رووداو - بەیرووت
هێشتا هەفتەیەك بەسەر تەقینەوەكەی بەندەری بەیرووت تێنەپەڕیوە، خەڵك ئەگەرچی هێشتا لە شۆكدان، بەڵام هەندێکیان نایانەوێت ئەم ساتە كارەساتبارانەیان لەدەستبچێت و وێنەی یادگارییەکی تاڵ تۆماردەکەن.
جۆزێفین زغێب، كارمەندی رێكخراوی خێرخوازی هاوڕێیەکی لە تەقینەوەکەی بەیرووت لەدەستداوە کە زیاتر لە 20 ساڵ هاوڕێ بوون، دەڵێت "تەمەنی 23 ساڵ بوو، ئەو قوربانیی هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتییە، قوربانیی تاوانەکانی سیاسەتڤانەکانە لە لوبنان، قوربانیی هەموو گەندەڵییەکە کە 30 ساڵە لە لوبنان دەکرێت، قوربانی ئەو کەسانەیە کە تەقەمەنییەکانی لێرە دانا، ئەو کاری دەکرد تاوەکو پارە بۆ هاوڕێکانی بدات، بۆیە جۆ گیانیلەدەستدا".
محەممەد عەلی، کارمەندێکی بەندەری بەیرووتە کە لە 60ـەکانی تەمەنیدایە، رۆژی تەقینەوەکە مۆڵەت بووە و گیانی رزگاری بووە، بەڵام کار و بژێویی ژیانی تاوەکو کاتێکی نادیار لەدەستداوە، دەڵێت "مۆڵەت و رێگەپێدان بۆ چوونە ناوەوەی بەندەرەکەیان هەبووە، باشە ئەو پێکهاتانەی کە بۆ چەندین ساڵ لەنێو ئەمباری بەندەرەکەدا بوون، دەبوایە حکومەت ئاگاداری بوونایە، بەڵام ئەوان جێیانهێشتووە، ئایا چییان لەبریدا وەرگرتووە؟ نازانین. ئەوان خەڵکیان هەژار کرد و بەو جۆرەش ناتوانین ئەمە ناوی دەوڵەتی لێ بنێین، بەڕاستی گوناحیان دەگات لەوەی کە بە خەڵکیان کرد".
مەروان عەبوود، پارێزگاری بەیرووت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هێشتا کاتی زیاترمان پێویستە تاوەکو بتوانین هەڵسەنگاندن بۆ پێداویستییە سەرەکییەکان بکەین و پێشوازی لە هاوکارییە مرۆییەکان بکەین. ئێمە ئێستا لە قۆناخی هەڵگرتنەوەی خۆڵوخاشاک، پاشماوەی باڵەخانە و ماڵە وێرانەکان و گەڕان بەدوای بێسەروشوێنانین".
دەرەنجامی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت نەك هەر داڕمانی زیاتری ئابووریی لوبنانی بەدواوە بوو، بەڵكو بووە هۆی لێكترازانی زیاتری بنەماكانی حوكمڕانی لەو وڵاتە. دوای تێپەڕبوونی كەمتر لە هەفتەیەك، وەزیرانی راگەیاندن و ژینگەی كابینەكەی حەسان دیاب دەستیان لەكاركێشایەوە و لەگەڵ گەرمتربوونی خۆپێشاندانەكانی مەیدانی شەهیدان و نزیكەی 500 بریندار لەو خۆپێشاندانانە، ئەگەرەكانی هەڵوەشانەوەی كابینەكەی حەسان دیابیش زیاتر دەبێت.
خۆپێشاندانەكان و وێرانییەكانی بەیرووت كاری نۆژەنكردنەوەی قورسكردووە، زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار پارە و نزیكەی 150 تۆن خۆراك و پێداویستی نێردراوە بۆ شارەکە، بەڵام بەندەری بەیرووت شادەماری هاوردەی زیاتر لە 70%ی پێداویستییەكانی شارەکە بووە، ئەو یارمەتییانەش ساڕێژی كەمن بۆ ئەو برینە قووڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ