رووداو - هەولێر
ئەمڕۆ (10-7-2019) کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان متمانەی لە پەرلەمان وەرگرت.
مەسروور بارزانی: خواستی یەکەمم لەم کابینەیەدا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە
لە گوتارێکدا لەدوای سوێندخواردنی، سەرۆکوەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان گوتی "ئەم کابینەیە ئەرکی خزمەتی هاووڵڵاتییان لە پێش هەموو کار و ئەرکەکانی دیکەی دادەنێت و، خۆی بە خزمەتکاری هاونیشتمانیان دەزانێت. بۆیە لای ئێمە هاووڵاتی میحوەری سەرەکی دەبێت و ئامانجی گەورەمان خزمەتکردنیانە بەبێ جیاوازی".
مەسروور بارزانی دەڵێ "چاوەڕوانیی زۆر لەم کابینەیە دەکرێت، هەوڵدەدەین لە ئاست ئەم چاوەڕوانییەدا بین، لەهەمانکاتدا هیوادارم جەماوەری خۆشەویستمان واقیعبین بن و کۆسپ و کێشە و گرفتە کەڵەکەبووەکان لەبەرچاو بگرن، چونکە تێپەڕاندنی ئەم کۆسپ و تەگەرانە بە شەو و رۆژێک ناکرێت، دەبێت هەموومان پشتیوان و هاوکاری یەکتر بین".
مەسروور بارزانی لە یەکەم گوتاریدا لەدوای هەڵبژاردنی بە سەرۆکوەزیرانی نوێی کوردستان باسی لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کرد، جەختی کردەوە لەوەی "بەپێی هەموو راپرسییەکان: خواستی یەکەمی هاووڵاتییانمان رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە. خواستی یەکەمی منیش لەم کابینەیەدا: رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە. گەندەڵی دیاردەیەکی ترسناکە، بەڵام نەبووەتە کولتوور و لە تواناماندایە بە پاڵپشتیی ئیرادەی هاووڵاتییان و هاوکاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، لە ماوەیەکی کەمدا ئەم دیاردەیە بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرتەسک و بچووک بکەین. ئەو هەنگاوانەی تائێستا بۆ بەرەنگاریی گەندەڵی نراون، بەرزدەنرخێنین و لەمەولاشەوە بە هیچ جۆرێک بەرامبەر بە گەندەڵکاران و سەرپێچیکەران نەرمی نانوێنین و دەبێت خواستی هاووڵاتییان بەجێ بگەیەندرێت".
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا مەسروور بارزانی هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند و گوتی "ئەم بەرنامەیە لەسەر بنەمای رێککەوتنە سیاسییەکان و پوختەی بەرنامەی گشت لایەنە بەشداربووەکانی ناو کابینەی نۆیەم رێکخراوە و، بۆچوون و پلانی تێکڕای بەشداربووانی ئەم کابینەیە لەخۆدەگرێت".
متمانەی پەرلەمانی کوردستان بە کابینەی نۆیەم
12:00 مەسروور بارزانی سوێندی یاسایی خوارد
11:59 دەنگدان لەسەر کابینەی نۆیەم کۆتایی هات
دەنگدان لەسەر بەربژێرانی کابینەی نۆیەم کۆتاییهات و سەرجەم بەربژێران دەنگیان لەسەردرا و هەڵبژێردران.
11:32 قوباد تاڵەبانی بە جێگری سەرۆکی حکومەت هەڵبژێردرا
بە دەنگی 73 پەرلەمانتار، قوباد تاڵەبانی بە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردا
11:25 مەسروور بارزانی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا
بەکۆی 88 دەنگ، مەسروور بارزانی بە سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا.
11:20 دانیشتنی پەرلەمان دەستیپێکرد
بە بەشداری سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنی پەرلەمان دەستیپێکرد.
10:00 بەشێک لە بەربژێرەکان گەیشتنە پەرلەمان
لە کاژێر 10:00ـی بەیانییەوە بەشێک لە بەربژێرانی کابینەی نوێ گەیشتنە پەرلەمان.
مەسروور بارزانی کارنامەی حکومەت دەخوێنێتەوە
مەسروور بارزانی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 10-7-2019) لە پەرلەمان کارنامەی کابینەی حکومەت دەخوێنێتەوە. کارنامەکە لیژنەیەک لە پارتی، یەکێتی و گۆڕان نوسیوویانە، هێڵە گشتییەکان لەخۆدەگرێت، تەکەز دەکات لەسەر فرەیی سەرچاوەی ئابووریی ناوخۆ، کەمکردنەوەی بیرۆکراسی، ریفۆرمی ئیداری و دارایی هاوکات پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان.
چوار رۆژ دوای راسپاردنی لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، مەسروور بارزانی سەردانەکانی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان دەستپێکرد و، یەکەمین سەردانیشی بۆ لای براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی 30ـی ئەیلوولی پەرلەمانی کوردستان بوو.
- فرەچەشنکردنی ئابووریی ناوخۆ
- کەمکردنەوەی بیرۆکراسی
- بەردەوامیدان بە ریفۆرمی ئیداری و دارایی
- پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان
- پاراستنی مافی پێکهاتەکان
- بەردەوامیدان بە چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە
- رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ سهرمایهگوزاری و وەبەرهێنەرانی بیانی
- چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا بەگوێرەی دەستوور
- ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
- دۆزینەوەی میکانیزمی هاوبەشی کارکردن لەنێوان پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق
- پەرەدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە
- راگرتنی پەیوەندیی هاوسەنگ لە ناوچەکەدا
لەکاتێکدا لە کابینەی پێشوو تەنیا نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئافرەت بوو، لەو کابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا سێ وەزیر ئافرەت دەبن.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێگەرد تاڵەبانی بۆ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەربژێرکردووە، هەروەها بزووتنەوەی گۆڕان کوێستان محەممەدی بۆ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەربژێرکردووە. لەنێو وەزیرەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستانیشدا د. ڤالا فەرید بەربژێری پارتییە بۆ وەزیری هەرێم.
جگە لەوانە سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمانیش ئافرەتن.
چوار پۆست دەدرێتە کوردانی ئێزدی
مەحما خەلیل، قائیمقامی شنگال دوێنێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو لە حکومەتی نوێدا چوار پۆست بە کوردانی ئێزدی دەدرێت، پۆستەکان پێکهاتوون لە: راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمان، راوێژکاری سەرۆکوەزیران، بریکاری وەزارەتێک و بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی ئەوقاف. شێخ شامۆ، دەبێتە راوێژکاری سەرۆکوەزیران و منیش دەبمە راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمان، دوو پۆستەکەی دیکەش تاوەکو ئێستا بە فەرمی پڕنەکراونەتەوە.
رۆژی 30ـی ئەیلوولی 2018 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن، هیچ لایەنێک ئەوەندە دەنگەی بەدەستنەهێنا بەتەنیا حکومەت پێکبهێنێت، بۆیە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن کە پارتی دیموکراتی کوردستان بوو و 45 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو، پێویستی بە رێککەوتن بوو لەگەڵ لایەنەکانی دیکە.
بەهۆی کێشە لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک، کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان داوای دەکرد بە یەک پاکێج لەگەڵ پارتی رێکبکەون، پرۆسەی دانووستاندن درێژەی کێشا و تاوەکو دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن كە بەشداری لە حكومەتی داهاتوودا دەكەن، لیستی كۆتایی بەربژێرەكانیان یەكلایی كردەوە و رادەستی مەسروور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ-یان كرد.
پەیامنێرانی رووداو باسی بەربژێرەکانی وەزارەتەکان دەکەن
هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە هەولێر دەڵێ: جموجۆڵێکی فراوان لە پەرلەمان دەستیپێکردووە لەلایەن پەیامنێرانەوە کە ئامادەکاری دەکەن بۆ رووماڵی کۆبوونەوەکە.
لە سلێمانی ئاڵا لەسەر شەقامە سەرەکییەکان هەڵکراوە، بۆ ئەوەی دیاربێت ئەمڕۆ رووداوێکی گرنگ لە کوردستان روودەدات.
جەمال ئەحمەد جەمیل، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی باسی بەربژێرەکانی کابینەی نۆیەم دەکات کە لە سنووری سلێمانین و ژمارەیان هەشت کەسە.
خەڵکی دهۆک زۆر داخوازییان هەبوو بەتایبەتی لە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دەستنیشانکردنی وەزیرێکی دهۆکی لە کابینەی نوێدا. پارتی، کەمال محەممەدی بۆ وەزیری کارەبا بەربژێر کردووە کە خەڵکی دهۆکە و فەرسەت ئەحمەدیش لە هەمان پارێزگا بۆ وەزارەتی داد بەربژێرە.
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووکەوە دەڵێ "لەم کابینەیەدا کەرکووکییەکان پشکی باشیان بەرکەوتووە". خالید سەلام سەعید لە کەرکووکەوە بەربژێرە بۆ پۆستی وەزیری هەرێم و رەوەند مەلا مەحموود، کە خەڵکی کەرکووکە و دانیشتووی ئەو شارەشە کاندیدە بۆ پۆستی بەرپرسی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئومێد سەباح، کە ئەزموونێکی زۆری لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەیە، بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆکی دیوان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمانەش جگە لە چەند پۆستێکی دیکە بۆ کەرکووکییەکان لە کابینەی نۆیەم.
ئەمەل ناجی، پەیامنێری رووداو باسی دوو بەربژێری وەزارەت دەکات کە خەڵکی هەڵەبجەن ئەوانیش حەمەی حەمە سەعید، کە بەربژێری یەکێتییە بۆ وەزیری رۆشنبیری، هەروەها عەبدوڵڵا مەحموود محەممەد کە خەڵکی گوڵەخانەیە و بەربژێرە بۆ وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
لەدایکبووی ساڵی 1969ـیە
ساڵی 1985 بووەتە پێشمەرگە
خوێندنی دواناوەندی لە ئێران تەواوکردووە
بەکالۆریۆسی لە زانکۆی واشنتن بەدەستهێناوە
لە 2005 رێکخراوی خێرخوازیی بارزانی دامەزراندووە
لە 1999 بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی
ساڵی 2012 بووەتە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش
زمانەکانی فارسی، عەرەبی و ئینگلیزی دەزانێت
راسپێردراوە بۆ سەرۆکوەزیرانی کابینەی نۆیەم
قوباد تاڵەبانی
كوڕی جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراقە
لە دایكبووی 21ـی تەممووزی ساڵی 1977ـە
لە زانكۆی كینگستۆن لە بەریتانیا خوێندوویەتی
بروانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاریی میكانیك هەیە
ساڵی 2004 بووەتە نوێنەری یەكێتی لە واشنتن
ساڵی 2012 بووەتە سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون
ساڵی 2014 بووەتە جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
بەربژێری یەکێتییە بۆ جێگری سەرۆکوەزیران
کوێستان محەممەد
بەربژێر بۆ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
ساڵی 1965 لە سلێمانی لەدایکبووە
بەکالۆریۆسی لە ماتماتیک هەیە
خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە
ساڵانی 2005 بۆ 2013 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە
ئەندامى جڤاتى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕانە
کەمال موسلیم سەعید قەرەنی
بەربژێر بۆ وەزیری پیشەسازی و بازرگانی
لە ساڵی 1967 لە هەولێر لەدایکبووە
بڕوانامەی لە بواری یاسا و جیۆلۆجیدا هەیە
خێزاندارە و خاوەنی کوڕێک و دوو کچە
لە کابینەی هەشتەم وەزیری ئەوقاف بووە
ئاوات شێخ جەناب
بەربژێرە بۆ پۆستی وەزیری دارایی و ئابووری
لە ساڵی 1958 لە سلێمانی لەدایکبووە
ساڵی 2003 کۆلێژی یاسای تەواوکردووە
خێزاندارە و خاوەنی سێ کوڕە
قایمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی بووە
ساڵی 1998 بووەتە بریکاری وەزیری گواستنەوە
رێکخەری ژووری کارگێڕی و دارایی بزووتنەوەی گۆڕان بووە
ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانە
بێگەرد دڵشاد شوکروڵڵا تاڵەبانی
بەربژێر بۆ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
لە ساڵی 1978 لە دووکان لەدایکبووە
خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە
بەکالۆریۆسی لە زانستی بایۆلۆجیدا هەیە
لە پێنجەم خولی پەرلەمان سکرتێری پەرلەمان بووە
محەممەد سەعید عەلی
بەربژێرە بۆ وەزیری رۆشنبیری
لە ساڵی 1962 لە هەورامان لەدایکبووە
چەندین بەرهەمی نووسین و وەرگێڕانی چاپکراوی هەن
بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتی بووە
ساڵی 2012 کراوە بە بەرپرسی مەکتەبی چاودێری و بەدواداچوون
لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی
دارا رەشید مەحموود
بەربژێرە بۆ وەزیری پلاندان
ساڵی 1976 لەدایکبووە
خوێندنی باڵای لە زانکۆی هەولێری پزیشکی تەواوکردووە
لە ساڵی 2017 بووە بە پزیشکی راوێژکار
ئارام محەممەد قادر ئەمین
بەربژێرە بۆ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
لە ساڵی 1972 لەدایکبووە
بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەدەبیات هەیە
جێگری بەرپرسی مەکتەبی شەهیدانی یەکێتی بووە
شۆڕش ئیسماعیل عەبدوڵڵا
بەربژێرە بۆ پۆستی وەزیری کاروباری پێشمەرگە
بەکالۆریۆسی لە یاسا و زانستە رامیارییەکاندا هەیە
لە ساڵی 2008ـەوە سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی بووە
لە ساڵی 1993 بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی بووە
لە ساڵی 1994 تاوەکو 1997 بەرپرسی مەڵبەندی شارەزوور بووە
خالید سەلام سەعید شوانی
بەربژێرە بۆ وەزیری هەرێم
ساڵی 1975 لە کەرکووک لە دایکبووە
ماستەری لە یاسا هەیە
خوێندکاری دکتۆرایە لە یاسا
دوو خول ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە
سەرۆکی لیژنەی یاسایی بووە لە پەرلەمانی عێراق
ساڵی 2014 کراوەتە راوێژکاری یاسایی سەرۆککۆماری عێراق
کەمال محەممەد ساڵح خەلیل
بەربژێر بۆ وەزیری کارەبا
لەدایکبووی 1967
بەکالۆریۆس لە ئەندازیاری کارەبادا هەیە
ساڵی 2000 بەرپرسی بەدواداچوونی پرۆژەکان بووە
لە ساڵی 2010 بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک
دانا عەبدولکەریم حەمە ساڵح
بەربژێر بۆ وەزیری ئاوەدانکردنەوە
لە ساڵی 1973 لە سلێمانی لەدایکبووە
خێزاندارە و خاوەنی کوڕ و کچێکە
دەرچووی بەشی شارستانییە لە زانکۆی سەڵاحەدین
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری سلێمانی بووە
ساڵی 2007 بووەتە لێپرسراوی پرۆژەکانی سلێمانی
ساسان عەونی
بەربژێر بۆ پۆستی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار
لەدایکبووی 1970
خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە
بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری شارستانی هەیە
ماستەری لە کارگێڕیی کار و ئابووری هەیە
لە 1993 بۆ 1998 سکرتێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووە
بەرپرسی دەستەی رێکخراوە جەماوەرییەکانی پارتی بووە
ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانە
ئالان حەمەسەعید ساڵح
بەربژێر بۆ وەزیری پەروەردە
لەدایکبووی ساڵی1981
خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە
ماستەری لە زانستە سیاسییەکاندا هەیە
مامۆستا بووە لە زانکۆی هەڵەبجە
بەرپرسی لقی 21ـی پارتییە لە سلێمانی
سامان بەرزنجی
بەربژێر بۆ وەزیری تەندروستی
لە دایکبووی 1978
خێزاندارە و باوکی سێ منداڵ
دکتۆرای لە تەندروستیی کۆمەڵ هەیە
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بووە
د. ڤاڵا فەرید
بەربژێر بۆ وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان
لەدایکبووی 1976
دکتۆرا لە یاسای گشتی هەیە
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە
ئێستا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە
مامۆستا بووە لە زانکۆی سەڵاحەدین
پشتیوان سادق
بەربژێر بۆ وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی
لەدایکبووی 1969ـیە
دکتۆرای لە یاسا هەیە
لە کابینەی هەشت وەزیری پەروەردە بووە
بەوەکالەت وەزیری ئەوقاف بووە
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتییە
ئانۆ جەوهەر عەبدولمەسیح
بەربژێرە بۆ پۆستی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن
لە ساڵی 1984 لەدایکبووە
قوتابیی دکتۆرایە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
ماستەری هەیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
سەرۆکی هاوپەیمانی یەکێتیی نەتەوەییە
رێبەر ئەحمەد خالید
بەربژێر بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ
لە ساڵی 1968 لەدایکبووە
ماستەری لە بواری ئاسایشی نیشتمانی بەدەستهێناوە
بەڕێوەبەری شیکردنەوەی هەواڵگری بووە لە ئاژانسی پاراستن
زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و فارسی دەزانێت
عەبدوڵلا مەحموود محەممەد سان
بەربژێری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان
لە ساڵی 1970 لەدایکبووە
سێ خول ئەندامی پەرلەمان بووە
سەرۆکی فراکسیۆنی سەردەمە لە پەرلەمانی کوردستان
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی حیزبی سۆسیالیستە
فەرسەت ئەحمەد
بەربژێرە بۆ وەزیری داد
لەساڵی 1946 لەدایکبووە
بەکالۆریۆسی هەیە لە یاسا
لە ساڵی 1970 وەکو بەڕێوەبەری ناحیە دامەزراوە
ساڵی 1992 بووەتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بووە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ