باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران دەبێت ئارەزوومەندانە بێت

رووداو دیجیتاڵ  

باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، دەبێت گەڕاندەوەی پەنابەران و ئاوارەکانی عێراق بۆ وڵات و ناوچەکانی خۆیان ئارەزوومەندانە بێت، پەسنی رۆڵی هەرێمی کوردستانیش لە لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەر دەکات.
 
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، دوای بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی راگەیاندنی رێنوێنیی رێکخستنی کاروباری پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، رایگەیاند: "شەرەفمەندبووم بە ئامادەبوون لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و کۆمیسیارانی کاروباری پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە رێوڕەسمی راگەیاندنی رێنمایی کارگێڕیی نوێ بۆ پاراستنی مافەکانی پەرنابەران بەشێوەیەکی باشتر."
 
باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق نووسیویەتی: "پێویستە گەڕانەوەی پەنابەران و ئاوارەکانی نێوخۆ پارێزراو و ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانە و بەردەوام بێت."
 
باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بڵاوکراوەکەیدا بە "گرنگییەوە" باسی رۆڵی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "پێزانینم بۆ هەوڵەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە لە میواندارێتیکردنی زۆر لە پەنابەرانی سووریا و ئاوارەکانی عێراق."
 
رۆژی چوارشەممە، 10ـی تەممووزی 2024، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "رێوڕەسمی راگەیاندنی رێنمایيی رێکخستنی کاروباری پەناخوازان" لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لەو رێوڕەسمەدا رایگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی کارکردنیدا بۆ رێکخستنەوەی کاروباری پەناخوازان، ماوەیەکە بە هاوکاریی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)، خەریکی ئامادەکردن و داڕشتنی رێنمایيی کارگێڕی بووە، سەبارەت بە بارودۆخی پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان. ئەم رێنماییانە بەشێکە لە بەرنامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری کارگێڕی و یاسایی بە ئاراستەی پاراستنی مافەکانی پەناخوازان و پەنابەران و دیاریکردنی ئەرکەکانیان. بەتایبەتی لە بواری رێکخستن و یەکخستنی رێکارەکانی هاتن و پێشوازی لە پەناخوازان و چەسپاندنی ماف و ئەرکەکانیان لە هەرێمی کوردستان."