ئەنجوومەنی وەزیران بۆ حکومەتی فیدراڵی: مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان خەرج بکەن

10-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران
دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات هەرچی زووە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ هەردوو مانگەکانی پێنج و شەش خەرج بکات.
 
بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 10-7-2024) کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی ئەنجوومەنەکە کرا، بەشێکی تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
لە راگەیێندراوێکدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەڵێ "بەدواداچوون بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەتیش مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش كرا، کە بەداخەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵی تائێستا مووچەی مانگی 5 و 6ـی خەرج نەکردووە."
 
ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێ خەرجنەکردنی پارەکە لەکاتێکدایە "لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە پێشکەشی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کراوە بۆ وردبینی و پێداچوونەوە."
 
ئەنجوومەنی وەزیران جەخت دەکاتەوە لەوەی؛ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆیان بەجێگەیاندووە و ئەرکی حکومەتی فیدراڵیشە شایستەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات، هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق و چیدیکە خەرجکردنی مووچە دوانەکەوێت.
 
''هیچ بڕە پارەیەک بۆ شایستەکانی بەکاربردن و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان خەرج نەکراوە'' 
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران داوا دەکات بەغدا "شایستەکانی دیکەی هەرێم لە تەرخانکراوەکانی بەکاربردن (تەشغیلی) و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان خەرج بکات، کە لە خشتە پەسەندکراوەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 پارەیان بۆ تەرخانکراوە." کە وەک دەڵێ "تائێستا هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ هەرێم خەرج نەکردووە."
 
"لە سەرەتای 2024ـیشەوە، هەرێمی کوردستان بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی بە کاش بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناردووە و مانگانەش لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی سەرجەم وەزارەتەکان، بەشێوەیەکی روون و شەفاف ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە." ئەمە وەک لە راگەیێندراوەکەدا جەختی لەسەر کراوەتەوە.
 
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە دوێنێ لە کۆلێژی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارقوڕنە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین گوتبووی "کێشەی مووچە لەم دوو، سێ رۆژەدا چارەسەر دەبێت." 
 
مووچەی هێزە ئەمنییەکان مانگانە زیاتر لە 345 ملیار دینارە، بەو پێیەش دەبێت عێراق بۆ ئەو دوو مووچەیەی نەدراوە نزیکەی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە