قوباد تاڵەبانی بۆ رووداو: کۆبوونەوەکانمان لە بەغدا زۆر باش بوون

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لە بەغدا بە "زۆر باش" وەسف دەکات.

قوباد تاڵەبانی سێشەممەی رابردوو بە سەرۆکایەتیی شاندێک، کە پێکهاتبوون لە وەزیری پلاندانان، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران چووە بەغدا و لەماوەی دوو رۆژدا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و وە‌زیرانی نە‌وت و دارایی و كارە‌بای عێراق کۆبووەوە.

ئەمڕۆ لەکاتی پێشوازیی لە مستەفا کازمی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەنگەر عەبدولرەحمان پرسیاری لێکرد، کە ئایا کۆبوونەوەکانیان لە بەغدا چۆن بوون و چ ئەنجامێک بەدەست هاتووە. لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداو گوتی "کۆبوونەوەکانمان زۆر باش بوون".

ئێوارەی رۆژی سێشەممە مستەفا کازمی و شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لە بەغدا کۆبوونەوە، بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لە هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوەتەوە.

سە‌بارە‌ت بە‌ ناوە‌ڕۆكی كۆبوونە‌وە‌كانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سە‌میر ھە‌ورامی، گوتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكوە‌زیرانی هەرێمی کوردستان رایگە‌یاند "كۆبوونە‌وە‌كان‌ ئە‌رێنی بوون، بە‌ وردی گفتوگۆ لە‌بارە‌ی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان كرا، بە‌تایبە‌ی پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان و چۆنێتیی جێگیركردنیان لە‌ پرۆژە‌ یاسای بودجە‌ی 2021 كە‌ ئێستا حكومە‌تی عێراقی لە ‌سە‌روبە‌ندی داڕشتنەوەیەتی".
 
بە گوتەی سەمیر هەورامی "كۆبوونە‌وە‌ی لیژنە‌ لاوە‌كییە‌كان بە‌ردە‌وامدە‌بن لە‌ بە‌غدا تاوەکو ئە‌وكاتە‌‌ی دە‌گە‌نە‌ میكانیزمێكی گونجاو، بە پشتبە‌ستن بە‌ دە‌ستوور، بە مەبەستی چارە‌سە‌ركردنی گرفتە‌ یاسایی و تە‌كنیكییە‌كان".
 
گوتەبێژی جێگری سە‌رۆكوە‌زیرانی هەرێمی کوردستان لە‌بارە‌ی رێككە‌وتن لە‌سە‌ر پرسە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان گوتی "قوباد تاڵە‌بانی لە‌ كۆبوونە‌وە‌كان ئامادە‌یی ھە‌رێمی نیشانداوە‌ بۆ رێككە‌وتن لە‌بارە‌ی پرسی داھاتی نە‌وت و دە‌روازە‌ سنوورییە‌كان و پرسی داھاتە نانەوتییەكانی دیکە".