لە رووها بە چوار زمان داوا لە هاونیشتمانییان دەکرێت لە رووبارەکان دووربکەونەوە
رووداو دیجیتاڵ
به مهبهستی هۆشداریدان بە هاونیشتمانییان لە ئەگەری خنکان لە دەریاچە، چەم و رووبارەکاندا لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستاندا بە چوار زمان ئاگاداری بڵاوکرایەوە.
شارەوانیی رووها بڵاویكردهوه، تیمەکانی هۆبەی ئاو و ئاوەڕۆی سەر بە فەرمانگەی گواستنەوە و گەیاندن بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ هەڵواسینی تابلۆی هۆشداری بۆ مەلەکردن. بەتایبەتی کە ئێستا لە مانگی تەممووزداین و رووهاش یەکێکە لە گەرمترین پارێزگاکانی باکووری کوردستان، لەو تابلۆیانەدا هۆشداری بە هاونیشتمانیان دراوە لە دەریاچە، چەم و رووبارەکاندا مەلە نەکەن، چونکە رەنگە بخنکێن.
تیمەکانی شارەوانیی رووها ژمارەیەک تابلۆیان هەڵواسیوە کە بە هەریەک لە زمانەکانی کوردی، تورکی، عەرەبی و ئینگلیزی لێیان نووسراوە "چوونە ناو ئاو مەترسیدارە و قەدەخەیە."
ئەم تابلۆیانە لە کەناراوەکانی رووباری فورات، دۆڵی تاکۆران لە سیڤەرەک، گەراجی پردی نیسیبی، دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی بۆزۆڤا چاتاک و سەر رێگای سەرەکیی شارۆچکەکانی خەلفەتی و بیرەجیک هەڵواسراون.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا خنکان لە چەم، دەریاچە و ئاوەکاندا دەبێتە رۆژەڤ. بەپێی ئاماری ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا پار لە ماوەی هەشت رۆژدا، 17 تاوەکو 24ـی تەمموز لە 43 کەس لە دەریاچە، چەم، رووبار و ئاوەکانی 22 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا خنکان. چوار لەو کەسانە خەڵکی رووها بوون و بە گشتیش 16یان منداڵ بوون.