عەلی قازی محەممەد لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە 10ـی تەمموزی 2022، عەلی قازی کوڕە تاقانەکەی پێشەوا قازی محەممەد لە کاژێر 05:00 بەیانی لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
عەلی قازی محەممەد لە ساڵی 1933 لە شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە؛ کاتی راگەیاندنی کۆماری کوردستان تەمەنی 13 ساڵ بووە، ماوەیەک سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان بوو و دواتر بەهۆی نەخۆشییەوە دەستبەرداری پۆستەکەی بووە.
سەبارەت بە کاتی لەسێدارەدانی قازی محەممەد و هاوڕێکانی، عەلی قازی محەممەد لەکاتی گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لە ئاداری 2014 گوتی، حکومەتی ئێران دەیویست تەرمی پێشەوا و هەڤاڵانی چەند رۆژێک بە سێدارەوە بهێڵێتەوە، بەڵام بەهۆی دانیشتووانی مەهابادەوە ئەو کارەی بۆ نەکرا.
عەلی قازی تەنیا کوڕی قازی محەممەد بووە، باوکی چوار کوڕ و کچێکە.
هەڵوێستەکانی عەلی قازی محەممەد سەبارەت بە باشووری کوردستان:
ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی 2015 عەلی قازی محەممەد ماوەی سێ رۆژ لە پەرلەمانی كوردستان بەهۆی رێكنەكەوتنی حیزب و لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان مانی گرت، بەوهۆیەوە 18ـی ئابی 2015 بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشیی دڵ لە پەرلەمانی کوردستانەوە گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانەی ژین لە هەولێر.
لەکاتی گشتپرسیی باشووری کوردستاندا، عەلی قازی لە 9ـی ئابی 2017دا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پشتیوانی خۆی بۆ گشتپرسیی باشووری کوردستان راگەیاند. داوایشی لە سەرجەم حیزبەکانی کوردستان کرد رۆژی 25ـی ئەیلوول بەیەکەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و داوای ئازادی و سەربەخۆیی بکەن.
هەڵوێستەکانی عەلی قازی محەممەد سەبارەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان:
عەلی قازی محەممەد هەموو کات داوای لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە کە یەکگرتووبن؛ لەوچوارچێوەیەدا لە راگەیێندراوێکدا 1ـی ئابی 2017 رایگەیاند: "وەکو هەمووان دەزانن کوردستان و ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ.. گۆڕانکاری نوێ و خێرا چاوەڕێ دەکرێ.. ئەو دۆخەی ئێستا لە هەرکات زیاتر پێویستی بە یەکێتی ریزەکانی کورد بەگشتی و هاوکاری و هاودەنگی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە.. بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو دەرفەتانەی بۆ کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڕەخسێن لەکیس نەدەین و لەلایەکی دیکەوە دڵی خەڵکی ناڕازی کوردستان کە پەرتەوازەیی حیزبەکان نائومێدی کردوون ئاشت بکەینەوە و بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵات پێشبخرێ و هاودەنگ و یەکگرتوو بکرێ.. لێکنزیکبوونەوە و کاری جیددی بۆ پێکهێنانی چوارچێوەیەک کە سیاسەت و گوتاری سیاسی رۆژهەڵات یەک و رێکبخات ئەرکێکی هەرە لەپێشی لایەنە سیاسییەکانە. لەپێناوی ئەو ئامانجەدا بەندەی برای هەموو لایەکتان بانگهێشتی بەرپرسانی یەکەم یان بڕیاربەدەستی حیزبەکان دەکەم بۆ کۆبوونەوەیەک لەم مانگەدا لەپێناوی یەکێتی و یەکڕیزی و سەرئەنجام پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان."
هەڵوێستەکانی عەلی قازی محەممەد سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان:
سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستانیش لە پەیامێکیدا بۆ سەرۆک بارزانی، عەلی قازی محەممەد داوای لێدەکات پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان بکات و لە نامەیەکدا کە لە 10ـی ئۆکتۆبەری 2019 ئاراستەی کردووە دەنووسێت: "زۆر بەداخەوەم بۆ رەوشی ئێستای رۆژئاوای کوردستان؛ کورد هەمیشە بەشی زوڵم و ستەم بووە، لە مەیدانی خەبات و تێکۆشان وەک رابەری کوردایەتی هەمیشە بەرگریتان کردووە لە خاکی کوردستان بەبێ جیاواز؛ هەر بۆیە داواکارم لە جەنابتان وەک پێشەوای کورد کە پاڵپشتی رۆژئاوای کوردستان بکەن چونکە ئێستا خوشک و براکانمان لە خاکی کوردستان دەربەدەردەبن و خوێنی میللەتی کورد جارێکی دیکە بەناحەق دەڕژێت."
عەلی قازی محەممەد نەخۆشی دڵی هەبووە و لە ساڵانی رابردوودا لە دەرەوەی وڵات نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە.
پێشتر عەلی قازی داوای کردبوو لەکاتی مردنیدا تەرمەکەی ببرێتەوە بۆ مەهاباد، بەڵام تاوەکو ئێستا کات و شوێنی بەخاکسپاردنی تەرمەکەی دیاری نەکراوە.