قایمقامیەتی هەولێر دەست بەسەر سێ تانکەری ئاودا دەگرێت

10-07-2021
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن ئاو هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر رایگەیاند لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، دەستیان بەسەر سێ تەنکەری ئاودا گرتووە، کە ئاوەکەی نێویان شیاو نەبووە بۆ خواردنەوە یان ئاوەکە بە نرخێکی گران بە هاونیشتمانیان فرۆشراوە.
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا تیمەکانمان دەستیان بەسەر سێ تەنکەری ئاودا گرتووە"
 
سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرداگرتنی سێ تانکەرەکە، نەبەز عەبدولحەمید گوتی: "یەکێکیان ئاوی بە نرخێکی گران دەفرۆشت، دوو تەنکەرەکانی دیکەش شیاو نەبوون بۆ گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە، بۆیە رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
 
تانکییەک ئاو لە هەولێر بەگوێرەی قەبارەکەی بە 10 هەزار تاوەکو 30 هەزار دینارە.
 
لە پارێزگای هەولێر 9 هەزار و 132 بیری یاسایی و 5 هەزار بیری نایاسایی و 164 بیری پیشەسازیی هەن. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "120 بیر پێویستیان بە لێدانەوەیە، 100 بیر بەتەواوی وشکبوونە و 85 بیر پێویستیان بە سێتی پەمپە".
 
بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستاندا رۆژانە پێویستی بە 200 بۆ 250 لیتر ئاوە، بەڵام ئەوەی ئێستا تاکێک بەکاریدەهێنێت 370 بۆ 400 لیترە، کە لە ستاندارد زیاترە.
 
تێچووی دابینکردنی یەک مەتر سێجا یان هەزار لیتر ئاو لەسەر حکومەت 500 دینارە، بەڵام حکومەت 450 دینار کەمتر لە تێچووەکەی واتە هەزار لیتر ئاو بە 50 دینار بە هاوبەشانی دەفرۆشێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە