رووداو دیجیتاڵ
شۆخان، کەم رۆژ هەیە نەپرسێت 'کەی یەکەکانی شتەجێبوونی کرێنشینان تەواو دەبن؟' چونکە لەوەتەی بەبیری دێت، کرێنشین بووە و کرێچیێتی تەنگی پێهەڵچنیوە.
شۆخان دوو جار فۆرمی وەرگرتنی یەکەکانی پڕکردووەتەوە، بەڵام بەرهەمی هیچیانی نەچنیوەتەوە. ئەو بە رووداوی گوت "چاوەڕێی هەواڵی خۆش دەکەین (لە حکومەت) رەوشی کرێچی بەرەو داماوی دەڕوات، رەوش و گوزەران خراپە و ژیان خۆی سەختە، جا بۆ کرێچیش."
لە ساڵی 2011ـەوە لە پارێزگای سلێمانی 3040 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دروستکران. 597 لە سیتەک، 1540 یەکە لە کەڵەوانان و 903 یەکەش لە زڕگوێز. زۆرینەی یەکەکانی نیشتەجێبوون زیاتر لە 90٪ـیان تەواو بووە، بەڵام تەرخان نەکردنی پارە، کردوونی بە کەلاوە و رادەست نەکراون.
بەرهەم قەرەداخی، سکرتێری کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان باسی ئەوە دەکات 164 یەکە لە کەڵەوانان دابەشکران، "بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە؛ ئەو پرۆژەیە لە 2009ـەوە دەستیپێکرد، لە 2011 بۆ کۆتایی 2012 بیناکانی تەواو بوون، بەڵام تاوەکو ئێستاش خزمەتگوزارییەکەی تەواو نەبووە."
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاوەڕوانە حکومەتی عێراق 270 ملیار دیناریان بۆ بنێرێت تاوەکو پڕۆژی یەکەکانی نیشتەجێبوونی کرێنشینانی پێ تەواو بکەن.
توانا بەشیر داود، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بە رووداوی گوت "لە بودجەی وەربەرهێنانی حکومەتی فیدراڵی، ئێمە وەک حکومەتی هەرێم رێژەیەکمان هەیە، وەزارەتەکەی ئێمەش رێژەیەکی لێی هەیە. لەو رێژانەش رێگەوبان و نیشتەجێکردن هەن، لە نیشتەجێکردن بڕێکی باشمان داناوە کە بتوانرێت بە دوو ساڵ هەمووی تەواو بکرێت، ئەگەر بودجەکە بگاتە دەستمان."
کۆی گشتیی یەکەکانی نیشتەجێبوونی کرێنشینان لە هەرێمی کوردستان 9 هەزار و 4 یەکەیە، زۆرینەیان بە تەواونەکراوی جێهێڵدراون و بەگوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان، 150 هەزار کرێنشین چاوەڕێی وەرگرتنی یەکەکان دەکەن، لەکاتێکدا زۆرینەی کەرەستەکانی نێو یەکەکان وەک؛ بەلۆعە (شێرە) سویچ و پلاکەکانی کارەبا دزراون، دەرگە و پەنجەرەکانیش شکێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ