راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: پەرتەوازەبوون کەرکووک لە دەستی کورد دەردەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ مادەی 140 دەڵێت، ''پەرتەوازەبوونمان دەبێتە هۆی ئەوەی کەرکووک لە کوردستانیبوون بشۆردرێتەوە''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''لە داهاتوودا عەرەب زۆرینەی دانیشتووانی کەرکووک پێکدەهێنن''.
رۆژی دووشەممە 10-07-2023، رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری مادەی 140، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین و زانا کایانی پێشکێشیان کرد، رایگەیاند، ئەگەر کورد لە کەرکووک بەو پەرتەوازەییەی ئێستا بچێتە نێو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە، کورسی کەم بەدەست دەهێنێت.
رێبوار تاڵەبانی گوتی، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەبێ دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە تاوەکو خەڵکی رەسەنی ناوچەکە دەنگ بدەن، ''بەڵام لەنێوان حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان، بەتایبەتی دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، بۆشایی و بێمتمانەیی دروستبووە و ناتوانن لەسەر مێزێک کۆببنەوە".
بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق بکرێت و لە 01-07-2023ـوە تۆمارکردنی لیستی هاوپەیمانێتییەکان و حیزبەکان دەستیپێکردووە و ماوەی یەک مانگ لەبەردەم هێزە سیاسییەکانە بۆ ئەوەی ناوی خۆیان تۆمار بکەن. ئەوە لەکاتێکدایە لایەنە کوردستانییەکان تاوەکو ئێستا لەسەر ئەوە رێکنەکەوتوون، کە لە پارێزگا کێشەلەسەرەکان بە یەک لیستی هاوبەش بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن.
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، بۆ دیاریکردنی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کەڵک لە سیستمی سانت لیگۆ وەردەگیرێت، کە پێیوایە ''شکستخواردووترین'' سیستمی دەنگە و نوێنەرانی راستەقینەی خەڵک کورسی بەدەستناهێنن.
بەگوتەی رێبوار تاڵەبانی، سیستمی سانت لیگۆ مەترسیداربوونی پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و ئەگەری کەمبوونەوەی کورسیی کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان، زیاتر دەکات.
دوێنێ (یەکشەممە 9ـی تەممووزی 2023)، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە پیرمام بەڕێوەچوو کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و لیستی هاوبەش، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بوو، بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو.
وەک راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ مادەی 140 دەڵێت، لە کەرکووک ئەو پەرتەوازییە تەنیا لە ماڵی کورددا نییە و تاوەکو ئێستا لە نەتەوەی عەرەب و تورکمانیشدا دەبینرێت، ''بەڵام دەبێ لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان کاری هاوبەش هەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ نەیارانیان رکابەرایەتی بکەن کە دەیانەوێت ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک بسڕنەوە''.
رێبوار تاڵەبانی هۆشداری دەدات، دانیشتووانی کوردی کەرکووک ژمارەیان دابەزیوە و لە داهاتووشدا لەو ناوچەیە دەبنە کەمینە، ''بەپێچەوانەشەوە لە داهاتوودا نەتەوەی عەرەب زۆرینەی دانیشتووانی کەرکووک پێکدەهێنن، ئەوکات پاراستنی کوردستانیبوونی کەرکووک یان دەستنیشانکردنی پارێزگار لەلایەن حیزبە کوردستانییەکانەوە ئەستەمە و کورد دەنگی نامێنێت''.