چیرۆکی ژنە فەرمانبەرێکی گرێبەست کە بە مووچەی 275 هەزار دینار خەرجیی چوار منداڵی لەسەرە
رووداو دیجیتاڵ
لیمۆ، نزیکەی هەشت ساڵە فەرمانبەری گرێبەستە لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی و تەنیا مووچەیەکی 275 هەزار دیناری هەیە.
لەو ساڵەی بووەتە گرێبەست، لیمۆ لەتیف چاوەڕێیە بکرێتە هەمیشەیی و مووچەکەی زیادبێت و بتوانێت بژێوی خۆی و چوار منداڵەکەی دابین بکات.
ئەو ژنە فەرمانبەرە گرێبەستە بە رووداوی گوت "لەم بەشەدا 9 فەرمانبەرین و تەنیا من گرێبەستم، مووچەکەم لە هەموویان کەمترە و هێندەی هەموویان یان زیاتر کاردەکەم."
هاوژینی لیمۆ هەر لەو فەرمانگەیە فەرمانبەر بووە، بە گوتەی خۆی "لەکاتی کارکردندا، کارەبا گرتی و شەهیدبوو، هەرچەندە بە شەهیدیش هەژمارنەکراوە... هەموو ساڵێک دڵمان خۆشدەکەن بەوەی بمانکەن بە هەمیشەیی، بەڵام هیچمان بۆ ناکرێت."
لیمۆ و فەرمانبەرانی دیکەی گرێبەست لەنێو فەرمانگەکاندا پێویستن و ساڵانە گرێبەستیان بۆ نوێدەکرێتەوە.
سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی بە رووداوی گوت "مانگانە لیستی فەرمانبەرانی گرێبەست دەچێتە وەزارەتی کارەبا و دواتریش دەچێتە وەزارەتی دارایی، هیوادارین ئەم فەرمانبەرە گرێبەستانە بکرێنە هەمیشەیی، چونکە مافی خۆیانە و هەیە 10 ساڵە گرێبەستە."
تیمی رووداو لەگەڵ ژمارەیەک نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست گفتوگۆیان کرد، فەرمانبەرە گرێبەستەکان باس لەوە دەکەن بەشێکیان نزیکەی 15 ساڵە گرێبەستن و، مووچەکانیان هێندە کەمە، ناچارن لە دەرەوەی دەوامی حکومی، کاری دیکەش بکەن.
توانا تۆفیق، نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست بە رووداوی گوت "ناچارین کاری دیکە بکەین، چونکە ئەو مووچەیەی وەریدەگرین بەشی بژێویی ژیان ناکات، بە نموونە کارمەندێکی گرێبەستمان لە شارەوانی بەهۆی کەمیی مووچەکەی ناچاربوو کرێکاری بکات، لەکاتی کاردا لەسەر باڵەخانەیەکی بەرز کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا، دوو منداڵیشی لەدوای خۆی بەجێهێشت. برایەکیشی چەند ساڵێک پێش ئێستا کە باخەوانی گرێبەست بوو، ئۆتۆمبێل لێیدا و گیانی لەدەستدا، هەردووکیان هیچیان بۆ نەکراوە."
سازان تۆفیق، فەرمانبەرێکی دیکەی گرێبەست باسی ئەوە دەکات "بەنوێنەرایەتیی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست داوا لە سەرۆکوەزیران دەکەم دۆسیەی ئێمە لە ماوەی ئەم مانگەدا یەکلابکاتەوە و، بەدواداچوون بۆ کاری ئەو لیژنەیە بکات، کە دۆسیەی ئێمەی لایە، چونکە ئەمە دۆسیەی 30 هەزار کەسە و هەر کەسێکیش خێزانێکە، واتە دۆسەیەی نزیکەی 100 هەزار کەسە و ئەگەر سەرۆکوەزیران بۆمان یەکلابکاتەوە، هەموومان دڵخۆش دەکات."
لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا لیژنەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست پێکهات و، سێ هەفتە پێش ئێستا لە وەزارەتی داراییەوە دۆسیەکەیان رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کرد، بۆ ئەوەی رێکارە هونەری و ئیداریيەکان تەواو بکرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم پرۆسەیە تەواو نەبووە.
نزیکەی 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە فەرمانگە جیاوازەکانی حکومەت کاردەکەن، هەمووان هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی کاردەکەن، بەڵام ئەوەی جیایان دەکاتەوە، مافەکانیانە، بۆیە داواکارن هەرچی زووە بەهەمیشەیی بکرێن.