تەیف سامى بۆ هەرێمى کوردستان: داهاتی دیکە رادەست بکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى دارایی عێراق داوا لە حکومەتی هەرێمى کوردستان دەکات، روونکردنەوەی لەبارەى رادەستکردنى زیاتر لە 85 ملیار دینارى داهاتى نانەوتى پێبدات و ئاماژە بەوەش دەکات، بەگوێرەى خشتەى داهات کە بەدەستی گەیشتووە، داهاتى نانەوتى چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1.6 تریلیۆن دینار بووە.
ئەو داوایەى تەیف سامى، وەزيرى دارایی عێراق لە نووسراوێکدایە کە 4ى تەمموز ئاراستەى حکومەتى هەرێمى کوردستانی کردووە و کۆپییەکی بۆ وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان نێردراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دینار خراوەتە سەر هەژمارى بانکى ژمارە (70018) لە بانکى ناوەندی و داواى کردووە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی بڵێت کە ئەو پارەیە داهاتى کام مانگە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، داهاتى نانەوتى تاوەکو نیسانى 2024 بە گوێرەى خشتەى داهاتەکان کە بۆ وەزارەتى دارایی عێراق نێردراوە، 1 تریلیۆن و 646 ملیار و 444 ملیۆن و 905 هەزار و 586 دینار بووە.
وەزیرى دارایی عێراق داواى کردووە ئەو داهاتەى ماوە، رادەست بکرێت، ئەوەش بەگوێرەى ئەو رێوشوێنەى لە ساڵى 2023وە بۆ ساڵانى دواتریش کارى پێدەکرێت.
بە گوێرەی یاساى بودجەى گشتى عێراق، بۆ ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان، دەبێت 50%ى داهاتى خاڵە سنوورییەکان و داهاتى نانەوتى رادەست بکرێت.
تەیف سامی نووسیویەتی، "دەتانخەمە بەردەم بەرپرسیارێتى لەبەردەم دەسەڵاتى یاسادانان، ئەگەر ئەو داهاتە رادەست نەکەن".
پێشتر هەولێر و بەغدا رێککەوتنى بەراییان کردووە بۆ ئەوەى 50%ى داهاتى نانەوتى بە نەختینەیی بخەنە سەر هەژمارێکى وەزارەتى دارایی تایبەت بەو داهاتە.
1ی تەمموزى 2024 وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، 70 ملیار و 131 ملیۆن و 250 هەزار دیناری لە داهاتى نانەوتى مانگى ئاداری خستووەتە سەر هەژمارى بانکى وەزارەتى دارایی فیدراڵ.