لە کرماشان دوو برا لەسەر کێشەی زەویوزار کوژران

رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندێکی سەر بە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی کێشەی زەویوزار شەڕ لەنێوان دوو ماڵباتدا دروستبوو و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران، کە بران، نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رۆژی دووشەممە، 10ـی تەممووزی 2023 مەهدی حاجیان، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشان بە میدیاکانی راگەیاند؛ لە گوندی میانەی قەزای سەرفیروزئاباد لە پارێزگای کرماشان، شەڕ لە نێوان دوو ماڵبات روویدا و هەردوولا لە شەڕەکەدا تاپڕیان بەکارهێنا.
 
مەهدی حاجیان دەڵێت؛ دوای ئەوەی هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی تێکهەڵچوونەکە، بۆیان دەرکەوت 16 ئەندامی دوو ماڵبات بەهۆی کێشەی زەویوزار سەنگەریان لەیەکدی گرتووە و بە تاپڕ تەقە لەیەکدی دەکەن.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی کرماشان؛ پۆلیسی کۆتایی بەشەڕەکە هێناوە و 11 برینداریان گواستووەتەوە بۆ نەخۆسخانە و دەشڵێت؛ دوو لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیان، لە رێگە گیانیان لەدەستداوە.
 
دوو کوژراوەکە بران و پۆلیس فەرمانی گرتنی بۆ 14 کەس دەرکردووە. وەکو مەهدی حاجیان گوتی: "لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی بکوژانی ئەو دوو برایە دەستیپێکردووە و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە، تۆمەتباران رەوانەی دادگەی کرماشان دەکرێن".