كێ 120 كەسەكەی تاڵەبانی دەباتە نێو هۆڵی كۆنگرە؟

رووداو- سلێمانی 

یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە دوایین كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا رۆژی حەوتی كانوونی یەكەمی ئەمساڵی دیاریكرد بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەم. ئێستا یەكلاكردنەوەی ئەندامانی كۆنگرە بووەتە مژاری ئەو حیزبە. ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێ: "لەو پارێزگایانەی دەنگی یەكێتی زۆرترن تێیدا، ئەندامی زۆرتر دەچێتە نێو كۆنگرە".
 
مانگێك لەمەوبەر، مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی لەگەڵ مەڵبەندەكانی ئەو حیزبە زنجیرەیەك كۆبوونەوەی ساز كرد. ئەگەرچی داوا كرابوو رۆژی 21/11/2019 كە رۆژی شەهیدی یەكێتییە كۆنگرە بكرێ‌، بەڵام لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی لە رۆژی 7/9/2019 لە سلێمانی، بڕیار درا دوای سێ‌ مانگی دیكە كۆنگرە ببەسترێ.
 
هەر لە ئێستاوە باڵەكانی یەكێتی كار لەسەر ئەوە دەكەن كە زۆرترین ئەندامیان لەنێو هۆڵی كۆنگرە هەبێت.
 
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێ، هێشتا میكانیزمی دیاریكردنی ئەندامانی كۆنگرە دیار نییە "بەڵام بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ هەر لە ئێستاوە بەشێك لە ئەندامانی كۆنگرە دیارن". 
 
وەك فەرید ئەسەسەرد باسی دەكات "دەبێت 1000 كەس بچنە نێو كۆنگرەی چوارەم، ئەوانەش دەبێت بگونجێنرێن لەگەڵ پشكی ناوچەكان و مەڵبەندەكانی یەكێتی، ئەوەش رێوشوێنێكی هونەرییە و نابێتە كێشەی بەردەم پرۆسەی ئامادەكاری، چونكە ئەوەی كێشە بوو، رۆژی بەستنی كۆنگرە بوو، ئەویش چارەسەر كرا". 
 
وەك ئەسەسەرد گوتی، پارێزگای سلێمانی بەو پێیەی زۆرترین ئەندام و دەنگدەری یەكێتی لێیە، ئەندامی لە هەر پارێزگایەك زۆرتر دەبێت.
 
یەكێكی دیكە لە كێشەكانی سەركردەكانی یەكێتی شێوازی كۆنگرەكە بوو. لە كۆنگرەی سێیەمدا، تاڵەبانی لەگەڵ ئەوەبوو كۆنگرەیەكی تەوافوقی بكرێ‌، بۆ ئەوەی هیچ باڵێكی یەكێتی هەست بە بەشخوراوی نەكات. بەڵام بافڵ تاڵەبانی، هەرجۆرە رێككەوتنێكی پێشوەختەی لەوجۆرە رەتدەكاتەوە و پێشتر لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك ئەندامی گرووپی بەستنی كۆنگرە رایگەیاندبوو "كۆنگرەی راستەقینە و بێ تەوافوق دەبەستین".
 
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە مشتومڕە نێوخۆییەكانی یەكێتی باسی دوایین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی كرد بۆ دیاریكردنی رۆژی كۆنگرە و گوتی: "لەو كۆبوونەوەیەش هەندێك لە بەشداربووان باسیان لە پێویستیی رێككەوتن كرد بۆ ئەوەی هیچ لایەك بە كێشەوە لە كۆنگرە نەیەنە دەرەوە، بەڵام دواجار رێككەوتن لەسەر ئەوەی ئەو پرسە هەڵبگرن بۆ لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە".
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، باڵەكان هێشتا بۆخۆشیان نازانن ئەوە چۆن دەبێت و بە چ بارێكدا دەكەوێت "بەڵام ئێستا كاك كۆسرەت داوای ئەوە دەكات وەك كەسی یەكەمی یەكێتی بمێنێتەوە و بەرهەم ساڵحیش چاوی لەوەیە، چونكە ئەو دوو كەسە هەموو پۆستەكانیان تاقی كردووەتەوە و بە كەمتر لە سكرتێری رازی نابن. بەڵام بافڵ تاڵەبانی لەو چوار ساڵەدا نایەوێت ببێتە سكرتێر، چونكە نایەوێت دەوروبەرەكەی لەدەستبدات و دەشزانێ كەسێكی نزیك لەخۆی ئەو پۆستە وەربگرێت، مانای وایە بۆ خۆی سكرتێرە".
 
بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامی نێوخۆی یەكێتی، زیاتر لە 500 كەس لە ئەندامانی كۆنگرە وەك ئەندامانی مسۆگەرن. ئەوانیش: ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، سەركردایەتی، ئەنجوومەنی ناوەند و پەرلەمانتارانی یەكێتی، تێكۆشەرە دێرینەكان و ئەندامانی پێشووی سەركردایەتی. بەڵام جگە لەوانە، هەر پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دەسەڵاتی ئەوەی داوەتە سكرتێری گشتی كە 120 كەس سەربخات بۆ كۆنگرە، ئاخۆ دوای تاڵەبانی، ئەو دەسەڵاتە لەدەستی كێدایە؟
 
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێ: "ئەو 120 كەسە بووەتە بابەتێكی گرنگ كە دەبێت یەكلایی بكرێتەوە، چونكە كاك كۆسرەت ناتوانێ ئەوانە سەربخات، هەربۆیە چەند پێشنیازێك هەن، بۆچوونێك دەڵێ دابەش بكرێن بەسەر ئەندامانی مەكتەبی سیاسیدا و بۆچوونێكی دیكە داوا دەكات وەك پشكی ئۆرگانە جیاوازەكانی یەكێتی دابەش بكرێن".
دەبوو لە مانگی ئاداری 2013، یەكێتی چوارەمین كۆنگرەی خۆی ببەستێ‌، بەڵام لەبری كۆنگرە لە 10/10/2013 پلینیۆمی كرد و دواتر بڕیار بوو لە 7/3/2018 كۆنگرە ببەستێ‌، بەڵام بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كۆنگرەكە نەكرا. 
 
جەمیل هەورامی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێ "ئەو ناوانەی دەمێننەوە، بە هەڵبژاردنی كۆمیتە و مەڵبەندەكان دەبێت و بەشێك لە ئامادەكارییەكانیش پەیڕەوی ناوخۆ دیاری كردووە".
ئەو كادرانەی یەكێتی كە ببوونە هێزی گوشار بەسەر حیزبەكەیانەوە بۆ بەستنی كۆنگرە، تەنیا بە بەستنی كۆنگرە رازی نابن و گۆڕانكارییان دەوێ لەنێو یەكێتیدا بۆ چوار ساڵی داهاتوو. ژوان ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی دەڵێ: "یەكێتی لەدوای مام جەلالەوە نە پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنەكان پەیوەندی دروستن و نە بەڕێوەبردنی یەكێتیش باش بووە. دەبێت یەكێتی بخرێتەوە سەر سكەی دروستی خۆی".
 
ئەو كادیرەی یەكێتی دژی سیستمی هاوسەرۆكییە بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی و دەڵێت: "دەبێت كەسێك كەسی یەكەم بێت و ئیشوكارەكان بەشێوەیەكی راستەقینەی حیزبییانە بەڕێوەببرێن".