هەڤاڵ ئەبوبەکر: کازمی تاجەگوڵینەی رێز بۆ شەهیدانی هەڵەبجە دادەنێت


رووداو دیجیتاڵ 

دوای زیاتر لە چوار مانگ لە دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە فڕۆکەیەکی سەربازی سەردانی هەولێری کرد. کازمی لەلایەن سەرۆکوەزیران، هەردوو جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیران و چەند بەرپرسێکی دیکەوە پێشوازی لێکرا.
 
یەکەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بوو؛ دواتر لەگەڵ مەسرور بارزانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێکرد و سبەینێش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. 
 
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "بە داوەتی نێچیرڤان بارزانی، سبەی هەموو شاندەکە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران میوانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێ بۆ نانی بەیانی. بەدڵنیاییەوە گفتوگۆی چڕ دەکرێ سەبارەت بە هەموو پرسەکان". 
 
شاندە یاوەرەکەی کازمی پێکهاتوون لە وەزیرانی دەرەوە، بەرگری، نەوت، کۆچ و کۆچبەران و چەندین بەرپرسی دیکەی حکومی.
مستەفا کازمی سەردانی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل و کامپی قادیای لە دهۆک کرد و سبەینێش سەردانی پارێزگای سلێمانی دەکات.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، مستەفا کازمی لە سلێمانی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و حکومەتی خۆجێی سلێمانی و سەرۆککۆماری عێراق کۆدەبێتەوە. "دواتر سەردانی هەڵەبجە دەکات و تاجەگوڵینەی رێز لەسەر مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە دادەنێت". 
 
ئەم سەردانەی کازمی لەکاتێکدایە، کەشێکی ئەرێنی لە کۆبوونەوەکانی نێوان شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی عێراق هاتووەتە ئاراوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بە‌غدا.