سەرۆکشارەوانییەکەی دەم پارتی لە دەستلەکارکێشانەوەی پاشگەزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی کزڵتەپەی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان لە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەی پاشگەز بووەوە.
رۆژی پێنجشەممە 8-8-2024 زەینی ئیپەک، سەرۆکی شارەوانیی کزڵتەپە کە ئەندامی دەم پارتییە، بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی دا، بەڵام ئەمڕۆ (شەممە، 10-8-2024) لە بڕیارەکەی پاشگەز بووەوە و داوای لێبووردنیشی لە پارتەکەی کرد.
ئیپەک لە راگەیێندراوێکی نووسراودا دەڵێ "لەپێناوی ئەوەی کەسایەتیم، پارتەکەم و بەرپرسیاریێتیم زیاتر نەبنە جێی باس، هەروەها بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی دیسپلینی پارتەکەم بە باشی بەڕێوەبچێت، دەسەڵاتەکەم بە یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی دەدەم."
رۆژی 1ـی ئاب ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی رایگەیاند، سکاڵای زۆریان لە خەڵکی کزڵتەپە لەدژی زەینی ئیپەک پێگەیشتووە بەوەی ئەرکی خۆی بە باشی رایی ناکات؛ هەروەها ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیش گلەیی و گازندەی زۆری لێدەکەن.
دەم پارتی گوتی، "کارەکانی ئیپەک پێچەوانەی بنەما و رێسای کار و چالاکییەکانی پارتەکەمانن؛ بۆیە نووسینگەی دیسپلینی پارتەکەمان راسپارد لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکات و بەم نزیکانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بۆ رای گشتیی بڵاودەکەینەوە."
هەرچەندە زەینی ئیپەک لە سەرەتای بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتیدا بێدەنگیی نواند، بەڵام رۆژی پێنجشەمممە لە تۆڕی ئێکس لە بارەی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی رایگەیاند،"ئاراستەیەکی نێو دەم پارتی دژایەتی زۆرم دەکەن و کێشەم بۆ دروست دەکەن. نامەوێ لەنێو پارتەکەمدا ببمە سەرچاوەی کێشە، بۆیە بڕیارم دا دەستلەکاربکێشمەوە. لەمەودوا وەک سەرۆک شارەوانییەکی سەربەخۆ درێژە بە کارەکانم دەدەم."
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، کە رۆژی 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، زەینی ئیپەک وەک بەربژێری دەم پارتی 78 هەزار و 790 دەنگی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی کزڵتەپەی مێردین هەڵبژێردرا.