ژنێک لە باڵەخانەیەکی هەولێر خۆی هەڵدایە خوارەوە و گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەولێر ژنێک لە نهۆمی پێنجەم باڵەخانەیەک خۆی هەڵدایە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. دەگوترێت هۆکاری رووداوەکە دەمەقاڵێ بووە لەگەڵ هاوژینەکەی.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (چوارشەممە 10-07-2024) ژنێک لە نهۆمی پێنجەمی یەکێک لە بیناکانی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون کە دەکەوێتە نێوان قەزای عەنکاوە و ناحیەی بەحرکە، خۆی هەڵداوەتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رووداوەکە کاژێر 05:00ـی بەیانی بووە، کارمەندانی مارکێتێک تەرمەکەیان بینیوە و راستەوخۆ هێزە ئەمنییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە.
 
ئافرەتەکە ناوی (ن. ح. م.)ـە و بە ڤیان جاف ناسراوە، ئێستا تەرمەکەی لە دادپزیشکیی هەولێرە.
 
رووداو زانیوێتی، تەمەنی ئافرەتەکە لەنێوان 25 بۆ 30 ساڵە و کچێکی هەشت ساڵانی هەیە.
 
لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس دەرکەوتووە ئەو ئافرەتە بەهۆی دەمەقاڵە لەگەڵ هاوژینەکەی، خۆی هەڵداوەتە خوارەوە.
 
چەند سەرچاوەیەک لە دادپزیشکیی هەولێر بە رووداویان گوت، کەسوکاری ئافرەتەکە چوونەتە دادپزیشکی، بەڵام تاوەکو ئێستا تەرمەکەیان وەرنەگرتووەتەوە.