بەشێک لە کرێکارانی شارەوانیی حاجیاوا و بێتواتە بەهۆی دواکەوتنی مووچە خۆپێشاندان دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

100 کرێکاری شارەوانییەکانی ناحیەی حاجیاوا و بێتواتە بەهۆی نەدانی مووچەی مانگێکیان و دواکەوتنی مووچەی مانگانەیانەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوای خەرجکردنی کرێیەکانیان دەکەن، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاواش دەڵێت، کێشەکە پەیوەندیی بەوەوە هەیە گرێبەستی کۆمپانیاکە نوێنەکراوەتەوە.
 
ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا لە دەڤەری راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کرێکارانە چەند کێشەیەکیان هەیە یەکێکیان پەیوەندیی بە مووچەکەیانەوە هەیە کە پاشەکەوتکراوە".
 
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی کرێکارەکان دواکەوتنی مووچەکانیانە و ئەزوەر جەعفەر دەڵێت، "مووچەکانیان مانگانە 10 رۆژ لە وادەی خۆی دوادەکەوێت کە بەپێی کۆمپانیا پەیوەندیی بەوەوە هەیە گرێبەستەکەیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دواکەوتووە، هەروەها ئەو کرێکارانە پێداویستییەکانیان لەلایەن کۆمپانیاوە بۆ دابیننەکراوە کە کۆمپانیا بەڵێنیداوە پێداویستییەکانی پاكکردنەوە و پێداویستییە خۆپارێزییەکانیان بۆ دابینبکات".
 
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا دەشڵێت، "ئەو کرێکارانە کەمدەرامەتن و مافی خۆیانە و چەند جارێک خۆپێشاندان و گردبوونەوەیان کردووە و داوای هەقی خۆیان کردووە و ئێمەش پاڵپشتیانین تاوەکو ئەو کاتەی مافەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە".