دۆسیەی گەندەڵیی 12 بەرپرسی شارەوانیی مهاباد رەوانەی دادگە کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی گشتیی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کورستان دەڵێت، لە ئەنجوومەنی شار و شارەوانیی مهاباد گەندەڵیی روویداوە و دوای دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، دۆسیەی 12 تۆمەتبار ئامادە کراوە و رەوانەی دادگە کراون.
 
ناسر عەتەباتی، سەرۆکی گشتیی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێ ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، دوای ئاگاداربوون لەوەی کە لە ئەنجوومەنی شار و دەزگەی هاوکاریی شارەوانیی مهاباد گەندەڵی کراوە، ئەو پرسە خرایە بەرنامەی کاری داواکاری گشتی و شۆڕشی مهاباد و بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی تەکنیکی، تۆمەتباران و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو گەندەڵییە دەستنیشان کران.
 
بە گوتەی ناسر عەتەباتی، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا 12 تۆمەتبار دەستنیشان کران، کە دوو لەوانە ئەندامی ئەنجوومەنی شار و چواریشیان فەرمانبەری دەزگەی هاوکاری شارەوانیی مهابادن.
 
عەتەباتی گوتی: "ئەو کەسانە بە وەرگرتنی بەرتیل، بەدەستهێنانی موڵک و ماڵ بە رێگەی نایاسایی، گواستنەوەی موڵک، قاچاخی خواردنەوە کحولییەکان، هەڵگرتنی چەکی سەربازی، ساختەکردنی واژۆی دەسەڵاتی دادوەری، خواردنەوەی مەی، ساختەکردن و بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختە" تۆمەتبار کراون و دۆسیەکانیان رەوانەی دادگەی تاوان کراوە.
 
لە ساڵی 2022شدا، بە تۆمەتی گەندەڵیی 21 فەرمانبەر و بەرپرسی شارەوانیی مهاباد دەستگیر کرابوون کە 6 کەس لەوان ئەندامی خۆلی پێشووی ئەنجوومەنی شاری مهاباد بوون و بەو هۆیەشەوە کۆتایی هاوینی هەمان ساڵ ئەنجوومەنی شارەکە هەڵوەشایەوە.
 
مهاباد  سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 240 هەزار کەسە و دوای ورمێ، خۆی و بۆکان چوارەم گەورەترین قەزای پارێزگاکەیە.