پاڵپشتی ئیسرائیل بۆ کوردستان دیبەیت لە ئەمریکا دروست دەکات

رووداو- واشنتن

زۆرجار لە سیاسەتدا دەگوترێت دوژمنی دوژمن دۆستە. ئەی دۆستی دۆست؟

ئیسرائیل کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەیە، هەردوولا یەکتر بە هاوڕێ و دۆستی هەمیشەیی یەکتر دادەنێن.

کەمتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهۆ، خۆیکرد بە یەکەم سەرۆک حکومەتی  جیهان، کە بەئاشکرا پاڵپشتی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بکات. 

ئەمەش ئێستا ئەو پرسیارەی لە واشنتن دروستکردووە، ئایا ئەمریکا دەبێت پاڵپشتی سەربەخۆیی کوردستان بکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی هاوپەیمانە متمانەپێکراوەکەی، ئیسرائیل، پاڵپشتی دەکات؟

شیبلی تەلحامی، لێکۆڵەر لە دامەزراوەی بروکینگز، دەڵێت، پەیوەندیی نێوان کورد و ئیسرائیل هێندەی ستراتیژییە، هێندە مێژووییە.

تەلحامی، کە راوێژکاری باڵای نوێنەری باراک ئۆباما، جۆرج میشێڵ بووە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێت، "ئیسرائیل و کورد پەیوەندییەکی کۆنیان لەگەڵ یەکتردا هەیە، کە بۆ چەندین دەیە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ دوای شەڕی عێراقی لە ساڵی 2003. پێموایە لەم ساڵانەی دواییدا، پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ کوردستان بوونیادناوە. کوردستان وادەردەکەوێت کە وەکو هەرێمێکی بەهێزی سەربەخۆ سەرهەڵدەدات و لە روانگەی ئیسرائیلەوە، گرنگی ستراتیژی هەیە لە ناوچەکەدا."

رۆبەرت دانین، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل بۆ کوردستان ئاماژەیە بە گۆڕانێک لە ناوچەکەدا.

دانن، کە لێکۆڵەری باڵایە لە تینک تانکی کاریگەری ئەمریکا "ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە (CFR)"، گوتی، "گوتەکانی سەرۆک وەزیران نەتەنیاهۆ لەبارەی دەوڵەتی کوردییەوە گرنگن. یەکەم شت دەبنە هۆی دروستبوونی گفتوگۆ لەوبارەیەوە، چونکە ئێستا سەرکردەیەکی نێودەوڵەتی یاخود هەرێمیت هەیە کە دەڵێت پێشوازی لە گۆڕانێکی لەوجۆرە دەکات بەسەر بارودۆخی ئێستا و داینامیکەکانی هەرێمەکەدا بێت. بۆیە لەو رووەوە گۆڕانێکی گەورەیە لە زمانی کەسێکی گرنگ و لە هێزێکی هەرێمەکەوە دەبیسترێت. بەڵام راستەوخۆ نابێتەهۆی ئەوەی ئیسرائیل هەنگاوی کرداری بنێت، بەڵام پێموایە گفتوگۆیەک دروستدەکات."

بەڵام ئەو گفتوگۆیەی دانن باسی دەکات، ئاسان نابێت، چونکە هەموو هاوپەیمانەکانی ئەمریکا وەکو ئیسرائیل پاڵپشتی سەربەخۆیی کوردستان ناکەن.

لەوبارەیەوە، جەیمس فیلیپس، لێکۆڵەری باڵا لە دامەزراوەی هێریتج، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " پێموایە ئەمریکا وەبەرهێنانێکی هێندە زۆری لە یەکپارچەیی خاکی عێراقدا کردووە، کە هەر ئیدارەیەک حوکمبکات ئیلتیزامی پێوەدەکات. جگە لەوەش، نیگەرانی هەیە کە هەڵوێستی تورکیا لەوبارەیەوە چی دەبێت. هەڵوێستی هاوپەیمانەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەبێت؟"

بەڵام حوسێن ئایبیش، کە لێکۆڵەری باڵایە لە ناوەندی ئەرکی ئەمریکا لە فەلەستین، دەڵێت، گوێ بەوانە مەدە دەڵێن سەربەخۆیی کوردستان مەحاڵە، چونکە ئەوانەی ئێستا پاڵپشتی کورد دەکەن بەهێزترن.

ئایبی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر سەیری ئەوە بکەیت چۆن حکومەتی هەرێمی کوردستان هێواش هێواش بەرەو سەربەخۆیی کوردستان هەنگاوی هەڵگرتووە، بەبڕوای شەخسی من، سەربەخۆیی حەتمییەو هەر روودەدات. پێموایە ئەگەر پێشتریش نەکرابێت، ئەوا ئەمساڵ لە رووبارەکە پەڕینەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی پێشمەرگە دەستی بەسەر کەرکوکدا گرت. بەبڕاوی من ئەم وەزعە جارێکی دیکە ناگۆڕێت. هەموو شتێک تەواوبووە، مەسەلەکە ئەگەر نییە، بەڵکو تەنیا کاتە. هەرچەندە زۆر یاریکەری هەرێمەکە هەن کە نایانەوێت رووبدات، بەڵام پێموایە یاریکەرە سەرەکییەکان دەیانەوێت رووبدات."

سەرەڕای گەشبینییەکی زۆر لەبارەی دروستبوونی دەوڵەتی کوردییەوە، سیاسەتی ئاشکرایی ئەمریکا تائێستا بریتییە لەپاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق. بەڵام  جەیمس فیلیپس لە دامەزراوەی هێریتج دەڵێت، پاڵپشتییەکەی ئیسرائیل، ئەگەر کاریگەری زۆریش لە سەر ئیدارەی ئۆباما دروستنەکات، ئەوە دەکرێت کاریگەری لەسەر کۆنگرێس هەبێت، چونکە "زۆر ئەندامی کۆنگرێس تێڕوانینێکی ئەرێنیان بەرامبەر کوردستان هەیە".

پاڵپشتیکردنی کراوەیی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهۆ، بۆ سەربەخۆیی کوردستان کەمتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر بەلای هەندێک کەسەوە گرنگە و بەلای هەندێک کەسی دیکەوە مشتومڕهەڵگرە.

کورد دەڵێن ئاماژەی دۆستایەتی لە هەرلایەکەوە بێت پێشوازی لێدەکەن. بەڵام هیچ گومانی تێدانییە، ئەوەی کورد زیاتر هیواخوازە بیبینێت ئەوەیە کە ئەم دۆستایەی ئیسرائیل تەرجوومەببێت بۆ کاریگەری راستەقینە لەسەر هاوپەیمانەکانی لە کۆنگرێسی ئەمریکا و کۆشکی سپی.