سێ گوللە ھاوەن لە گوندێکی قەزای ئامێدی کەوتنەخوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
سێ گوللـە هاوەن لەماوەی 15 خولەکدا لە گوندی سەرگەلیی ناحیەی دێرەلووک کەوتنە خوارەوە؛ رووداوەکە زیانی گیانیی نەبوو.
رووداوەکە، کاژێر 17:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 10-7-2024) روویداوە، لەکاتێکدایە نزیکەی مانگێکە شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکە چڕبووەتەوە.
شێروان سەرگەلی، هاونیشتمانییەکی نیشتەجێی گوندی سەرگەلی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "گوللە ھاوەنەکان لە نزیک خانووی ھاونیشتیمانیان کەوتنەخوارەوە، خۆشبەختانە زیانی گیانیان نەبوو."
شێروان هەروەها دەڵێ، رووداوەکە "ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو خەڵکی گوندەکەدا بڵاوکردووەتەوە."
گوندی سەرگەلی سەر بە ناحیەی دێرەلووکە لە قەزای ئامێدیی پارێزگای دهۆک، زیاتر لە 30 خێزان تێیدا نشتەجێن.
جگە لە رووداوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ، هەر بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە گوندەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە؛ دارستان، رەز و باخی هاونیشتمانییان بەهۆی ئاگری شەڕەوە سووتاون.