فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەچڕی بۆردوومانی چەند ناوچەیەکی برادۆست دەکەن

11-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فڕۆکەکانی تورکیا لە دەڤەری برادۆست بە چڕی بۆردوومانی ناوچەکانی گەرووی سنگان، گەروەزین و چیای بۆلێ دەکەن و قایمقامی سیدەکان دەڵێت: "ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون، لە دەرەوەی سنووری حکومەت و پێشمەرگەن." 
 
شەوی چوارشەممە، 10-07-2024 ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فڕۆکەکانی جەنگییەکانی تورکیا ناوچە کوێستانییەکانی دەڤەرەکە بۆردوومان دەکات." 
 
وەکو قایمقام دەڵێت: "ئەو ناوچانە لە دەرەوەی سنووری حکومەت و پێشمەرگەن و بۆردوومانەکە زیانی گیانی بە هاووڵاتییانی سنوورەکە نەگەیاندووە." 
 
ئەم بۆردوومانانەی تورکیا لە ناوچەکانی برادۆست لە کاتێکدایە نزیکەی هەفتەیەکە فڕۆکەکانی ئەو وڵاتە رۆژانە بە چڕی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکەن، دانیشتووانی بەشێک گوندەکانی سنووری ئامێدی بەو هۆیەوە ماڵەکانیان جێهێشتووە و ئەمڕۆ چوار شەممە بەشێکیان خۆپێشاندانیان کرد و رێگەی سەرەکی ئامێدی - دێرەلووکیان داخست و داوای دوورکەوتنەوەی هێزەکانی تورکیا و پەکەکەیان لە ناوچەکانیان کرد.
 
لەبارەی ئەو هێرشانەوە ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و هێرشەکانی تورکیایان رەتکردەوە و رایگەیاند: "دەبێت تورکیا رەچاوی دراوسێیەتی باش بکات."
 
بەپێی راگەیێندراوی نێو کۆبوونەوەکە، سوودانی بڕیاری دا شاندێک بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. ئەویش لەپێناو "ئاگاداربوون لە دۆخی گشتی و دەرکردنی یەک هەڵوێستی یەکگرتوو لەبارەی ئەو بابەتەی پەیوەندیی بە سەروەریی عێراقەوە هەیە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە