رووداو دیجیتاڵ
گوندی وێزێ لە سنووری قەزای چۆمان بە کەشە فێنکەکەی نێوبانگی دەرکردووە. دانیشتووانی گوندەکە خاوەنی کانیاوی خۆیانن و لە وەرزی هاویندا فێنککەرەوە بەکارناهێنن. ئەو گوندە کۆتا گوندی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانە.
گوندەکە بە زنجیرەیەک چیا دەور دراوە و لەبەر زۆری درەخت و سەوزایی بە ئەستەم خانووەکان دەبینرێن. لە پەنجەرەی ماڵەکانیشەوە کەویە بەفرەکان دیارن. بایەکی فێنک کە لە چیاکانی سەروی گوند هەڵدەکات و گوندەکەی بەفێنکی هێشتووەتەوە.
عەلی وسوو، دانیشتووی گوندەکەیە و دەڵێت، "پێنج شەش رۆژی دیکە بڕوات، دەبێت شەوان قەمسەڵە لەبەر بکەی ئەگینا سەرمات دەبێت، ئێستا لەو خانووە بخەویت سەرمایە، چونکە خانووەکە گڵە و پێویستی بە هیچ فێنککەرەوەیەک نییە."
عەبدوڵا ئەحمەد، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکەیە و دەڵێت، "هیچ کەسێک لێرە پێویستی بە ئامێری فێنککەرەوە نییە، لەسەرەتای بەهار کە دێینە ئێرە ئامێری گەرمکەرەوە بەکاردەهێنین. لە مانگی 10ـەش ئێوارە و بەیانیان پێویستمان بە ئامێری گەرمکەرەوە دەبێت."
زۆربەی ماڵەکانی ئەو گوندە خاوەن کانیاوی خۆیانن. لەنێو سازگاری ئەو کانیاوانە بەرهەمەکانیان هەڵدەگرن. لە لێواری کانیاوی ماڵی پورە حەوسەت گفتوگۆی ئەو کەشە فێنکە دەکەین و ئەو دەڵێت، "ئەم ئاوە دەڵێی بەفراوە هێندە ساردە، شتی لەنێو دادەنێین خراپ نابێت. ساردە و دەڵیی بەفرگرە، چاوم بەو چیا و بەو دونیایە دەکەوێت وادەزانم لە بەهەشتم ئەوەندەم پێ خۆشە، خەڵک لێرە نەخۆش ناکەوێت؛ یان بڵێن گەرما لێیداوە، لە خوارەوەش خەڵک بەهۆی گەرماوە تا دەگرێت."
گوندی وێزێ کۆتا گوندی سەر سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانە و 80 ماڵ دانشتووی ئەو گوندەن. کشتوکاڵکردن پیشەی سەرەکیی دانشتووانەکەیەتی. لە هاوین و بەهارو پایزدا ئاوەدانە و لە زستانان لەبەر زۆریی بەفربارین کەم ماڵ لێی دەمێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ