تورکمان و عەرەبی کەرکووک راگەیێندراو لەدژی "کۆبوونەوەی ئەنجوومەن" بڵاودەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک کە گوایە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا کۆدەبێتەوە، بەرەی تورکمانی و عەرەبی کەرکووک راگەیێندراویان لەدژی بڵاوکردەوە، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنیش هەواڵەکە رەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ (شەممە، 10ـی ئابی 2024) گوتەبێژی بەرەی تورکمانی عێراقی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێ "هیچ دانیشتن و رێککەوتنێک بەبێ بەشداریی بەرەی تورکمانیی عێراقی، قبووڵکراو نییە و ئێمە هەموو رێوشوێنێکی یاسایی و دەستووری لە ئەگەری ئەو کۆبوونەوەیە دەگرینەبەر."
هەروەها ئەندامانی کۆمەڵەی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەیاننامەیەکدا بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە رەتدەکەنەوە، کە لە دەرەوەی مادەی 13ـی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بێت.
بەگوێرەی یاساکە، دەبێ هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان بێت و نابێ هیچ پێکهاتەیەک پەراوێز بخرێ.
لە وەڵامدا، نووسینگەی راگەیاندنی راکان جبووری، سەرۆکی بەتەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایدەگەیێنێت، "بانگهێشتی هیچ لایەنێکمان بۆ کۆبوونەوە لەنێو کەرکووک یان هیچ شوێنێکی دیکە نەکردووە و ئەو هەواڵەی لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە بڵاوکراوەتەوە، ناڕاستە."
دوای ئەوەی دەنگۆیەک بڵاوبووەوە کە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن کۆدەبێتەوە. عامر جبووری، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کەرکووک، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "چاوەڕێ دەکەن ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بکرێ و ئەو بابەتە یەکلاببێتەوە؛ چونکە بۆ شەقامی کەرکووک زۆر پێویستە."
سەبارەت بە رێککەوتن بۆ دیاریکردنی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەن و پۆستە کارگێڕییەکانی دیکە، عامر جبووری گوتی، ئەو هەواڵانەی لەو بارەیەوە هەن، تەنیا قسەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن رێککەوتن لەگەڵ هیچ لایەنێک بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک نەکراوە."
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە، یەکێتی پێنج، پارتی دوو کورسی و کۆتای کریستیانیش کە نزیکە لە یەکێتی، یەک کورسی، هەروەها پێکهاتەی عەرەبی شەش کورسی و تورکمانیش دوو کورسیان هەیە.