بارزانی: نابێت جیاوازی بیروڕا ببێتە هۆی پەرتەوازەیی

10-09-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن بارزانی
A+ A-

رووداو- هەولێر

بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا و چوار ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیللول مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا شۆڕشی ئەیللولی بە گەورە شۆڕشی هەڵگیرسان لەدژی زوڵم چەوساندنەوە وەسفکردوو، ئاماژەی بەوەکرد شۆڕشی ئەیلوول ئیلهامبەخشی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بووەو لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم هەتا ئێستا، بناخەی ئەو دەستكەوتانەی ئێستایە كە بە خوێن و فرمێسكی گەلەكەمان هاتووەتەدی.

بارزانی ئاماژە بە سەرکەوتنەکەکانی پێشمەرگەش دەکات و دەڵێت :" لە كاتێكدا یادی ئەو شۆڕشە مەزنە دەكەینەوە كە گەلی كوردستان لەبەردەم دەرفەتی بەهادار و لە هەمانكاتیشدا هەڕەشەی زۆر گەورەیە. بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و بە گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكانمان هەنگاوی زۆر مەزن هاوێشتراوە و دەكرێ سەركەوتنی یەكجارەكی تۆمار بكرێت و كۆتایی بە نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان بهێندرێت و بە سەربەستی و ئازادی بژیین. ئەو فرەلایەنی و ئازادییەی لە كوردستاندا هەیە لەسایەی خوێنی شەهیدان هاتووەتە دی. باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان ئەوەیە جیاوازی بیروڕا و فرەلایەنی سیاسی بخرێتە خزمەت پتەوكردنی نیشتیمان و سەربەخۆیی و پێكەوەژیان و ئاشتی"

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بارزانی ئاماژە بەوەدەکات، کە دەبێ لە شۆڕشی ئەیلوول فێربین کە هەموو گەلی كوردستان و هێزە تێكۆشەرەكانیان چارەنووس و دۆز و بەرژەوەندی باڵای هاوبەش بەیەكەوەیان دەبەستێتەوە و یەكبوونمان مەرجی سەركەوتنی گەلەكەمانە و نابێ كارێكی وا بكرێت دەرفەتەكان لە كیس بچن.

پەیامی مەسعود بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول

پەنجا و چوار ساڵ بەسەر هەڵگیرساندنی گەورەترین شۆڕشی گەلی كوردستان لەدژی زوڵم چەوساندنەوەدا تێدەپەڕێ كە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە. شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێكی سەرتاسەری گەلی كوردستان بوو كە هەموو شوێن و گوند و شارێكی كوردستانی گرتەوە. شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ئەو بڕوابەخۆبوونەی لە ناخی هەموو تاكێكی كوردستانی دروست كرد كە خاوەنی ناسنامە و مافە و دەبێ داوای بكات و لەبەرانبەر داگیركاری و ناهەقیدا بوەستێتەوە. بۆ یەكەمجار لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان لەو شۆڕشەدا بوو كە جوتیار و مامۆستا و هونەرمەند و هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بەشداری خەباتی نەتەوایەتی و دیموكراسیخوازی گەلەكەیان بوون و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستانیش شانبەشانی كورد لەژێر سەركردایەتێكی هاوبەش لەدژی ستەم و داگیركاری خەباتیان كرد. شۆڕشی ئەیللول ئەوەی بە دوژمن و ناحەزان گوت كە تێكڕای گەلی كوردستان خاوەنی یەك قەزیەیەی هاوبەشە و خەباتەكەشی لە ناوچەیەكی دیاریكراودا كورت نابێتەوە.

شۆڕشی ئەیلوول ئیلهامبەخشی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بوو لە نێوەی دووەمی سەدەی بیستەم هەتا ئێستا و، بناخەی ئەو دەستكەوتانەی ئێستایە كە بە خوێن و فرمێسكی گەلەكەمان هاتووەتەدی.

لە كاتێكدا یادی ئەو شۆڕشە مەزنە دەكەینەوە كە گەلی كوردستان لەبەردەم دەرفەتی بەهادار و لە هەمانكاتیشدا هەڕەشەی زۆر گەورەیە. بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و بە گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكانمان هەنگاوی زۆر مەزن هاوێشتراوە و دەكرێ سەركەوتنی یەكجارەكی تۆمار بكرێت و كۆتایی بە نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان بهێندرێت و بە سەربەستی و ئازادی بژیین. ئەو فرەلایەنی و ئازادییەی لە كوردستاندا هەیە لەسایەی خوێنی شەهیدان هاتووەتە دی. باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان ئەوەیە جیاوازی بیروڕا و فرەلایەنی سیاسی بخرێتە خزمەت پتەوكردنی نیشتیمان و سەربەخۆیی و پێكەوەژیان و ئاشتی. پەرتەوازەیی و خوڵقاندنی قەیران و یەكترشكاندن هیچ سوودێكی بۆ دیموكراسی و بەهێزكردنی كوردستان نابێت و بە پێچەوانەوە كوردستان دەخاتە هەڵوێستێكی لاواز و دەرگە بۆ هەڕەشەی تر دەكاتەوە و دەستكەوتەكانی گەلەكەمانیش دەكەونە ژێر مەترسی.

لەكاتی ئێستادا گەورەترین وانە كە دەبێ لە شۆڕشی ئەیلوول فێر بین ئەوەیە كە هەموو گەلی كوردستان و هێزە تێكۆشەرەكانیان چارەنووس و دۆز و بەرژەوەندی باڵای هاوبەش بەیەكەوەیان دەبەستێتەوە و یەكبوونمان مەرجی سەركەوتنی گەلەكەمانە و نابێ كارێكی وا بكرێت دەرفەتەكان لە كیس بچن.

لەو یادە مەزنەدا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شەڕی دژی تیرۆریستان و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی گەلەكەمان دەنێرین. سڵاوی گه‌رم ده‌نێرم بۆ هه‌موو ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ی كه‌ به‌شداربوون له‌ شۆڕشی ئه‌یلوول و مێژوویان بۆ گەلی كوردستان دورست كرد. هیوای دوا ڕۆژی گەش بۆ گەلی كوردستان دەخوازم. ئومێد دەكەم هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان وزە و تواناكانیان بۆ بەرژەوەندیی و سەربەرزیی گەلی كوردستان تەرخان بكەن.

بژی كوردستان

نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە