قوماشی یەکێک لە گرانترین قاتەکانی جیهان لە زاخۆ دروست دەکرێت

10-07-2021
بارزان محەممەد
چۆنێتی دروستکردنی کرومەرەز
چۆنێتی دروستکردنی کرومەرەز
نیشانەکردن قاتی شاڵ کرومەرەز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

زاخۆ یەکێک لە قەزا سنوورییە سەرنجڕاکێشەکانی سنووری پارێزگای دهۆکە، لە زاخۆ کورد و ئەرمەن و کریستیان پێکەوەدەژین، مزگەوت و کەنیسە لە نزیک یەکدی دروستکراون.
 
چەندین گوندی مەسیحی هەن، کە بە پێکەوەژیانێکی برایانە لەگەڵ موسڵمانان دەژین. کۆمەڵگەی بێرسڤ. بە دووری 23 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای زاخۆ. لەم کۆمەڵگەیە 53 خانەوادەی کریستیان، رۆژانەی ژیانیان بە دروستکردنی کرومەرەز بەڕێدەکەن.
 
ئۆدیشۆ یەکێکە لە وەستاکانی دروستکردنی کرومەرەز دەڵێت "باب و باپیرانمان ئەم کارەیان کردووە، نەوە بۆ نەوە. ئێمە هیچ کارێکی دیکەمان نەبوو، ئەم کارەمان هەبوو، کە کارێکی مێژووییە. جلوبەرگی ئێمەی کوردی مێژوویی ئەمە بوو. من باسی ئەوە دەکەم، پێش ئەوەی قوماش دەرکەوێت."
 
کرومەرەز، لە مووی جۆرە بزنێک دروستدەکرێت، کە پێیدەگوترێ بزنە مەرەز. بزنە مەرەز، ئاژەڵێکی ناسکە و لە شوێنە زۆر سارد و بەفراوییەکاندا بە ئاسانی بەخێوناکرێن. لە وەرزی بەهاردا مووەکەی لێدەکرێتەوە و قۆناخ بە قۆناخ کرومەرەزی لێ دروستدەکرێت.
 
ئۆدیشۆ، لەبارەی قۆناخەکانی دروستکردنی کرومەرەز دەڵێ "دەیشۆین، شەی دەکەین و شی دەکەینەوە و هەتا دەیکەینە دەزی. دوای ئەوە دەزییەکان دەکەینە تەون. دوای ئەوە کۆی دەکەینەوە بۆ دروستکردن. کارێکە لە ماڵەوە دەکرێ، کاری ئافرەتیشی تێدایە. ئێمە بە کارەکەمان زۆر مورتاحین. کاری ژن رستنە، شە کردنە، زۆرجار بۆ رەنگکردن هاوکاریمان دەکەن. زۆر رەنگ و ناوی جیاوازی هەن. رەنگ هەیە پێیدەڵێن کەسکۆیی، هەیە تاوسییە، جۆرێکی دیکە دەڵێن پشتپەز، جۆرێکی دیکە هەیە بەناوی کاچێتی. هەروەها کەرانی و بەکربەگیش هەن، جۆرەها کرومەرەز هەن."
 
عەبدولڕەزاق خەیات لە ساڵی 2002 تاوەکو ئێستا بەردەوام کرومەرەزەکانی لە ئۆدیشۆ دەکڕێت. زۆرترین ئەو رەنگانەی دەفرۆشرێن رەنگەکانی شین و زەردن.
 
ئەوانەی داوای کرومەرەز دەکەن، بەزۆری دەچنە لای عەبدولڕەزاق، چونکە هەموو رەنگ و جۆرێکی لەلا دەستدەکەوێ.
 
عەبدولڕەزاق، دەڵێ "کرومەرەز سێ جۆری هەیە، جۆرەکیان زاخۆییە، کە زۆر جوانە و باوە. لە کری زاخۆیی زۆرترین رەنگەکانی شین و زەرد دەفرۆشرێ. ئینجا رەنگەکانی دیکە، بەڵام ئێستا رەنگەکانی زۆر زۆرە. لەدوای 2003 و 2004 کری زاخۆ زیاتر کەوتە بازاڕ. زیاتر گرنگی پێدرا، جەوهەرەکی تایبەتی تێدایە، ئەو دەمارەی کە دیارە، پێیدەگوترێ جەوهەردار. لەبەر ئەوەیە زۆر زۆر جوانترە. کری مەرگە ئەو جەوهەرەی تێدانییە. لەبەرکردنی زاخۆیی خۆشترە."
 
ئێستا لە کوردستان خەڵک کەمتر کرومەرەز لەبەر دەکات، بەهۆی گرانیی نرخەکەیان، هەروەها بەهۆی هاتنی قوماشی جوان و هەرزان.
 
لەبارەی نرخەکانەوە عەبدولڕەزاق دەڵێ "کری زاخۆیی لە 800 دۆلاری هەیە، هەتا دەگاتە 1600 دۆلار. کری مەرگەی جوانیش لە 400 هەزار دینار هەتا 700 هەزار دینار دەچێت."
 
لە وەرزی بەهار و بەتایبەت لە مانگی ئازار و لە جەژنی نەورۆزدا، خەڵکی روو لە بازاڕ دەکەن بۆ کڕینی جلی کوردی، بەرگدوورەکان لەو رۆژانەدا بەرناکەون، چونکە زۆربەی خەڵکی بۆ گەشتەکانیان جلی کوردی لەبەردەکەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە