سەردانیکردنی گەشتیاران بۆ ناوچەکانی دەرکار و باتیفا 85% کەمیکردووە

 
 
رووداو - زاخۆ

بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک، ساڵانە زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار روویان ناوچەکانی هەردوو شارۆچکەی باتیفا و دەرکاری سەر بە زاخۆ دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە سەردانیکردنی گەشتیار بۆ ئەو شوێنانە 85% کەمیکردووە. 
 
سەگڤان حەمی، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "ئێستا ناتوانین بچین بمێنینەوە. دەچین و نزیکەی نیو کاژێر دەمێنینەوە و ناتوانین لە گوندەکەی خۆماندا بمێنینەوە".
 
لە گوندی مۆنینێی سەر بە شارۆچکەی دەرکار سوپای تورکیا چیای مامتا بۆردوومان دەکات و زۆر جار دووکەڵی پاش بۆردوومانەکان لەو چیایە دیارن.
 
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک، ساڵانە زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە سنوورییەکانی هەردوو شارۆچکەی دەرکار و باتیفایان دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بۆ 85% کەمبووەتەوە کە هۆکارەکەی بۆ شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەکە دەگەڕێننەوە.
 
خەڵات موحسین، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "بەر لە 20 خولەک هاتینە ئێرە. بە چاوی خۆمان بینیمان کە تورکیا ناوچەکەی بۆردوومان دەکرد. ئەو شوێنە نزیکترین خاڵە بۆ زاخۆ، دەرکار و باتیفا".
 
هاونیشتمانییانی نزیکەی 100 گوندی سەر بە شارۆچکەکانی دەرکار و باتیفا لەبەر شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکانیاندا وەکو پێویست سەردانی گوندەکانیان ناکەن.