عێراق داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ماسی دەکات حەوزەکانی ماسی لە تەقتەق تێکبدەن

10-07-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەرهەمی نێوخۆی ماسی ساڵانە نزیکەی هەشت هەزار تۆنە و 60٪ی پێداویستی نێوخۆیی پڕدەکاتەوە، دەشڵێت، حکومەتی عێراق بە نووسراو داوای لێکردوون حەوزەکانی ماسی لە تەقتەق تێکبدەن، بەڵام کاریان بە نووسراوەکە نەکردووە.
 
ئەمین جەباری، جێگری بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی گوت، پرۆژەکانی بەخێوکردن و بەرهەمهێنانی ماسی لە هەرێمی کوردستان ساڵانە توانای بەرهەمهێنانیان نزیکەی 7 بۆ 8 هەزار تۆن ماسییە، کە دەکاتە نزیکەی 60٪ی پێداویستیی نێوخۆ.
 
بەگوتەی جێگری بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لە هەرێمی کوردستاندا 412 پرۆژەی ماسی مۆڵەتیان لە وەزارەتی کشتوکاڵ وەرگرتووە کە بەرهەمی ساڵانەیان سێ هەزار و 315 تۆن ماسییە. زیاتر لە هەزار پرۆژەی دیکە و حەوزی ماسی هەن کە بەبێ مۆڵەت کاردەکەن و بەرهەمی ئەو حەوزانە لەگەڵ راوکردن لە رووبار و دەریاچەکان ساڵانە نزیکەی پێنج هەزار تۆنە.
 
لە هەرێمی کوردستان چوار پرۆژەی حکومی هەن بۆ بەرهەمهێنانی پەنجەماسی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و گەرمیان.
 
ئەمین جەباری دەڵیت، هەردوو پرۆژەی بەرهەمهێنانی پەنجەماسی لە سنووری سلێمانی و گەرمیان بەهۆی تەرخاننەکردنی پارە، بەرهەمیان نییە، ئەوەش گرفتی بۆ دابینکردنی پەنجەماسی بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و ناچار لە ناوەڕاست و باشووری عێراق پەنجەماسی هاوردەدەکرێت.
 
جێگری بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ هۆشداریی لە هاوردەکردنی پەنجەماسی لە عێراق دەدات و دەڵێت: "ئەو پەنجەماسییەی ناوەڕاست و باشووری عێراق مەترسی لەسەر سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە زۆنگاوەکانی باشوور، ئەو پەنجەماسییانە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی و ڤایرۆس لەسەرە.
 
حکومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاو، بڕیاریداوە بە لەناوبردن و تێکدانی حەوزی ماسی بێ مۆڵەت، تەنانەت بەڵێننامەی بە خاوەنی حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی پڕکردووەتەوە کە تاوەکو کۆتایی 2023 لەسەر ئەرکی خۆیان حەوزەکان تێکبدەن.
 
ئەمین جەباری دەڵێت: "تەنیا لە سنووری شارۆچکەی تەقتەق لە قەزای کۆیە نزیکەی هەزار حەوزی بەخێوکردنی ماسی هەن، تەنیا دووانیان مۆڵەتیان هەیە، وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵی بە نووسراوی فەرمی داوایان لێکردوون، ئەو حەوزانەی ماسی لە سنووری شارۆچکەی تەقتەق هەن تێکبدرێن، چونکە بێ مۆڵەتن و رێنماییەکانیان جێبەجێ نەکردووە، بەڵام بەڕێوەبەری سامانی ماسی لەبەر پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی کارکردنی بە نووسراوەکە راگرتووە."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە