تورکیا دیمەنی تەقاندنەوەی خانوویەک لە بەرواری باڵا بڵاودەکاتەوە؛ خاوەنەکەی دەڵێ 'وێرانی کردم'

11-07-2024
غەریب مەجید
تەقاندنەوەی خانووی هاونیشتمانییەک لە بەرواری باڵا لەلایەن تورکیاوە
تەقاندنەوەی خانووی هاونیشتمانییەک لە بەرواری باڵا لەلایەن تورکیاوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی تورکیا دیمەنەکانی تەقاندنەوەی خانوویێکی لە گوندی دەرگەلی موسا بەگ لە ناوچەی بەرواریی باڵا بڵاوکردەوە، خاوەنی خانووەکە ئێستا نیشتەجێی دهۆکە و بە چاوی خەمگینەوە سەیری دیمەنەکان دەکات.
 
خەیری حەکیم، جووتیارە و خاوەنی خانووەکەیە دوای ئەوەی لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە بینیی چۆن لە چرکەیەکدا بەرهەمی رەنجی 20 ساڵی جووتیاریی لەنێوچوو، قسەی بۆ رووداو کرد.
 
خەیری دەڵێ "من پێشینەیەکم وەرگرتبوو، هێشتا تەواوی پارەکەیم نەداوەتەوە، ئەوەی دیکەش پارەی خۆم بوو لێم خەرج کرد، بە نزیکەی شەش بۆ حەوت دەفتەر دۆلار."ـم لە خانووەکە خەرج کرد ''بەڵام ئیدی چی بکەین؟ هەست بە خراپکردن و وێرانی دەکەم؛ هیچ نەما و دەبێت هەست بە چی بکەین! ئیدی تەواو."
 
چەندین دۆنم زەویی گوندی دەرگەلی بەهۆی شەڕ سووتێنراوە. 
 
ژیان و گوزەرانی رەشید و هاوژین و دوو منداڵەکەی لەسەر جووتیاری بوو، بەڵام ئێستا نەوەک تەنیا بێ داهات بوون، بەڵکو دەربەدەریش بوون.
 
رەشید ئیسماعیل جووتیار بە رووداوی گوت "ژیانی من لەسەر جووتیاری بوو. من چەندین جۆر میوە هەروەها ئاژەڵم دەفرۆشت، بەڵام ئەمڕۆ هەمووی چوو. وەک دەڵێن دەربەدەر بووین."
 
رەشید باس لەوە دەکات شەش دۆنم و نیو، باخی هەبووە "هەموو جۆرە دارێکی بەردارم هەبوو، هیچ نەمابوو نەیڕوێنم. باوک و باپیریشم هەر لەسەر ئەو باخە بوون، ژیانێکی بێ منەت دەژیاین، بەڵام وای بەسەر هات."
 
مام خەلیلی تەمەن 81 ساڵ، تەمەنی خۆی لە گوندەکە بەسەربردووە، بەڵام بەهۆی راگەیاندنی قەدەخە لە گوندەکە، رۆژانە دەچێتە ناوچەکە و لە دوورەوە تەماشای دەکات، هەموو هیواشی ئەوەیە ئەو ژیانەی ماویەتی لە گوندی دەرگەلی مووسا بەگ بەسەرببات.
 
ساڵح دەرگەلی، موختاری گوندەکە بە رووداوی گوت "ژیان لە گوندەکەمان نەماوە، نە ئاژەڵ، نە مرۆڤ ئیدی تێیدا دەژین. گوندەکەمان لە ئێمە حەرام بوو. ئاومان لە سەرەوە لە گەلیێ هەسپا دەهات، بەڵام ئەوە و سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەشمانیان بە بۆمب تەقاندەوە، ئێستا ئاو نایەتە گوند، ئەمە چۆن دەبێت؟'
 
لە 27ـی مانگی رابردووەوە هەشت گوند، لەوانە؛ بلیزانی میسکا، دەرگەلی مووسا بەگ، خەرابە، شیلازا و ئێکمالە کە گوندی ئاوەدان بوون، لە رۆژهەڵاتی چیای مەتینا چۆڵکراون.
 
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا پەکەکە تۆمەتبار دەکات و، دەڵێ "پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە گوندەکانی ناوچەی گارە و مەتین جبەخانەکانی خۆیان دەتەقێننەوە."
 
لە راگەیێنراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، گەریلاکان دەڕۆنە نێو گوندەکان و خەڵک وەکو قەڵخان بەکاردەهێنن؛ لەوێوە بە هاوەن بۆردوومانی سەربازانی تورکیا دەکەن و بۆ ئەوەی شوێنیان ئاشکرا نەکرێت، دەستیان بە سووتاندنی دارستانەکان کردووە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، پەکەکە لە گوندەکانی دەرگەڵە و میسکا، کۆگای چەکی خۆیانیان تەقاندووەتەوە و حسابیان بۆ گیانی گوندنشینان نەکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان

هێزەکانی کۆماندۆ: پێشمەرگەیەکی خۆمان بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی راپەڕین دەستگیر کرد

فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان رایگەیاند، بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی شەوی رابردووی گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبار فەیزوڵڵا فەتحوڵڵا محێدین، پێشمەرگە لە هێزەکانی کۆماندۆیان دەستگیر کردووە