کۆمیسیۆن: ناتوانین ماوەی دەرهێنانی کارتی بایۆمەتری و کێشەی خوێندنەوەی پەنجەمۆر درێژ بکەینەوە

10-07-2024
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ئەو وادەیەی کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بۆ دەرهێنانی کارتی بایۆمەتری و کێشەی خوێندنەوەی پەنجەمۆر دیاریکرابوو، کۆتاییهات. سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەڵیت، "ئەوانەی نەهاتوون کێشەکانیان چارەسەر بکەن، رێژەی 5%ی سەرەتای دەنگدان هەیە، ئەگەر پەنجەمۆریشیان نەبێت دەتوانن زوو بچن و دەنگ بدەن."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی تەممووزی 2024 نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "کۆمیسیۆن سێ جار وادەی بۆ دەرهێنانی کارتی بایۆمەتری و کێشەی خوێندنەوەی پەنجەمۆر دیاریکردبوو؛ ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم ئەو وادەیە کۆتاییهات."
 
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، "لە کۆی 380 هەزار کەس، نزیکەی 46 هەزار کەس هاتووە کێشەی پەنجەمۆری چارەسەر کردووە. ئێمە سێ جار دەرگامان بۆ دەرهێنان و چارەسەرکردنی کێشەی پەنجەمۆر کردەوە؛ تەلەفۆنمان بۆ هەموویان کردووە. بەشێکیان هاتوون. ئەوانەشی نەهاتوون کێشەکانیان چارەسەر بکەن، ناتوانن دەنگ بدەن، بەڵام رێژەی 5٪ی سەرەتای دەنگدان هەیە، واتا ئەگەر پەنجەمۆریشیان نەبێت دەتوانن زوو بچن و دەنگ بدەن."
 
نەبەرد عومەر ئەوەیشی خستەڕوو، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ دریژکردنەوەی دەرهێنانی کارتی بایۆمەتری و کێشەی خوێندنەوەی پەنجەمۆر نەدراوە. بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە و سێ جاری درێژکراوەتەوە، کاتەکەیش دیاریکراوە، بۆیە ناتوانین درێژی بکەینەوە."
 
لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە بایۆمەترییان کردووە، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەیدا، "تاوەکو ئێستا 2 ملیۆن و 888 هەزار کەسن، نزیکەی 76%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بایۆمەترییان کردووە؛ نزیکەی 2 ملیۆن و 570 هەزار کەس کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە. نزیکەی 360 هەزار کارتی بایۆمەتری ماون و لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت. دەنگدەران دەتوانن تاوەکو یەک ڕۆژ پێش هەلبژاردن کارتەکانیان وەربگرنەوە."
 
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن نەبەرد عومەر روونیکردەوە، "لە ئێستاوە دەرگامان بۆ ئەو کەسانە کراوەتەوە کە دەیانەوێت خۆیان بۆ چاودێریی سندووق تۆمار بکەن؛ ئەمە جاری دووەمە دەرفەت دەدرێتە ئەوانەی خواستیانە ببنە چاودێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو 23ی تەممووزی 2024 دەتوانن ناویان تۆمار بکەن. خۆتۆمارکردنیش لە رێگەی لینکێکەوەیە کە سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە."
 
لە 4ى تەممووزەوە کۆمیسیۆن دەرگای پێشکێشکردنی بەربژێرانی هاوپەیمانی، پارت، بەربژێری تاک و پێکهاتەکانی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و تاوەکو 15ى تەممووز بەردەوام دەبێت.
 
20ـى تشرینى یەکەمى 2024 وەک رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان دیاری کراوە، بەڵام دەنگدانى تایبەتى هێزە ئەمنییەکان پێش ئەو رۆژە دەکرێت.
 
رۆژی 9ی تەموزی 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. لەو ژمارەیە ئەو کەسانەی بایۆمەتریان کردووە و لیستی دەنگدانیان نوێکراوەتەوە 2 ملیۆن و 901 هەزار و 80 کەسن. 
 
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی دەنگدەران و ئەوانەی تۆمارکراون بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
 
هەولێر
 
کۆی گشتیی دەنگدەران: 1 ملیۆن و 366 هەزار و 462 دەنگدەر 
تۆمارکراوان: 1 ملیۆن و 16 هەزار و 357 دەنگدەر
 
سلێمانی
 
کۆی گشتیی دەنگدەران: 1 ملیۆن و 496 هەزار و 152 دەنگدەر 
تۆمارکراوان: 1 ملیۆن و 146 هەزار و 530 دەنگدەر
 
دهۆک
 
کۆی گشتیی دەنگدەران: 926 هەزار  و 746 دەنگدەر 
تۆمارکراوان: 738 هەزار و 193 دەنگدەر
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."