سێ لیوای یەکەی 70 گواسترانەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، سێ لیوای دیکەی یەکەی 70 گواسترانەوە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتەکەش دەڵێت: "بەمنزیکانە چەند لیوایەکی دیکەش دەگوازرێنەوە بۆ سەر میلاکی وەزارەت." 
 
رۆژی پێنجشەممە 10-08-2023 لیوا عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێ لیوا لە فەرماندەیی یەکەی 70، گواسترانەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، کە ئەوانیش لیواکانی 26، 28 و 30ـن.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو سێ لیوایە خراونەتە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە و لە رۆژی دەرچوونی فەرمانی گواسنتەوەیان، بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
هەر لیوایەک لە دوو هەزار پێشمەرگە پێکدێت. لیوا عوسمان محەممەد دەڵێت "بەو سێ لیوای ئەمڕۆ راگەیێندرا، تائێستا 23 لیوای هاوبەش گواستراونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و چەند لیوایەکی دیکەش ئامادەکراون، کە لە ماوەیەکی نزیکدا گواستنەوەی ئەوانیش بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە رادەگەیێنین."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەردەوام لەلایەن سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە، جەختی لەسەر دەکرێتەوە.
 
لە ساڵی 2010ـەوە تاوەکو ساڵی 2013، نزیکەی 28 هەزار پێشمەرگەی یەکەکانی 70 و 80 یەکخراون و 14 لیوای هاوبەش دروستکراون، بەڵام دواتر گرژیی نێوان لایەنەکان، شەڕی داعش، رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017 پرۆسەکەیان پەکخست.
 
لە ساڵی 2018 جارێکی دیکە بە هاوئاهەنگیی هاوپەیمانان، پرۆژەیەکی 35 خاڵی بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە راگەیێندرا.