پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران
رووداو دیجیتاڵ
بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمشەو لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند ئەمشەو (10-8-2024) نۆ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە پێکهاتوون لە پێنج ئەندامانی یەکێتی، ئەندامێکی کریستیان و سێ ئەندامی عەرەب، کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کرا، رێبوار تەها، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە پارێزگار و محەممەد حافز، بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران، ئەمە بەپێی ئەو زانیارییانەی لەنێو کۆبوونەوەکەوە بە پەیامنێری رووداو گەیشتوون.
ئەو ئەندامە عەرەبانەی لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوون پێکهاتوون لە؛ رەعد ساڵح، محەممەد حافز و زاهر عاسی.
هەروەها بەپێی زانیارییەکانی هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک هەڵوێستی بەرەی تورکمانی هەمان هەڵوێستی ئێوارەی ئەمڕۆیانە، کە زۆر بە تووندی دژی ئەو کۆبوونەوەیە بوون.
هەردی محەممەد دەڵێ "ئێمە پێشتریش لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی قسەمان کرد، ئەوان باسیان لەوە کرد هیچ لۆژیکێک لەوەدا نییە بەرەی تورکمانی بە دوو کورسییەوە داوای پۆستی پارێزگار بکات."
هەر بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرەکەی رووداو "پۆستەکانی بەرەی تورکمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئیدارەی پارێزگا بە بەتاڵی دەهێڵرێنەوە تاوەکو ئەوکاتەی دەچنە نێو دانووستاندنەکانەوە."
ئەمشەو لەدوای کۆبوونەوەکە رەیان کلدانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی بابلیوون لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بە فەرمی پیرۆزبایی لە خەڵکی کەرکووک کرد ''بەبۆنەی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا."
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رێبوار تەها لە فراکسیۆنی یەکێتی 29 هەزار و 861 دەنگی بەدەستهێنابوو، هەروەها محەممەد حافز 8 هەزار و 666 دەنگی بەدەستهێنابوو.
پرۆفایلی رێبوار تەها مستەفا ئەحمەد:
- ساڵی 1981 لە گەڕەکی ئازادیی شاری کەرکووک لەدایکبووە.
- خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە کەرکووک تەواوكردووە.
- بڕوانامەی بەکالۆریۆسی پەروەردەی لە زمانی ئینگلیزیدا هەیە.
- بەکالۆریۆسی لە یاسا و دیپلۆمی له كارگێڕى هەیە.
- ساڵی 2014 بووەتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- ساڵی 2018 بووە سەرۆکی لیستی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق.
- جێگری نووسینەوەی پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق بووە.
- لە کۆنگرەکانى چوارەم و پێنجەم بە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی هەڵبژێردراوە.
- ساڵی 2023 سەرۆکی هاوپەیمانی (کەرکووک هێز و ئیرادەمانە) بوو لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
- زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بە باشی دەزانێت.