راکان جبووری وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا سوێندی خوارد؛ دەسەڵاتەکانی پارێزگاری نەما

رووداو دیجیتاڵ
 
راکان جبوورى، پارێزگارى کەرکووک بەوەکالەت وەک بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتیى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا دەکات، دوای ئەوەی ئەمڕۆ وەکو ئەندامی ئەنجوومەنەکە سوێندی یاسایی خوارد.
 
بڕیارە پێنجشەممە 11ى تەممووز، یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بکرێت، دواى ئەوەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لە ئەندامانى ئەنجوومەنەکە کرد ئەو کۆبوونەوەیە بکەن.
 
پەروین فاتیح، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە دەکەین، بەڵام تێیدا سەرۆکى ئەنجوومەن و جێگرانى هەڵنابژێردرێن و ئەوە دەمێنێتەوە بۆ قۆناخى دواتر".
 
هەردى محەممەد، پەیامنێرى رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ى تەممووز راکان جبوورى، پارێزگارى کەرکووک بەوەکالەت وەک ئەندامى ئەنجوومەن لە دادگە سوێندى یاسایی خوارد.
 
 
راکان جبوورى لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک لە لیستى هاوپەیمانیى عەرەبی بەربژێر بوو و ئەگەر سوێندی یاسایی نەخواردایە، پەروین فاتیح وەک بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتیى کۆبوونەوەکەى دەکرد.
 
پەروین فاتیح گوتى، "بە سوێندخواردنى راکان جبوورى، ئەو وەک بەتەمەنترین ئەندامى ئەنجوومەن سەرۆکایەتى کۆبوونەوەکە دەکات، بەڵام لە پۆستى پارێزگار نامێنێت و بۆشایی کارگێڕى دروست دەبێت".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەگەرچی وا بڕیارە سبەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت، بەڵام تائێستا هیچ رێککەوتنێک بۆ دانانی پارێزگارێکی نوێ نەکراوە و بەڵێن بە فراکسیۆن و ئەندامەکانی ئەنجوومەن دراوە، کە هیچ رێککەوتنێک ناخرێتە سەر مێزی کۆبوونەوە. هەروەها پارتی و یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.
 
 
لە هەندێک لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق، دواى ئەوەى پارێزگار دەبوو بە ئەندامى ئەنجوومەن، تاوەکوهەڵبژاردنى پارێزگارى نوێ ئەرکەکەى بە یەکێک لە یاریدەدەرانى دەسپێردرا.
 
9ى تەممووز سەرۆکوەزیرانى عێراق لە نووسینێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس داواى ئەو کۆبوونەوەیەى کرد و کاژێر 01:00ـی دوانیوەڕۆى بۆ دیاریکرد کە لە باڵەخانەى ئەنجوومەنى پارێزگا دەکرێت.
 
 بەگوێرەى یاسا، 5ی شوبات دوا وادە بووە بۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەسەر داواى پارێزگار، بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکان لەسەر پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی ئەو کۆبوونەوەیە نەکرا.
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە؛ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە پێویستى بە ئامادەبوونی زۆرینەى سادەیە کە 9 ئەندامە.