بەهۆی شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکە لە سنووری ئامێدی هەزاران دۆنم زەوی سووتاون

 
رووداو - ئامێدی

بەهۆی شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکەوە، تۆپ بە بەرچاوی خەڵکی بەشێک لە گوندەکانی سنووری دهۆکەوە لە دەوروبەری گوندەکان و نێو گوندەکان دەکەوێتە خوارەوە، رەز و بێستانەکانیان بەو هۆیەوە دەسووتێت.
 
تاهیر سادق، خەڵکی گوندی کەڤنەمژێ-یە و بە چاوی پڕ لە فرمێسک و گریانەوە دەڵێت، "من حەقم یان نا؟ 10 شەهیدم هەیە، سەرەڕای ئەمەش ئێستا کەس نازانێت ماڵی من لە کوێوەیە، من لەسەر حەقم یان نا؟"
 
دەوروبەری گوندەکانی مژێ، دێرەشێ، گرگاشێ، سپیندارێ و کەڤنەمژێ لە سنووری ئامێدی چەند رۆژێکە بەهۆی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکەوە دەسووتێت.
 
ئازاد هەمزو، موختاری مژێ دەڵێت، چوار بۆ پێنج گوند کە هەریەکەیان نزیکەی 2500 سەرۆک خێزانی تێدایە و هەریەکەیان موڵکیان هەیە، "دەبێت چەندێک موڵکیان سووتابێت؟ هەیە 10، 20 یان 30 دۆنم سماقی هەیە، هەیە بادەم و هەیە فستقی کردووە."
 
بەر لە سێ رۆژ پێش ئێستا، گوندنشینان سەرەڕای مەترسی لەسەر ژیانیان، بەڵام چوونەوە نێو گوندەکانیان بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی بەهۆی شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکەوە کەوتووەتەوە.
 
هەر شتێک لە تەڕ و وشک دێتە پێشی، ئاگرەکە هێندە بەتینە دەیسووتێنێت، تۆپباران و شەڕی بەردەوامیش وایان کردووە، ئاگرەکە بەردەوام بێت.
 
گوندی دێرەشێ سێ ماڵی تێدا ماوە. خورشید شێرو، خەڵکی گوندەکەیە و دەڵێت، "ناتوانین کارێک بکەین، ناتوانین لە ماڵ بچینە دەرەوە، ناتوانین هیچ بکەین. لە لایەک ئاگرە، لە لایەک گولـلەبارانە و لە لایەکیش تۆپباران، ئێمەش گیرمان خواردووە. هیچ بەرهەمی کشتوکاڵیمان نەما، هەمووی سووتاوە. کێڵگە و بێستانەکانمان لە رەز و گۆیژ و قەزوان نەماوە، هیچمان نەماوە."
 
لە سنووری قەزای ئامێدی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە روویداوە؛ بەهۆیەوە هەزاران دۆنم زەوی سووتاون و ئاگریش لە بەشێک لە زەوییەکان هێشتا نەکوژاوەتەوە و دووکەڵیان لێ بەرز دەبێتەوە.