لە هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە ملیۆنێک مەتر سێجا ئاو بەرهەمدێت؛ بەکارهێنانی لە ستانداردی جیهانی پترە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە هەرێمی کوردستان زۆرترین ئاوی خاوێن لە هەولێر بەرهەمدەهێندرێت، کە لە 24 کاژێردا 575 هەزار مەتر سێجایە؛ لە هەمان ماوەدا لە سلێمانی 250 هەزار مەتر سێجا؛ لە دهۆک 260 هەزار مەتر سێجا و لە هەڵەبجەش نزیکەی 61 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەمدەهێندرێت.
لە هەرێمی کوردستان خەڵکی هەولێر و چەمچەماڵ زۆرترین ناڕەزاییان دژی کەمیی ئاو دەربڕیوە. جێگری بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دەڵێت، 1200 بیر لە شارەکە لێدراون و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش پێویستیان بە لێدانی 60 بیری دیکە بە قووڵایی 450 مەترە. بەڕێوەبەرانی ئاو لە سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجەش دەڵێن لە سنووری ئەوان دۆخی ئاو "باشە".
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر: رۆژانە 575 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەمدەهێندرێت
لە هەولێر زۆر جار بەشێکی هاونیشتمانیان ناڕەزایی دەردەبڕن لە نەبوون یان کەمیی ئاو، ئومێد عەبدولحەمید، جێگری بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا لە هەولێر بۆ ئاوی خاوێن پشت بە دوو سەرچاوە دەبەستین، سەرزەوی و ژێر زەوی؛ سەرزەوی ئیفرازەکانە و ژێر زەویش بیرەکان."
لە هەولێر رۆژانە 575 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بەرهەمدەهێندرێت کە زۆرینەی لە رێگەی بیرەوەیە و بەشێکیشی لە رێگەی ئیفرازەکانەوەیە، کە سێ ئیفراز هەن؛ ئیفرازی سێ لە 24 کاژێردا 187 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بەرهەمدەهێنێت؛ ئیفرازی دوو 60 هەزار مەتر سێجا و ئیفرازی یەکیش 28 هەزار مەتر سێجا ئاو.
لەبارەی ئاوی ژێر زەوی، جێگری بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: "1200 بیری ئاو لە هەولێر لێدراون و بەگوێرەی کاژێرەکانی کارەبا ئاوی خاوێن دابین دەکەن؛ بەگشتی لە 24 کاژێردا نزیکەی 300 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنن."
جێگری بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتیشی، هەندێک ناوچە رۆژانە و هەندێکیش رۆژناڕۆژێک ئاوی خاوێنیان بۆ بەردەدرێتەوە. لەبارەی ناڕەزایی هاونیشتمانیانیشەوە بەهۆی کەمیی ئاو، دەڵێت، "ئێستا دۆخەکە بەگشتی باشە؛ هەندێک گەڕەک بیرەکەیان وشک دەکات، یان کێشە لە کارەبا دەبێت و ئاویان نابێت لە رێگەی تەنکەرەوە ئاوی خاوێنیان پێدەگەیێنین؛ بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکەش پێویستمان بە لێدانی 60 بیری نوێیە."
لە هەولێر، ئاستی ئاوی ژێر زەوی زۆر دابەزیوە؛ ئومێد عەبدولحەمید دەڵێت، لە هەندێک شوێن بیرەکان وشکیان کردووە و بیری نوێیان بۆ لێدەدەن؛ گوتیشی: "کە بیری نوێ لێ دەدەین، 450 مەتر قووڵی دەکەین، بۆ ئەوەی کە ئاوی کەمبووەوە وشک نەکات و بۆری زیاتری بۆ شۆڕ بکەینەوە، چونکە بۆ گەیشتن بە ئاو، بەو ئاستە قووڵکردنی ناوێت".
لە سلێمانی رۆژانە نزیکەی 250 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکرێت
بەراورد بە هەولێر، لە سلێمانی ناڕەزایی هاونیشتمانیان لە کەمیی ئاو کەمترە؛ ئامانج جەلال، گوتەبێژی ئاو و ئاوەڕۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سێ رۆژ جارێک ئاوی خاوێن بۆ ماڵەکان بەردەدرێتەوە و تاوەکو ئەمڕۆ دۆخەکە "باش" بووە.
گوتەبێژی ئاو لە سلێمانی گوتیشی، هاونیشتمانیانی شارەکە هاوکاریانن بۆ بە فیڕۆنەدانی ئاو. گوتیشی "رۆژانە 200 بۆ 250 هەزار لیتر ئاوی پاک لە سلێمانی بەرهەمدەهێندرێت و دەدرێتە دانیشتووانی شارەکە."
ئامانج جەلال ئاماژەی بەوەش کرد، ئاوی سلێمانی رۆژانە 230 بۆ 250 لیتر ئاو بۆ هەر تاکێک دابیندەکات، لەکاتێکدا ستانداردی جیهانی رۆژانە 200 لیتر ئاوی خاوێنە بۆ کەسێک.
بەڕێوەبەری ئاوی دهۆک: هەر تاکێک لە 24 کاژێردا 415 لیتر ئاو بەکاردەهێنێت
لە دهۆک هەر تاکێک رۆژانە 415 لیتر ئاوی خاوێن بەکاردەهێنێت، ڤەگەر ئەترووشی، بەڕێوەبەری ئاوی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دهۆک نزیکەی 28 زۆن هەن کە رۆژناڕۆژێک چوار بۆ هەشت کاژێر ئاوی خاوێنیان بۆ بەردەدرێتەوە؛ 95%ـی ئاوەکەش ئاوی سەر زەوییە و لە خابوورەوە وەریدەگرین و لە پڕۆژەدا دەپاڵێورێت و دابەش دەکرێت."
لە دهۆک تەنیا 5%ـی ئاو لە ئاوی ژێر زەوی وەردەگیرێت؛ ئەترووشی گوتی، ئەو شوێنانەشی سوود لە ئاوی ژێر زەوی وەردەگرن، ناحیەکانی مانگێش و زاوێتەن، لە مانگێش 69 بیر لێدراون و لە زاوێتەش 48 بیر.
رۆژانە 260 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن لە دهۆک بەرهەمدەهێندرێت؛ بەڕێوەبەری ئاو ئاماژەی بەوەکرد، بەکارهێنانی ئاو لەلایەن تاکەوە زێدەڕۆیی تێدادەکرێت و لە دهۆک هەر تاکێک رۆژانە 415 لیتر ئاوی خاوێن بەکاردەهێنێت، لە دەوروبەری دهۆک رێژەکە کەمترە و تاک 330 لیتر ئاو بەکاردەهێنێت.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەڵەبجە: سەرچاوەی سەرەکیمان ئاوی سەر زەوییە
ئەلەند تۆفیق، بەڕێوەبەری ئاوی هەڵەبجە دەڵێت، ئەوان پشت بە سێ سەرچاوەی ئاو دەبەستن و رۆژناڕۆژێک ئاو بۆ هاونیشتمانیان بەردەدەنەوە و هەر تاکێک لە 24 کاژێردا 500 لیتر ئاوی خاوێنی بۆ دابین دەکرێت.
سەرچاوەی ئاوی هەڵەبجە رووباری سیروان، ئاوی ئەحمەدئاوا و بیرەکانە؛ بەڕێوەبەری ئاو دەڵێت، لە 24 کاژێردا لە رووباری سیروان 52 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بەرهەمدەهێندرێت، لە ئاوی ئەحمەدئاوا 6 هەزار و 750 مەتر سێجا و لە بیرەکانیش 2 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێندرێت. ئەو ئاوەی هەڵەبجە بەرهەمی دەهێنێت، رۆژانە بەشێکی بۆ ناحیەی سیروان و قەزای سەیدسادق دەنێردرێت.
قایمقامی چەمچەماڵ: هەفتەی جارێک ئاو بۆ ماڵان بەردەدەینەوە
چەمچەماڵ کە لە سنووری پارێزگای سلێمانیدایە، یەکێکە لەو ناوچانەی کەمترین ئاوی خاوێن بە دانیشتووانەکەی دەگات، رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ساڵی 2018 ئێمە 18 رۆژ جارێک دەمانتوانی ئاو بۆ ماڵان بەربدەینەوە، 2022 کەممان کردەوە بۆ 10 رۆژ، ئەمساڵ هەفتەی جارێک ئاو بۆ خەڵک بەردەدرێتەوە."
چەمچەماڵ لە سێ سەرچاوەوە ئاو وەردەگرێت، بۆریی سلێمانی – دووکان، سەرچاوەی ئاوی کانی شەیتان و بیرەکان، رەمک رەمەزان دەڵێت، بە هەر سێ سەرچاوەکەوەم بەرهەمی رۆژانە 30 هەزار مەتر سێجایە، لەکاتێکدا پێداویستی قەزاکە بۆ هەر رۆژێک زیاتر لە 60 هەزار مەتر سێجایە.
قایمقامی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەکرد، رۆژانە لە رێگەی تەنکەریشەوە 2 ملیۆن لیتر ئاوی خاوێن دەدەنە هاونیشتمانیان.
د. دیاکۆ مەحموودی، دکتۆرای هەیە لە پاڵاوتنی ئاو لە زانکۆی ئۆکلاهۆما لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، باس لە نوێترین رێگەکانی چارەسەرکردن بۆ کەمکردنەوەی کێشەی کەمئاوی لە هەرێمی کوردستان دەکات: