وەزارەتی کشتوکاڵ: بازرگانان بەبێ رەچاوکردنی بەرهەمی ناوخۆ و جۆری بەرهەم ماسی هاوردە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت، وەزارەتی کشتوکاڵ بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ هاوردەکردنی ماسی نییە و پشتگیری بەرهەمی ناوخۆ دەکات، بەڵام بەبڕیارێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بازرگانان بەبێ رەچاوکردنی بەرهەمی ناوخۆ و بەبێ رەچاوکردنی تەندروستیی بەرهەمەکە، ماسی هاوردە دەکەن.
بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە هەرێمی کوردستان 6 بۆ 7 هەزار تۆنە، بەڵام خواستی ساڵانە دەگاتە 12 هەزار تۆن، ئەوەی دەمێنێتەوە هاوردە دەکرێت کە زۆرترینی لە ئێرانەوە دەهێندرێت، بەڵام "وەزارەتی کشتوکاڵ لەگەڵ هاوردەکردندا نییە".
سیروان سەعید، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی كشتوكاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە هەموو حاڵەتێکدا لەگەڵ هاوردەکردنی ماسی نین، وەزارەتی کشتوکاڵ پشتگیری بەرهەمی ناوخۆ دەکات، ئەگەر هاوردە هەبێت، دەبێت بە مەرج بێت، بەڵام ساڵێک دەبێت لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بڕیار دەرچووە بە ناوی بازرگانیی ئازادەوە، کە بەبێ گوێدانە پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆ و بەبێ هیچ مەرجێک، ماسی هاوردە دەکرێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەدانین، ئەگەر هاوردەکردن هەبێت، دەبێت بە مەرج و لەژێر چاودێریی ئێمەدا بێت".
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی كشتوكاڵ گوتیشی "پێشتر لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لیژنەی ئابووری هەبوو، هەر پارێزگایەک دیاری دەکرد، چەند ماسیی پێویستە، ئێمەش نووسراومان دەکرد، کە یەک کیلۆ زیاتر نەدەبوو لەو بڕەی ئەوان پێویستیانە، بەڵام ئێستا بازرگان ماسی هاوردە دەکات، بەبێ رەچاوکردنی بەرهەمی ناوخۆ و بەبێ رەچاوکردنی تەندروستیی بەرهەمەکەش".
لەبارە هاوردەکردنی ماسی بە قاچاخ، سیروان سەعید گوتی، "بابەتی هاوردەکردنی ماسی بە قاچاخ، لە دەسەڵاتی وەزارەتی کشتوکاڵدا نییە، ئاگاداری سەرووی خۆمان و هەموو پارێزگاکانمان کردووەتەوە، بەرزترین دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیش دەزانێت لە هەموو بوارەکاندا قاچاخ هەیە، بەڵام ئەوە دەسەڵاتی من نییە و دەسەڵاتی من تەنیا لایەنی هونەریی ماسییە".
لە هەرێمی کوردستان بە چوار شێواز ماسی بەخێو دەکرێت
بەگوتەی بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی كشتوكاڵ، "لە هەرێمی کوردستان بە چوار شێواز ماسی بەخێودەکرێت، یەکەم؛ حەوزی خۆڵی کە کۆنترین شێوازە، حەوزەکە بە خۆڵ دروست دەکرێت و شێوازێکی تەقلیدی و کۆنە؛ دووەم شێوازحەوزی قەفەسی کە لە بەنداوەکان دادەنرێت و توانای بەرهەمهێنانی زۆر زیاترە بەراورد بە شێوازی حەوزی خۆڵی".
لەبارەی دوو شێوازەکەی دیکە، سیروان سەعید گوتی "سێیەم شێواز حەوزی کۆنکریتییە کە بۆ ماسی جۆری سەلەموونە و پشت بە ئاوی سارد دەبەستریت؛ چوارەم حەوزی داخراو هەیە لەنێو هۆڵێکی داخراودا بەهۆی کۆنترۆڵی پلەی گەرمی ئاو و دەوروبەری، دەتوانن لە هەر چوار وەرزی ساڵدا ماسی بەرهەمبهێنن".
سیروان سەعید گوتیشی، لەو چوار شێوازە، دوو جۆر ماسی بەخێودەکرێن؛ ئەوانیش ماسی سەلەموون کە لە حەوزی کۆنکرێتی و کارب، کە لە حەوزی خۆڵی، قەفەسی و داخراو بەخێودەکرێت.
چوار پڕۆژەی حکومی بۆ بەخێوکردنی پەنجەماسی هەن
بەگوتەی بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لە هەرێمی کوردستاندا چوار پڕۆژەی بەخێوکردنی پەنجەماسی لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی و گەرمیان هەن و دەشڵێت، "سێ ساڵە لە سلێمانی و گەرمیان بەهۆی دابیننەکردنی بودجە بۆ نۆژەنکردنەوە هیچ بەرهەمێکمان نییە و کارەکان لەو دوو پڕۆژەدا راگیراون کە نزیکەی 20 بۆ 30 ملیۆن دیناریان پێویستە بۆ دووبارە کارکردنەوە، ئەوەی دهۆکیش زۆر باش نییە، بەڵام ئەوەی هەولێر باشترە کە ساڵانە 400 بۆ 500 هەزار پەنجە ماسی بەرهەم دەهێنێت".
زۆرترین ماسی لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بەرهەم دەهێندرێت، بەڵام بە گوتەی سیروان سەعید، پڕۆژەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی ماسی لە دهۆک لەدامەزراندندایە و بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، پێویستیان بە هاوردەکردن نامێنێت، دەشڵێت: "بەگوێرەی ئەو پروپۆزەڵەی پێشکەشی وەزارەت کراوە، کارەکانی ئەو پڕۆژەیە دروستکردنی پەنجەماسی، بەخێوکردنی و کارگەی ئالیکی ماسییە و لە قۆناخی یەكەمیدا دەتوانێت لە ساڵێکدا 21 ملیۆن پەنجەماسی و هەزار و 200 تۆن گۆشتی ماسی بەرهەمبهێنێت".