تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانی لە تەکیەکەی بەخاکسپێردرا

بە ئامادەبوونی هەزاران کەس لە دەروێشەکانی، تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەڕێنرایەوە هەرێمی کوردستان و لە تەکیەکەی خۆیدا بەخاکسپێردرا

10-07-2020

20:33

شێخ نەهرۆ: لەسەر رێبازی شێخ محەممەد بەردەوام دەبین

شێخ نەهرۆ: لەسەر رێبازی شێخ محەممەد بەردەوام دەبین
 
شێخ نەهرۆ شێخ محەممەد کەسنەزانی، رێبەری نوێی تەریقەتی قادری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانیی باوکی رایگەیاند، "هەر لەسەر رێگەی ئەو دەڕۆین، هەر لەسەر ئەو پەیمانەین کە پەیامە ئینسانییەکە زیاتر پەرەپێبدەین". 
 
لەبارەی هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هێنانەوەی تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانی، شێخ نەهرۆ گوتی "شێخ محەممەد خۆی رەمزی حکومەت بووە و خۆیان پەیوەندییان پێوەکردووم بۆ ئاسانکاریکردن لە هێنانەوەی تەرمەکەی". 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:24

وێنە و ڤیدیۆ.. بەڕێکردنی تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانی بۆ تەکییەکەی

وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلەی تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانی هەڵگرتووە. وێنە: مژدە ساڵح- تایبەت بە رووداو
 
سەدان دەروێشی شێخ محەممەدی کەسنەزانی بە رێپێوان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە تەرمەکەی بۆ تەکیەکەی بەڕێدەکەن کە بڕیارە لەوێ "نوێژی مردووی" لەسەر بکرێت و لە رێوڕەسمێکی تایبەت بەخاکبسپێردرێت. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

15:43

تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانی گەیشتە فڕۆکەخانەی سلێمانی

تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانی گەیشتە فڕۆکەخانەی سلێمانی
 
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، تەرمی شێخ محەممەد شێخ عەبدولكەریم كەسنەزانی گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی سلێمانی و بڕیارە ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا لە تەکییەکەی خۆیدا لەو شارە بەخاکبسپێردرێت.
 
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، کاروانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەشوێن تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانییەوەن لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستیان بە رۆیشتن بەرەو تەکیەکەی کردووە. مامۆستا حامد، ئیمام و پێشنوێژی مزگەوتی سەلاحەددینی ئەیوبی بە رووداوی گوت، زیاتر لە 500 دەروێش لە فڕۆکەخانەوە بەپێ لەگەڵیدا کەوتوونەتە ڕێ. 

لەبارەی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی، مامۆستا حامد ئاماژەی بەوە کرد، دوای "نوێژی شەرعی" لەسەر تەرمەکەی و دواتر دەروێشەکان دەستدەکەن بە زیکر خوێندن لەسەر تەرمەکەی. 
 
 
 

 

زیاتر بخوێنەوە

09:14

شێخ نەهرۆ رابەری نوێی تەریقەتی قادری

شێخ نەهرۆ
بە هەزاران دەروێش رژاونەتە شاری سلێمانی بۆ ئەوەی بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شێخ محەممەد عەبدولکەریم کەسنەزانیدا بکەن کە رۆژی چواری تەممووزی 2020 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆچی دواییکرد.
 
جێگرەوەی شێخ محەممەد کەسنەزانی هیچ مشتومڕێکی دروست نەکرد، چونکە شێخ هەرزوو ئەو پرسەی یەکلایی کردەوە و کوڕە گەورەکەی بە جێگرەوەی خۆی دەستنیشانکرد.
 
لەسەر لافیتەیەکی گەورە کە لە شوێنی رێوەڕەسمی بەخاکسپاردنی شێخ محەممەد هەڵواسراوە و وێنەی کوڕ و باوکی لەسەرە، لەسەر زاری شێخ محەممەدەوە نووسراوە:
 
ئەو رێنوێنییانەی لە شێخ نەهرۆوە دەردەچن، بەمانای رێنوێنی لە خودی شێخەوە دێت، چونکە ئەو کوڕی گەورە و وەکیلی شێخە، هیچ کەسێک نوێنەرایەتی تەریقەتەکەی ناکات لە پاش شێخ ، جگە لە شێخ نەهرۆ. شیخ نەهرۆ پشتیوان بە خوا داهاتووی ئێوەیە و جگە لەو ئێوە هیچ شێخێکی دیکەتان نییە.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

09:22

تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانی لە تەکیەکەی بەخاکسپێردرا

رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانی. وێنە: مژدە ساڵح - تایبەت بە رووداو
 
سەرەڕای قەدەخەبوونی پرسە و رێوڕەسمە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کۆرۆناوە، بە هەزاران دەروێش لە تەکیەی کەسنەزانیی لە سلێمانی چاوەڕوانی هاتنەوەی تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانی دەکەن کە بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 13:30 بگاتەوە سلێمانی.
 
پەیامنێری رووداو لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هێنانەوەی تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانی رایگەیاند، کاژێر 12:00 فڕۆکەخانە بەڕووی میدیاکان و ئەوکەساندا دەکرێتەوە کە بۆ پێشوازیی لە تەرمەکەی دەچنە فڕۆکەخانە، رێوڕەسمەکەش لە تەکیەی کەسنەزانییە لە سلێمانی و لە سەرلەبەیانییەوە سەدان دەروێش و شوێنکەوتووی شێخ محەممەد کەسنەزانیی بە زیکر و دەف لێدان لە تەکیەکە چاوەڕوانیی هاتنەوەی تەرمەکەی دەکەن.
 
لەبارەی رێکارە تەندروستیەکان و پابەندبوون بە رێکارەکان، پەیامنێری رووداو گوتی، بەشێکیان ماسکیان پێیە بەڵام بەشێکیان بەبێ ماسک هاتوون و بەریەککەوتن لە تەکیەکە بەهۆی قەرەباڵخییەوە زۆرە.
 
 رۆژی 4ی تەممووزی 2020، شێخ محەممەدی شێخ عەبدولكەریم كەسنەزانی رێبەری تەریقەتی قادری لە تەمەنی 82 ساڵیدا لە ئەمریكا كۆچی دواییكرد. بڕیارە ئەمڕۆ هەینی 10ی تەممووزی 2020 تەرمی شێخ محەممەد كەسنەزانی لە ئەمریكاوە بگاتەوە هەرێمی كوردستان و لە سلێمانی بە خاك بسپێردرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە سەتان كەس لە دەروێش و شوێنكەوتووانی شێخ محەممەدی كەسنەزانی دەربازی باشووری كوردستان بوون و ژمارەیان بە نزیكەی 2000 كەس مەزەندە دەكرێت.
 
هاتنی ئەم دەروێشانە بەبێ گوێدانە قەدەخە و رێکارە تەندروستییەکان و سنووری نێودەوڵەتی، لەكاتێكدایە كە هەموو سنوورە فەرمی و نافەرمییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوە ڤایرۆسی كۆڕۆنا داخراون و جگە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هیچ كەس بۆی نییە بۆ هیچ مەبەستێك بێتە هەرێمی كوردستان.
 
بەگشتی تائێستا نزیكەی 8 هەزار دەروێش هاتوونەتە سلێمانی و بەشێكی زۆریان چوونەتە تەكیەی گەورەی شێخ محەممەدی كەسنەزانی بۆ بەشداریكردن لە پرسە و رێوڕەسمی بە خاكسپاردنیدا.
 
بەپێی ڤیدیۆیەک کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لەبەردەم جەنازەکەی شێخ محەممەد کەسنەزانی، شوێنکەوتووانی تەریقەتی قادری بەیعەت بە شێخ نەهرۆی کوڕی دەدەن و دوای کۆچی دوایی باوکی شێخ نەهرۆ دەبێتە جێگرەوە و رێبەری تەریقەتی قادری.
زیاتر بخوێنەوە