50 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی ATMـەوە مووچەی مانگی ئایار وەردەگرن
رووداو دیجیتاڵ
ئەو فەرمانبەرانەی لە رێگەی ATMـەکانی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە مووچەی مانگی ئایاری ئەمساڵ وەردەگرن بۆ نزیکەی 50 هەزار مووچەخۆر لە سەرجەم وەزارتەکانی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی مووچەی مانگی ئایاری ئەمساڵ لە رێگەی ATMـەکانی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە مووچە وەردەگرن، نزیکەی دوو هێندەی ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەیە کە مووچەی مانگی نیسانیان وەرگرتووە.
مانگی نیسانی ئەمساڵ نزیکەی 25 هەزار مووچەخۆر لە رێگەی پرۆژەی "هەژماری من"ـەوە مووچەکانیان وەرگرت.
ئەو مووچەخۆرانەی لە رێگەی پرۆژەی "هەژماری من"ـەوە مووچەکانیان وەردەگرن زیاتر لە 30 بنکەیان بۆ تەرخانکراوە کە ئامێرەکانی ATMیان تێدا تەرخانکراوە. بانکەکانیش بریتین لە: جیهان، ئاڕ تی بانک، بانکی ئەهلی عێراقی، BBAC.
تیمی "هەژماری من"، لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بانکە هاوبەشەکانی پڕۆژەکە دەیەوێت مانگەکانی داهاتوو ئەو ژمارەیە زیاتر بکات.
"هەژماری من" ناونیشانی ئامێرەکانی ئەی تی ئێمی بڵاوکردووەتەوە. کلیک بکە بۆ زانینی شوێنەکان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ تەواوی فەرمانبەران ببنە خاوەن کارتی بانکی. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆر لەو سیستمەدا تۆمارکراون. بانکەکانیش راسپێردراون لە دەیان شوێن ئامێری ATM دابنێن.
پڕۆژەی "هەژماری من"، پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران، بەپێی حکومەت ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە بەردەوام لە زیادبووندان کە تائێستا بریتین لە هەشت بانک.
مانگی شوباتی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی "هەژماری من"ـی راگەیاند. بەپێی حکومەت، "بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارەڕاکێشان (ATM)ـەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات. ئەوەش ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی".