گەنجێکی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە دوو ساڵە لە هەرێمی کوردستان بێسەروشوێنە
رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری گەنجێکی خەڵکی سەقز کە ماوەی 28 مانگە بێسەروشوێنە، لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوونە هەولێر و لە بنکەی پۆلیسی ئیبراهیم ئەحمەدی سلێمانی و دادگای هەولێر سکاڵایان تۆمارکردووە بۆ گەڕان بە شوێن کوڕەکەیاندا.
لە بەردەم باڵەخانەی دادگەی هەولێر دوو خوشک و برایەک لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ سۆراخی برایەکی دیکەیان هاتوون و دەڵێن ئیدریس رەحیمزادەی تەمەن 30 ی برایان 28 مانگە بێسەرووشوێنە.
کوردستان رەحیمزادە، خوشکی ئیدریسە و دەڵێت، براکەی "هەڵاتبوو هاتبووە سلێمانی، کاری دارتاشی و درووستکردنی کەوانتەری دەکرد، دووکانی هەبوو، شوقەی گرتبوو، هەر باسی ئەو حیزبەشی هەر نەدەکرد."
کەسووکارەکەی دەڵێن، ئیدریس لەرێگەی هاوڕێیەکی بەناوی میلادی سەعاتی، هێندراوەتە هەولێر، دوای هاتنی بە 24 کاژێر ئیدی کەسوکارەکەی لێی بێخەبەر بوون. دەشڵێن کوڕەکەیان پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) بووە و لەرێگەی بەرپرسێکی پێشووی حیزبەکە پێیانگوتوون کوڕەکەیان لای ئەوان دەستبەسەرە.
لەیلا رەحیمزادە، خوشکی ئیدریسە و باس لەوە دەکات، "بابێت پێمان بڵێت پێنج مانگ پێش ئێستا لەکوێ بووە، ئەگەر 24 مانگی دیکە خەبەرێکی لەم برایەی من هەیە با بێت پێمان بڵی لەکوێیە، داویەتە دەست چ گرووپ و ئاسایشێک با بێت پێمان بڵێت."
رووداو لەڕێگەی تەلەفۆن قسەی لەگەڵ گوتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان کرد، نەیشاردەوە کە ئیدریس پێشمەرگەی ئەوان بووە، بەڵام گوتی لای ئەوان "رایکردووە" و دواتر زانیویانە لە سلێمانی پەیوەندی بە حیزبێکی دیکەی کوردستانەوە کردووە و ئێمە ئێستا لێی بێئاگاین.
خەلیل نادری، گوتەبێژی بزووتنەوەی (پاک) دەڵێت، "ئەو چووە سلێمانی، ئێمە نووسراومان پێدا بۆ ئاسایشی سلێمانی کە هیچ پەیوەندی بەئێمەوە نییە، کە رۆیشت بەبێ وازهێنان چوو، بەڵام لە سلێمانی بە پشتگیریی حیزبی دیکە داوای ئیقامەی کردبوو، کە وتبووی من لە پاک بووم، ئاسایش داوای نووسراوی لێکردبوو کە ئێمە هیچمان لەسەری نییە، ئێمە کارە یاساییەکەمان بۆ کرد، هەرچەند ئەو لای ئێمە رایکردبوو."
تاوەکو ئێستا، کەیسی بێسەروشوێنبوونەکەی ئیدریس رەحیمزادە لە بنکەی پۆلیسی ئیبراهیم ئەحمەدی شاری سلێمانییە، کەسوکارەکەی دەڵێن، دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر پێیان راگەیاندوون کە کوڕەکەیان لای ئەوان دەستبەسەر نەکراوە و بێئاگایی خۆیان لێی راگەیاندووە.