانی بە "باش" ناوبرد و گوتی، لەبەر ئەوەی دانوستاندن و گفتۆگۆکان بەردەوامن، بۆیە "زۆر گەشبینین" کە کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستوور چارەسەر دەکرێن. 
 
بڕیارە سبەی مستەفا کازمی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، بە گوتەی ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی بووە و بڕیارە تەواوی شاندەکە بۆ نانی بەیانی میوانی نێچیرڤان بارزانی بن. 
 
گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەرئەوەی نێچیرڤان بارزانی پێشتر سەرۆکی حکومەت بووە، ماوەیەک لەمەوبەریش وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە و "کەسێکی بە ئەزموونیشە"، بۆیە باسی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەکەن. 
 
زیاتر بخوێنەوە

16:08

مەسرور بارزانی بۆ کازمی: مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت

مەسرور بارزانی بۆ کازمی: مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، "مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان بێت یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق، مافێکی رەوای خەڵکە و پێویستە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت". 

بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تەنیا مووچە و بودجە نییە، "هیوادارین هەموو کێشەکە هەڵپەسێردراوەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێوەیکی بنەڕەتی لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن". 
 
دەقی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە: 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/9/10 مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق نیشاندا و بە ئاماژەیەکی ئەرێنی  بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دانا.
 
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تەنیا مووچە و بودجە نییە و هیوادارین هەموو کێشەکە هەڵپەسێردراوەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێوەیکی بنەڕەتی لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن. گوتیشی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێم بێت یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق، مافێکی ڕەوای خەڵکە و پێویستە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت. 
 
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و قەیرانی دارایی و دۆخی نالەباری تەندروستی بوونەتەوە بۆیە ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان دەردەبڕین بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت. سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە و نەوت و ناوچە کوردستانییەکانی دەوەی هەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە کردەوە . بەتایبەتی کاراکردنی میکانیزمی هەماهەنگی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش. 
 
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە هاتنی ئەو شاندە گەورە و گرنگەی حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەیەکی بە هێزە بۆ ئامادەییمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دانانی بنەمایەکی نوێ و پتەو بۆ پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی . سەرۆک وەزیرانی عیراق گوتیشی سەرکەوتنی هەر بەشێکی عێراق سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق و من گەشبینم کە بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەموو پێکهاتە و بەشەکانی عێراق، دەتوانین بە سەر ئاستەنگەکان سەربکەوین و ئێستاش دەرفەت و تێگەیشتنێکی نوێی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

 

زیاتر بخوێنەوە

15:40

مستەفا کازمی گەیشتە زاخۆ

ساتی گەیشتنی مستەفا کازمی بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر. وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق
ساتی گەیشتنی مستەفا کازمی بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر. وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لە هەولێر و هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە زاخۆ.
 
زیاتر بخوێنەوە

15:37

سبەینێ مستەفا کازمی و نێچیرڤان بارزانی کۆدەبنەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. وێنە: ئەرشیف
 
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، سبەینێ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆدەبنەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، مستەفا کازمی لەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بڕیارە سەردانی سلێمانی بکات.
زیاتر بخوێنەوە

15:30

کازمی بۆ مەسرور بارزانی: دەرفەتی کاری هاوبەش هاتووەتە پێش

پێشوازیی مەسرور بارزانی لە مستەفا کازمی لە فڕۆکەخانەی هەولێر. وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، رایگەیاند "ئێستا دەرفەتێک هاتووەتە پێش بۆ کاری هاوبەش، هەروەک چۆن پێشتر هاوکاری و هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکانی هەردوولا بەشداربوون لە باش بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەدژی داعش".
 
هاوکات مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کردووە کە "سەروەریی عێراق ئەو دەستەواژەیە کە ئێمە هەموو عێراقییەکان، پێکەوە کۆدەکاتەوە و گرنگە کە پەلە بکرێت لە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە".
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی کازمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە شاندەکەی حکومەتی عێراقی راگەیاندووە کە دڵخۆشە بە سەردانەکە و ئامادەیی خۆیشی راگەیاندووە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، بەتایبەت چاوی لە "چارەسەری درێژخایەنە".
 
زیاتر بخوێنەوە

14:41

هاوپەیمانێتیی نەسر: دەبێت کازمی دۆسیەکانی نەوت و دەروازە سنوورییەکان و گومرگ بەپێی دەستوور یەکلایی بکاتەوە

حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ئیئتلافی نەسر
نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی ئیئتلافی نەسر رایگەیاند، دەبێت کازمی لەسەر بنەمایەکی دەستووری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێکبخات. ئەمەش لەکاتێکدایە کە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێک لە هەرێمی کوردستانە.

لە راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادیدا هاتووە "ئیئتلافی نەسر داواکارە لە سەرۆک وەزیران بەڕێز مستەفا کازمی کە پەیوەندییەکان بەشێوەیەکی جیددی رێکبخات لەنێوان بەغداد و هەرێمی کوردستاندا، و دەبێت ئەو پەیوەندییانە بەپێی دەستوور و یاسا جێگیربکرێن هاوشێوەی شوێنەکانی دیکەی عێراق".

ئیئتلافی نەسر پێیوایە کە دەبێت حکومەتی فیدراڵی دۆسیەی نەوت و دەروازە سنوورییەکان و گومرگ یەکلایی بکاتەوە و چاودێریی دارایی ئیتحادیی بچێتە نێو هەرێمی کوردستان بەمەبەستی وردبینیکردن لەپێناو مسۆگەرکردنی دادپەروەری، وەکو جێبەجێکردنێکی دەستوور".
 
زیاتر بخوێنەوە

13:58

راگەیێندراوی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مستەفا کازمی

پێشوازیی سەرۆک بارزانی لە مستەفا کازمی. وێنە: بارەگای بارزانی
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆک بارزانی لە هەولێر کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا کازمی جەختیکردووەتەوە هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکی و تەواوکەری عێراقە.
 
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ مستەفا کازمی گەیشتە هەولێر و یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بوو لە بارەگای بارزانی. دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوەو ئەوە خراوەتەڕوو، کە "دیدارەکە باسکردنی کۆی دۆخی گشتی سەر گۆڕەپانی نیشتمانی لە خۆگرت، لەگەڵ دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەی وڵات بەخۆوەی دەبینێت. هەروەها یەکخستنی هەڵوێستەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی، جیا لە دۆسێی هەڵبژاردنی پێشوەخت".
 
راگەیێندراوەکە کۆپییەکی بۆ رووداو نێردراوە تێیدا هاتووە، کازمی لە میانی دیدارەکەدا، جەختی لە پێویستی عێراق بە چاکسازی راستەقینە کردووەتەوە، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە پێویستە ئەوە ببێتە کاری نیشتمانی لەپێناو سەرخستنی وڵات بەسەر ئاڵنگارییەکانی ئێستادا. ئاماژەی بەوەداوە کە هاوئاهەنگی باڵا، لەسەر ئاستی هێزە چەکدارییەکان بە هەموو بەشەکانییەوە لەگەڵ پێشمەرگەدا، هاوکاربوو بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتن بەسەر داعشدا. 
 
کازمی باسی لە گرنگیی کامڵبوونی هەڵوێستەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە. دووپاتیکردەوە "هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکی و تەواوکەری عێراقە. دانووستاندن و دەستوور ئەو چەترەن کە دەستەبەری داهاتوویەکی ئارام، بۆ عێراقێکی یەکگرتوو و سەقامگیر دەکەن".
 
بڵاوکراوەکە دەڵێ، کازمی گوتوویەتی "ئێستا هەل بەردەستە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کاری عێراقی لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی پێگەی عێراق لەنێو گەلاندا".
 
زیاتر بخوێنەوە

13:03

كازمى سه‌ردانى خێزانى نادیە موراد و كه‌مپى ئاواره‌كان ده‌كات

پێشوازیکردن لە مستەفا کازمی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە. وێنە: نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
 
له‌میانه‌ی سه‌ر‌دانه‌كه‌یدا بۆ هه‌رێمى كوردستان، مسته‌فا كازمى، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی پارێزگای دهۆک دەکات و بڕیارە لەو پارێزگایە یەکەمجار سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بکات.
 
دواتریش مستەفا کازمی سەردانی کەمپی قادیایی کوردانی ئێزدی دەکات و یەکێک لەو خێزانە ئاوارانەی کە بەسەریدەکاتەوە، خێزانی نادیە موراد، رزگاربووی دەستی داعش و باڵیۆزی نیازپاکییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رووداوی راگەیاند، کازمی کاژێر 03:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەڕێگەی فڕۆکەیەکی سەربازییەوە دەچێتە سەنتەری شاری دهۆک، دواتر راستەوخۆ دەچێتە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل لە سنووری قەزای زاخۆ و لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی ئەو دەروازەیە کۆدەبێتەوە.
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، بڕیاربوو سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئامێدیش بکات، بەڵام بەهۆی نەبوونی فڕۆکەخانەی سەربازی، سەردانەکەی بۆ ئامێدی هەڵوەشاندووەتەوە.
 
حوزنی موراد، برای نادیە موراد بە رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا بە فەرمی کەس ئەوانی لە سەردانی کازمی بۆلایان ئاگادارنەکردووەتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

12:26

مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەدان

پێشوازیی مەسرور بارزانی لە مستەفا کازمی. وێنە: راگەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
 
بڕیارە دوای کۆبوونەوەکەیان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازبکەن.
 
زیاتر بخوێنەوە

12:24

قوباد تاڵەبانی بۆ رووداو: کۆبوونەوەکانمان لە بەغدا زۆر باش بوون

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران. وێنە: سەنگەر عەبدولڕەحمان - رووداو
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لە بەغدا بە "زۆر باش" وەسف دەکات.

قوباد تاڵەبانی سێشەممەی رابردوو بە سەرۆکایەتیی شاندێک، کە پێکهاتبوون لە وەزیری پلاندانان، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران چووە بەغدا و لەماوەی دوو رۆژدا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و وە‌زیرانی نە‌وت و دارایی و كارە‌بای عێراق کۆبووەوە.

ئەمڕۆ لەکاتی پێشوازیی لە مستەفا کازمی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەنگەر عەبدولرەحمان پرسیاری لێکرد، کە ئایا کۆبوونەوەکانیان لە بەغدا چۆن بوون و چ ئەنجامێک بەدەست هاتووە. لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداو گوتی "کۆبوونەوەکانمان زۆر باش بوون".

ئێوارەی رۆژی سێشەممە مستەفا کازمی و شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لە بەغدا کۆبوونەوە، بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لە هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوەتەوە.

سە‌بارە‌ت بە‌ ناوە‌ڕۆكی كۆبوونە‌وە‌كانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سە‌میر ھە‌ورامی، گوتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكوە‌زیرانی هەرێمی کوردستان رایگە‌یاند "كۆبوونە‌وە‌كان‌ ئە‌رێنی بوون، بە‌ وردی گفتوگۆ لە‌بارە‌ی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان كرا، بە‌تایبە‌ی پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان و چۆنێتیی جێگیركردنیان لە‌ پرۆژە‌ یاسای بودجە‌ی 2021 كە‌ ئێستا حكومە‌تی عێراقی لە ‌سە‌روبە‌ندی داڕشتنەوەیەتی".
 
بە گوتەی سەمیر هەورامی "كۆبوونە‌وە‌ی لیژنە‌ لاوە‌كییە‌كان بە‌ردە‌وامدە‌بن لە‌ بە‌غدا تاوەکو ئە‌وكاتە‌‌ی دە‌گە‌نە‌ میكانیزمێكی گونجاو، بە پشتبە‌ستن بە‌ دە‌ستوور، بە مەبەستی چارە‌سە‌ركردنی گرفتە‌ یاسایی و تە‌كنیكییە‌كان".
 
گوتەبێژی جێگری سە‌رۆكوە‌زیرانی هەرێمی کوردستان لە‌بارە‌ی رێككە‌وتن لە‌سە‌ر پرسە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان گوتی "قوباد تاڵە‌بانی لە‌ كۆبوونە‌وە‌كان ئامادە‌یی ھە‌رێمی نیشانداوە‌ بۆ رێككە‌وتن لە‌بارە‌ی پرسی داھاتی نە‌وت و دە‌روازە‌ سنوورییە‌كان و پرسی داھاتە نانەوتییەكانی دیکە".
 
زیاتر بخوێنەوە

12:18

مستەفا کازمی سبەی سەردانی سلێمانی دەکات

ساتی گەیشتنی مستەفا کازمی بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر. وێنە: نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، سبەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری سەردانی پارێزگای سلێمانی دەکەن.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی هەینی 11ی ئەیلوولی 2020 مستەفا کازمی، سەردانی سلێمانی دەکات و چەند کۆبوونەوە و دیدارێکی دەبێت، "سەرەتا لەگەڵ ئێمە (پارێزگاری سلێمانی) کۆدەبێتەوە و دواتریش چەند کۆبوونەوە و دیدارێکی دەبێت".
 
رۆژی پێنجشەممە 10ی ئەیلوولی 2020 مستەفا کازمی، بە یاوەریی شاندێک کە پێکهاتبوون لە وەزیرانی دەرەوە، بەرگری، نەوت، کۆچ و کۆچبەران و چەند بەرپرسێکی دیکە، گەیشتنە هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.
 
دوای 100 رۆژ لە دەستبەکاربوونی، ئەمە یەکەم سەردانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ هەرێمی کوردستان، بڕیارە لە دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان پرسی خاڵە سنوورییەکان، بودجە، مووچەی فەرمانبەران، نەوت و پرسە ئەمنییەکان لە ناوچە دابڕێندراوەکان و مەترسییە ئەمنییەکان لەو ناوچانە تاوتوێ بکەن.
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان ‏بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای تەواوبوونی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە هەولێر، سەردانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەکات. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، بڕیارە کازمی سەردانی هەڵەبجەش بکات.
 
زیاتر بخوێنەوە

12:10

کاکەمین نەجار: کازمی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا جیددیترە

کاکەمین نەجار، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
کاکەمین نەجار، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
 
کاکەمین نەجار، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی سەردانی کازمی بۆ هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و رەوشی عێراق، میوانی بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تەلەڤزیۆنی رووداو بوو. پێیوایە کازمی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان جیددیترە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: دوای گفتوگۆکانی شاندی کوردستان لە دوو رۆژی رابردوو لە بەغدا ، هاتنی کازمی بۆ هەولێر چ کاریگەرییەکی لەسەر گفتوگۆکان دەبێ؟
 
کاکەمین نەجار: هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی یاسایی و دەستوورییە و لە چوارچێوەی عێراقدایە، بۆیە پێویست دەکات جەنابیان سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لە هەولێر لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە هەن.
 
بە دڵنیاییەوە کۆمەڵێک کێشە هەن کە پێویستیان بە گفتوگۆ و چارەسەر هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، هاتنەکەشیان بە شتێکی گرنگ دەزانم و پێویستیش بوو لەوکاتەدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
 
رووداو: پەیوەندییەکانی سەرکردایەتی کورد لەگەڵ کازمی باشە، بۆچی لە کاتی دەستبەکاربوونییەوە تاوەکو ئێستا کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر نەکراون؟
 
کاکەمین نەجار: ئەوەی من دەیبینم کازمی دەتوانم بڵێم لەوانەی پێشووتر رەنگە جیددیتربێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، کێشەکانی نێوان بەغداو هەرێمیش زیاتر پرسی دەستوورین، دەستوورێک هەیە کە ئێمە و بەغدا بە یەکەوە گرێدەدات، ئەو ماددە دەستوورییانەی کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە دەتوانم بڵێم تاوەکو ئێستا هیچیان جێبەجێ نەکراون، بەڵام سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەغداو سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغداو سەردانی کازمی بۆ هەرێمی کوردستان هەموویان گرنگن. ئاسۆیەکی روونیش هەیە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر ببن.
 
رووداو: ئەگەر مستەفا کازمی لە سەرۆکوەزیرانەکانی دیکە جیددیترە، بۆچی تاوەکو ئێستا کێشەکان چارەسەرنەکراون؟ هیچ هەنگاوێکی جیددیتان لەلایەن کازمیەوە بینیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان؟
 
کاکەمین نەجار: لە رووی هەنگاوی پراکتیکییەوە، دەتوانم بڵێم نەهاتووەتە بواری جێبەجێکردن، بەڵام دانوستاندن لەنێوان ئێمە و بەغدا، ئەو شاندەی کە سەردانی بەغدایان کردووە، چەندینجار پێشڤەچوونی باش هەبووە. شاندێکی دیکەمان هەیە لەسەر ئاستی سیاسی لەسەر ناوچەکانی ماددەی 140 ئەوانیش باش بەرەوپێش چوون و دەتوانم بڵێم لە کۆتایین.
 
وەک هەموو لایەکیش ئەوە دەزانێت کە ئێمە لەگەڵ بەغدا کۆمەڵێک کێشەمان هەیە و پێویستیان بە گفتوگۆیەکی جیددی هەیە بۆ چارەسەرکردنیان، لەوانە ماددەی 140، کە پەیوەستە بەو ناوچانەی کێشە لەسەرن لە شنگالەوە تاوەکو دەگاتە خانەقین. تاوەکو ئێستا ئاوارەکانی شنگال و کەرکووک لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی ئاوارەن، ئەمانە هەمووی پێویستی بە دانوستاندن و چارەسەری جیددی هەیە. هاوکات کێشەی دیکەشمان هەیە، وەکو بودجە لەگەڵ بەغدا.
 
رووداو: لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی دەکەونە ماددەی 140 کێشەکانی قووڵتر بووەتەوە، پێتانوایە ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کاریگەری ئەرێنی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە جێناکۆکەکان دروست بکات؟
 
کاکەمین نەجار: بە دڵنیاییەوە کاریگەری باشی دەبێت، بەڵام مەرج نییە کێشەکان بە سەردانێک چارەسەر ببن، ئەو کێشانە پێویستیان بە دانیشتن و سەردانی شاندی هەردوولا هەیە. کێشەکان هەر ئەوەندە نین بە ئاسانی چارەسەر بکرێن، من دەڵێم وەکو کێشە رەنگە زۆر کێشە نەبێت لەنێوانمان، بەڵکو کارکردنە. بۆ نموونە ماددەی 140 ماددەیەکی دەستوورییە بەڵام هیچ کارێکی بۆ نەکراوە، بۆیە دەبێت کار لەسەر ئەو ماددەیە بکرێت. تاوەکو ئێستا لە ناوچەکانی سەرگەڕان و هەندێک شوێنی دیکەی کەرکووک کێشەی بە عەرەبکردن بەردەوامە، ئەمانە دەبێت رابگیرێن. پاشان کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە گرنگە چارەسەر بکرێت. ئەوەی ئێستا کراوە، کاتییە و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵە، بەڵام دەبێت بودجەی هەرێمی کوردستان بخرێتە نێو بودجەی 2021 عێراق. هاوکات دەبێت چارەسەری پرسی پێشمەرگە بکرێت کە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق.
 
رووداو: لەسەر بابەتی پرۆژە بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق، کورد داوای چی دەکات بۆ ئەوەی پشکی جێگیر بێت، بۆ ئەوەی بەپێی یاسا بەغدا ناچاربکرێت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان؟
 
کاکەمین نەجار: کورد داوای شایستەی خۆی دەکات، پێشتر کورد شایستەی 17٪ی وەرگرتووە، ئێستاش داوای ئەو 17٪ دەکات، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان زیاترە لە 17٪، بەڵام ئەوان دەڵێن کەمترە. دەبوو ماددەی 140 بە سێ قۆناخ چارەسەر بکرێت، دەبوو سەرژمێری لە هەموو عێراق کرابا بۆ ئەوەی بزانرێت شایستەی هەرێمی کوردستان چەندە. ئێمە داوای شتێک ناکەین لە دەرەوەی دەستوور، کورد بە دەستوور رازییە.
 
رووداو: سەردانی کازمی لە سەردانی سەرۆکوەزیرانەکانی پێش خۆی جیاوازە، چونکە سەردانی زاخۆش دەکات بۆ دەروازەی سنووری، مەبەستی کازمی چییە لە سەردانی دەروازە سنوورییەکان؟
 
کاکەمین نەجار: رەنگە سەردانەکەی جیاوازبێت لە سەردانی ئەوانەی دیکەو کاتی زیاتری بۆخۆی داناوە، سەردانی زاخۆ بکات، سەردانی هەولێر و سلێمانی بکات. دەیەوێت چاودێرییەک بکات و باشتر دۆخی ناوچەکە شارەزابێت و باشتر بیخوێنێتەوە، شتێکی باشیشە خراپ نییە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و بەرپرسانی ئێرە دابنیشێت و بەچاوی خۆی هەندێک شت ببینێت، ئەمە باشتر بۆ ئەوەی بەرچاوی روونبێت لە گفتوگۆکان باشتر دەتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن. ئێمە پێمانباشە ئەو سەردانانە و بە شتێکی ئیجابی دەنرخێنین.
 
رووداو: زۆر جار باس لەوە دەکرێ کە کازمی لە ژێر گوشاری لایەنەن شیعییەکانە، پێتانوایە ئەمە ئاستەنگ دروستبکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەولێر؟
 
کاکەمین نەجار: لەبەر ئەوەی لە عێراق کۆمەڵێک حیزب و لایەنی سیاسی و جەمسەر هەن، کە چەکداریشن بە دڵنیاییەوە کاریگەری خۆیان هەیە، کاریگەرییان لەسەر دۆخی سیاسی عێراق بە گشتی هەیە و کاریگەرییان لەسەر سەرۆکوەزیرانیش هەیە. بەڵام ئەوەشمان لەبیر نەچێت سەرۆکوەزیرانی عێراق ئێستا هەم لەلایەن هەرێمی کوردستان و هەم لەلای ئەمریکیەکان پشتیوانی لێدەکرێت، هاوکات پشتیوانییەکی نێودەوڵەتیشی هەیە، بۆ ئەوەی دۆخی عێراق دەرباز بکەن لەو قەیرانەی کە هەیە. عێراق پێویستی بە خزمەتگوزاری زۆر هەیە، پێویستی بە چاککردنی تەندروستی خەڵک هەیە، پێویستی بە چاککردنی دۆخی ئابووری هەیە و پێویستی بەوە هەیە خزمەتگوزاری پێشکەش بە شارەکانی عێراق بکرێت، پێویستی بە خۆ رێکخستنەوە هەیە بۆ شەڕی داعش، کە تاوەکو ئێستا داعش کۆتایی نەهاتووە و مەترسی لەسەر عێراق هەر ماوە.
 
رووداو: هەولێر بۆ خۆی چەند ئامادەیە ئەو گوشارە لەسەر کازمی کەمبکاتەوە و کێشەکانی لەگەڵ چارەسەر بکات؟
 
کاکەمین نەجار: هەرێمی کوردستان گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی یاسایی و دەستوورییە، لە رووی جوگرافی پێکهاتەی ناوچەکە گرنگی هەیە، پێکهاتەیەکی نەتەوەیی هەیە، جگە لەوەش هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی نێودەوڵەتی گەورەی هەیە، بە تایبەتی لە شەڕی داعش لێرە سەرکردایەتی شەڕی داعش دەکات، 2 ملیۆن ئاوارە روویان لە هەرێمی کوردستان کردو هەموویان خزمەتگوزارییان پێشکەش کراوە و لەباوەش گیراون. هەرێمی کوردستان سەنگ و پێگەی خۆی هەیە. بە دڵنیاییەوە بۆ کازمی باشترە ئەگەر پشتگیری هەرێمی کوردستانی لەپشت بێت.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:14

مستەفا کازمی و سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە

کۆبوونەوەی مستەفا کازمی و سەرۆک بارزانی. وێنە: بارەگای بارزانی
دوای گەیشتنی بۆ هەولێر، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆک بارزانی لە بارەگای بارزانی کۆبوونەوە.

بڕیارە مستەفا کازمی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
 

 

زیاتر بخوێنەوە

11:06

مستەفا کازمی سەردانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەکات

دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، سەردانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەکات. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداویش، بڕیارە سەردانی گوندێکی ئەنفالکراوان لە ئامێدی بکات، هەروەها سەردانی پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانییش دەکات.
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان ‏بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای تەواوبوونی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە هەولێر، سەردانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەکات؛ هاوکات بڕیارە سەردانی سلێمانیش بکات.
 
لەبارەی سەردانەکەی مستە کازمی، هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئامانجی سەردانەکەی کازمی رێککەوتنە لەسەر دەروازەکانی هەرێمی کوردستان"، دەشڵێت، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی "یەکێک لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات".
 
رۆژی سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2020 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لە بەغدا کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، کازمی لەو کۆبوونەوەیەدا جەختیکردووەتەوە لە هاوئاهەنگیی تەواو لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا. هەروەها تاوتوێی ئەو ئاڵنگارییانە کراوە کە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.
 
شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەرانەکەیدا بۆ بەغدا یەكەم كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی باڵای حكومەتی فیدراڵ بە سەرۆكایەتی عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی و جێگری سەرۆكوەزیران کرد.
 
سە‌میر ھە‌ورامی، گوتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكی حكومە‌تی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەپاش گەیشتنیان بۆ بەغدا، یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی هەردوو شاندی حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی عێراق لەبارە‌ی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان بە‌ڕێوە‌چوو، بە‌تایبە‌تی پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی کوردستان و چۆنێتی جێگیركردنیان لە‌ پرۆژە‌یاسای بودجە‌ی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021. 
 
گوتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكی حكومە‌تی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەی تایبەتمەند و لاوەكی دروستبكرێن بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان لەبارەی پرسەكانی نەوت و گاز، شایستە داراییەكان، كارەبا، دەروازە سنوورییەكان و قەرزەكان. چاوەڕوان دەكرێت ئەو لیژنانە ئەنجامی بەدواداچوون و گفتوگۆكانیان لەبەر رۆشنایی بڕگە و ماددە‌‌كانی دەستووری عێراق بخەنە بەردەستی شاندی باڵای هەردوولا بۆئە‌وە‌ی رێككە‌وتنیان لە‌بارە‌وە‌ بكرێت.
 
سەمیر هەورامی ئاماژەی بەوەش کرد "حكومە‌تی ھە‌رێمی کوردستان ئامادە‌یی دە‌ربڕیوە‌ بۆ رێككە‌وتن لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق سە‌بارە‌ت بە‌ پرسی داھاتی نە‌وتی و نانە‌وتی و دە‌روازە‌ سنوورییە‌كان".
زیاتر بخوێنەوە

11:03

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات

پێشوازیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. وێنە: راگەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی ئەیلوولی 2020 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکوەزیران، لە فڕۆکەخانەی هەولێر پێشوازییان لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی هاوڕێی کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شاندی حکومەتی فیدراڵی پێکهاتوون لە وەزیرانی دەرەوە، بەرگری، نەوت، کۆچ و کۆچبەران و چەندین بەرپرسی دیکەی حکومەتی فیدراڵی.
 
 
سەنگەر عەبدولڕەحمان وردەکاریی کارنامەی سەردانەکەی کازمی و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی باسدەکات. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەردوو سەرۆکوەزیران لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان رێککەوتوون، لەوانە نەوت، مووچە و دەروازە سنوورییەکان، بەڵام هەندێک وردەکاریی ماون کە دەدرێنە لیژنە تایبەتەکان.
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هەولێر و بەغدا رێککەوتوون و تەنیا هەندێک وردەکاری ماون.
 

زیاتر بخوێنەوە

10:04

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەرێمی کوردستانە

ساتی گەیشتنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە هەولێر و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. پەیامنێری رووداو رایگەیاند، بڕیارە کازمی بچێتە زاخۆ و سبەینێش دەچێتە سلێمانی.
 
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، مستەفا کازمی لە بارەگای بارزانی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە و دواتریش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
 
دوای 100 رۆژ لە دەستبەکاربوونی، ئەمە یەکەم سەردانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ هەرێمی کوردستان، بڕیارە لە دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان پرسی خاڵە سنوورییەکان، بودجە، مووچەی فەرمانبەران، نەوت و پرسە ئەمنییەکان لە ناوچە دابڕێندراوەکان و مەترسییە ئەمنییەکان لەو ناوچانە تاوتوێ بکەن.

 

 
ئەم سەردانەی کازمی دوای ئەوە دێت، كۆبوونە‌وە‌ی شاندی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێمی کوردستان بە ‌سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، لە‌گە‌ڵ وە‌زیرانی نە‌وت و دارایی و كارە‌بای عێراق ئێوارە‌ی رۆژی چوارشەممە کۆتاییهات و هەر دوێنێش شاندەکە گەڕایەوە.

جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە  تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئامانجی سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ هەرێمی کوردستان چوار خاڵە: یەکەم، بەستنەوەی دەروازە سنوورییەکانی کوردستانە بە دەروازە فیدراڵییەکانی عێراق؛ دووەم، ناردنی پەیامێکە بۆ شیعەکان کەوا حکومەتی فیدراڵ تەنیا دەروازەکانی ناوەڕاست و باشووری کۆنترۆڵ نەکردووە؛ سێیەم، نەهێشتنی ناڕەزایەتییەکانە بەرامبەر ناردنی 320 ملیار دینار مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان و چوارەم، رەخساندنی زەمینەیە بۆ رێککەوتنی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لەسەر بودجەی فیدراڵی 2021".

دیارترین خاڵەکانی دوا رێککەوتنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق، کە لە 15ـی ئابی رابردوو واژۆکرا، بریتییە لەوەی "حکومەتی عێراق مانگانە 320 ملیار دینار بۆ هەریەک لە مانگەکانی ئاب، ئەیلوول و تشرینی یەکەمی 2020 بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت "ئەنجامی ئەو رێککەوتنە ئەوەیە، کە دەوڵەت لە بەرامبەر هاووڵاتییانی کورد بەرپرسیارە".

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا، رایگەیاند "خاڵەکانی دوایین رێککەوتن لەنێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەنجامەکەی ئەوەیە، دەوڵەت لە بەرامبەر هاووڵاتییانی کورد بەرپرسیارە، ئەو رێککەوتنە بەند و مەرجی تێدایە و دەبێ هەرێمی کوردستان پابەندی بەڵێن و بەندەکانی رێککەوتنەکە و دەستوور بێ، پابەندبێ بە بابەتی نەوت و داهاتی دیکە، لەوانەش دەروازەکان، ئەمە رێککەوتنێکی قۆناخییە تاوەکو بودجەی 2021 پەسەند دەکرێت".

لە بەشێکی دیکەی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا هاتووە "گومرگ و رێکارەکان لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەروازەکانی حکومەتی فیدراڵ یەکدەخرێن و داهاتی ناوخۆ و نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ خۆی دەبێت، بەڵام هەرێمی کوردستان 50%ـی داهاتی دەروازەکانی دەداتە حکومەتی فیدراڵ، هاوکات پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021 بەپێی دەستوور، رێژەی دانیشتووان، داهاتی نەوت و نانەوتیی هەرێمی کوردستان دەبێت".
 
 

 

زیاتر بخوێنەوە