دانەوێڵەی لوڕستان: تەنیا 30%ی پارەی گەنمی جووتیاران خەرجکراوە

10-07-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، تائێستا تەنیا 30%ی پارەی گەنمی جووتیارانی ئەو پارێزگایە خەرجکراوە.

حوجەتوڵڵا بەیرانوەند، بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی دروێنەی ئەم ساڵەوە تائێستا، 221 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە و پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران تاوەکو سەرەتای پاییز بەردەوام دەبێت.
 
بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای لوڕستان گوتیشی، ئێستا 33 ناوەندی تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سنووری پارێزگای لوڕستان کراوەن و بڕیارە ژمارەیەک ناوەندی دیکەش بکرێنەوە.
 
بە گوتەی حوجەتوڵڵا بەیرانوەند، "تائێستا 987 ملیار تمەن (16.5 ملیۆن دۆلار) لە پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە خەرجکراوە کە دەکاتە 30%ی پارەکەیان و 70%ی پارەی جووتیاران لە لای حکومەت ماوە، بریارە بە چەند قۆناخێک دابەش بکرێت."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای لوڕستان، پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ بەرهەمی گەنمی پارێزگاکە بگاتە 530 هەزار تۆن، کە بەراورد بە پار زیاد دەکات.
 
حکومەتی ئێران بۆ ئەم ساڵ یەک کیلۆ گەنمی ئاسایی بە 17500 تمەن (30 سەنت) و یەک کیلۆ گەنمی پلە یەکیش بە 18 هەزار تمەن (31 سەنت) لە جووتیاران دەکڕێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە