لە ناحیەی کەسنەزان لەسەر کێشەیەکی کۆن کەسێک کوژرا


رووداو دیجیتاڵ

لە ناحیەی کەسنەزانی سەر بە شاری هەولێر، لە رووداوێکی تەقەکردندا کەسێک کوژرا و یەکێکیش بریندار بوو. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێت: "ئەوانەی تەقەیان کردووە هێشتا دەستگیرنەکراون." 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10-8-2022، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 12:30ی خولەکی 10-08-2022 لە رووداوێکی تەقەکردن لە سنووری ناحیەی کەسنەزان ئاگادارکرانەوە، کە لە ئەنجامی تەقەکردنەکە کەسێک بەناوی ئەحمەد ئیبراهیم محەممەد، کوژراوە و کەسێک بە ناوی رێبین نەوزاد خدر، کە لە گەڵیدا بووە بریندارە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی: "دوای ئەوەی هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە توانیان ناسنامەی تۆمەتباران دەستنیشان بکەن، کە دوو کەسن بە ناوەکانی (ش. ع.) و (ئـ) کە هاوڕێی یەکدین."
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش، هۆگر عەزیز گوتی: "هۆکاری رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەیەکی کۆنی نێوان کوژراو و بکوژ."
 
بکوژەکان دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە، بەڵام گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی: "دوای رووداوەکە هەڵاتوون و تائێستا دەستگیر نەکراون."