زانکۆی پزیشکیی کرماشان: 700 خوێندکاری بیانی لە کرماشان دەخوێنن

10-08-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زانکۆی پزیشکیی کرماشان دەڵێت، ئێستا 700 خوێندکاری بیانی لە حەوت وڵاتی جیهانەوە لە بەشەکانی ئەو زانکۆیە لە خوێندنی باڵا بە تایبەت ماستەر و دکتۆرا دەخوێنن؛ "12٪ی خوێندکارانی زانکۆکەیان بیانین و لەرووی ژمارەی خوێندکارانی بیانییەوە سێیەمی ئێرانن".
 
یەحیا پاسدار، بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتیی زانکۆی پزیشکیی کرماشان رایگەیاند، ژمارەی ئەو خوێندکارە بیانییانەی کە ئێستا لەو زانکۆیە دەخوێنن، "زۆر زیادبووە،" ئەمە لە کاتێکدایە کە 7 ساڵ پێش ئێستا و لە دەستپێکی کارەکەیاندا تەنیا 12 خوێندکاری بیانییان هەبووە.
 
یەحیا پاسدار گوتی، زانکۆی پزیشکی کرماشان لەنێو زانکۆ پزیشکییەکانی ئێراندا لە پلەی دەیەمدایە و لە ئاستی کیشوەری ئاسیاشدا بەپێی پلەبەندی شانگهای بۆ زانکۆکان، زانکۆکەیان لە پلەی 116یەمدایە.
 
بەگوتەی پاسدار، ئێستا لە هیندستان، عێراق، پاکستان، بەحرەین، نەرویج، سۆماڵ و فیلیپین و هەروەها لە هەرێمی کوردستانەوە خوێندکاریان هەیە کە لە 30 بەشی تایبەت بە پزیشکی دەخوێنن.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی رێپێدانی وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران، ئەوان ساڵانە دەتوانن لە نێوان 100 بۆ 150 کەسی نوێ وەربگرن، بۆ پەرەدان بە وەرگرتنی خوێندکاری بیانی رێکەوتنیان لەگەڵ 13 زانکۆی جیهان کردووە.
 
لەبارەی کرێی ساڵانەی خوێندن بۆ ئەو خوێندکارە بیانییانەش، ئەو بەرپرسەی زانکۆی پزیشکی کرماشان رایگەیاند، بە پێی بەشەکان دەگۆڕێت و بە پێی بریاری وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران، کرێی خوێندن بۆ دکتورای گشتی لە نێوان 3000 تا 6000 دۆلاری ئەمریکییە، بەڵام لە زانکۆی کرماشان بۆ هەمان بەش 4380 دۆلاری ئەمریکی وەردەگیرێت.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە