جەبار یاوەر: زۆرجار وڵاتێک لە دژی وڵاتێکی دیکە داعش بەکار دەهێنێت

10-08-2022
گۆڤەند مستەفا
جەبار یاوەر، پسپۆری بواری ئەمنی و سەربازی و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە. وێنە: رووداو
جەبار یاوەر، پسپۆری بواری ئەمنی و سەربازی و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەریقی یەکەمی خانەنشین جەبار یاوەر، پسپۆری بواری ئەمنی و سەربازی و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، داعش تائێستا لەسەر ئاستی جیهان رێکخراوێکی "تیرۆریستی" زیندووە. پێیوایە ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و نێوان وڵاتانیش یەکێکە لە هۆکارەکانی مانەوەی داعش و دەشڵێت: "زۆرجار وڵاتێک یان لایەنێک لە دژی وڵاتێکی دیکە و لایەنی دژبەری، داعش بەکار دەهێنێت".
 
رۆژی سێشەممە 09-08-2022، پازدەمین راپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هەڕەشەکانی داعش لە ئەنجوومەنی ئاسایش لە شاری نیویۆرک خرایەڕوو. بەگوێرەی راپۆرتەکە، وێڕای کوژرانی بەشی هەرەزۆری سەرکردەکانی، بەڵام هەڕەشەکانی داعش لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی زیادبوون.
 
لەبارەی هۆکاری مانەوەی داعش و زۆربوونی چالاکییەکانی ئەو رێکخراوە فەریقی یەکەمی خانەنشین جەبار یاوەر، پسپۆری بواری ئەمنی و سەربازیی، میوانی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو.
 
بە گوتەی جەبار یاوەر "داعش چالاکییە تیرۆریستییەکانی خۆی دابەشی سەر 6 ویلایەت لە جیهاندا کردووە کە بریتین لە عێراق، سینا، شام، خۆرئاوای ئەفریقا، نێوەڕاستی ئەفریقا و مۆزەنبیق".
 
لە راپۆرتەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە: ژمارەی ئەندامە چالاکەکانی داعش لە عێراق و سووریا لە نێوان شەش هەزار تاوەکو 10 هەزار چەکدارە.
 
جەبار یاوەر پێیوایە، "تائێستا داعش لەسەر ئاستی جیهان رێکخراوێکی تیرۆریستی زیندووە، زۆربوونی ئەو ژمارەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوانەی هەڵگری ئەو بیر و باوەڕەن".
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بۆ مانەوە و زۆربوونی داعش بە بڕوای جەبار یاوەر، "ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و نێوان وڵاتانیش یەکێکە لە هۆکارەکانی مانەوەی داعش، زۆرجار هەیە وڵاتێک یان لایەنێک لە دژی وڵاتێکی دیکە و لایەنی دژبەری داعش بەکار دەهێنێت".
 
جەبار یاوەر دەشڵێت، نەبوونی هێزێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیری داعش و هۆکارێکی دیکەیە بۆ زۆربوونی چەکدارانی داعش و دەڵێت: "ئێمە شەڕی چەکداری داعشمان کردووە و توانیومانە لاوازی بکەین و رێگە نەدەین وەکو پێشتر ئیمارەتی هەبێت، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی جیهان کە هاوپەیمانێتییەکی شەڕ دژی داعش هەیە بۆ لەنێوبردنی چەکداری و سەرچاوەی داهاتی داعش، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی بۆ چۆنێتیی بەرەنگاربوونەوەی فیکری داعش نییە، تاوەکو ئێستا فکری داعش زۆر بەئاسانی لە سۆشیال میدیا بڵاو دەکرێتەوە، ئەوەش یەکێک لە هۆکارە هەرە گەورەکانی مانەوەی داعشە لە عێراق و هەموو جیهان".
 
هەر لە راپۆرتەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە: بە گوێرەی هەندێ وڵات، داعش نزیکەی 25 ملیۆن دۆلاری هەیە، هەندێک وڵاتیش دەڵێن، 50 ملیۆن دۆلاری هەیە.
 
جەبار یاوەر ئاماژە بە سەرچاوە داراییەکانی ئەو رێکخراوە دەکات و دەڵێت: "یەکێک لە سەرچاوە داراییەکانی داعش رفاندنی خەڵکە، سەرچاوەی دووەمی زەکاتە لەوانەی کە هەڵگری بیر و باوەڕی داعشن، سەرچاوەی سێیەمی لە رێگەی بازرگانیکردنی نایاساییە، سەرچاوەی چوارەمی لە رێگەی دزیکردنەوەیە، هەندێک کۆمپانیای وەهمیشیان هەیە لە دونیا لەژێر ناوی خوازراو کاردەکەن".
 
جەبار یاوەر بە پشتبەستن بە ئامارە فەرمییەکان دەڵێت: "تەنیا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە دیالە، کەرکووک، سەلاحەدین، مەخموور و دەشتی نەینەوا، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2017 بە حیساب داعش کۆتایی پێهێندرا، لە ساڵی 2018 تاوەکو 5 مانگی سەرەتای ساڵی 2022، داعش 1292 کردەی تیرۆریستی ئەنجامداوە، لە ئەنجامی ئەو کردانە 4878 کەس شەهید و بریندار و رفێندراو هەبوونە".
 
جەبار یاوەر پێیوایە ئەو ئامارانە ئەوە دەسەلمێنن کە "داعش هێشتا دەتوانێت کردەی تیرۆریستی ئەنجام بدات. سەرەڕای ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و مانەوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش".
 
سەبارەت بە ژمارەی کورد لەنێو ریزەکانی داعش لەکاتی ئێستا، جەبار یاوەر گوتی: "بەپێی بەدواداچوونەکانی خۆم و زانیارییە هەواڵگرییەکان، رەنگە کورد کەمترین رێژەی لەنێو چەکدارانی داعش هەبێت".
 
لە راپۆرتەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باس لەوەش کراوە، جموجووڵی داعش زیاتر لە هەر شوێنێک لە سنووری نێوان عێراق و سووریا زیادیکردووە. ئاماژە بەوەش دەکات کە "گرووپە پەڕگیرەکە" لە رێگەی کۆمپانیای وەهمییەوە درۆنی ئاسایی بە تێچوویەکی کەم لە ئاسیا، ئەمریکا و کەنەدا کڕیوە و گۆڕیونیەتی بۆ درۆنی جەنگی و لە هێرشەکانیدا بەکاریهێناون. 
 
هەر بەپێی راپۆرتەکە هەر چەکدارێکی نوێش بۆ شەڕکردن بچێتە سووریا، مانگانە هەزار دۆلاری پێدەدرێت. راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە نزیکەی 10 هەزار چەکداری داعش لە کەمپ و گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان و 30 هەزار منداڵی خوار تەمەنی 12 ساڵی لە مەترسیی "مێشک شۆردنەوە" و پەروردەی پەڕگیریدان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە