فەرماندەیەکی پژاک لە رۆژئاوای کوردستان لە هێرشێکی تورکیادا دەکوژرێت
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەستەی ناوخۆی هەرێمی جزیرە لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، لە هێرشێکی تورکیادا لە قامیشلۆ، رێزان جاوید، فەرماندەی پژاک گیانی لەدەستدا.
یوسف مەحموود رەبانی، بە نازناوی رێزان جاوید ناسراوە و ماوەیەک هاوسەرۆکی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان - کۆدار بووە؛ هەروەها یەکێک بوو لە فەرماندە باڵاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان - پژاک. بەگوتەی حەمرین عەلی، هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری ناوخۆیی هەرێمی جزیر لە رۆژئاوای کوردستان، فەرماندەکەی پژاک لە هێرشەکدا لە 6ـی ئابی 2022، لە قامشلۆ گیانی لەدەستدا.
رۆژی چوارشەممە 10ـی ئابی 2022، حەمرین عەلی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، فەرماندەکەی پژاک بۆ سەردان چووەتە رۆژئاوای کوردستان. گوتیشی: "لە بۆردوومانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیادا لە گەڕەکی سەناعەی قامیشلۆ چوار کەس شەهیدبوون و ژمارەیەک کەسیش برینداربوون."
حەمرین عەلی ئاماژەی بەوەش كرد، کە "تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانی دژی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا زیاترکردووە." گوتیشی: "تورکیا دەیەوێت شانەکانی داعش زیندووبکاتەوە."