فەهمی بورهان: لە هەشت ساڵی رابردوودا نۆ گەڕەکی عەرەبی لە کەرکووک دروستکراون

رووداو دیجیتاڵ 
 
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەشت ساڵی رابردوودا نۆ گەڕەکی عەرەبی لە کەرکووک دروستکراون، کە هەریەکیان دوو هێندەی  گەڕەکەکانی رەحیماوە و شۆڕیجە دەبن. دەشڵێت رۆژ لە دوای رۆژ تەعریب، جیاکاری، داگیرکردنی زەویی کورد و تورکمان زیاتر دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە، 10-06-2024، فەهمی بوورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بۆ بەدواداچوونی دۆخی کەرکووک، سەردانی شارەکەی کرد، لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لە شارەکە کۆبووەوە. 
 
فەهمی بوورهان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کورد بەشێک نییە لە دەسەڵاتی سیاسی و ئیدارەی شارەکە، دەبێ ئەو قۆناخە تێپەڕێنین. رۆژ لە دوای رۆژ رووبەری تەعریب، جیاکاریی لە خزمەتگوزاریی و داگیرکردنی زەوی کورد و تورکمان زیاتر دەبێت. پێویستە رێگە لەو تەعریبە بگیرێ، کە بە ئەجێندای جیاوازەوە لەو شارەکە هەیە".
 
فەهمی بوورهان زیاتر باسی کاریگەرییەکانی تەعریبی کرد و گوتی: "لە هەشت ساڵی رابردوودا نۆ گەڕەکی عەرەبی لە شاری کەرکووک دروستکراون، هەر گەڕەکێک جارێک، یاخود دوو جار لە گەڕەکی رەحیماوە و شۆڕجە گەورەترە. لە گەورەترین گەڕەکەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکیش گەورەترە". 
 
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێیوایە دیموگرافیای کەرکووک گۆڕاوە: "ئەوەش مەترسییەکی قوڵە و نابێ بەو ئاسانە تێپەڕێ، رۆژانە خەڵک لە دیالە، سەلاحەدین، نێوەڕاست و باشووری عێراق دەهێندرێنە کەرکووک و ناسنامە و فۆرمی خۆراکیان بۆ دروستکراوە.".
 
لەبارەی پۆستەکانی کەرکووک، فەهمی بورمان دەڵێت: "کورد لە هەشت ساڵی رابردوودا 110 پۆستی لە دەستچووە. ئەوەی دەکرێ ستەمێکی روونە لە جوگرافیای کەرکووک. ئەوەش تەنیا بە پارێزگاری بەوەکالەت نەکراوە".
 
سەبارەت بە کێشەی زەوییەکانی کەرکووک و جووتیاران، فەهمی بورهان گوتی: "کێشەکان بەکاتی چارەسەر کراون. هەموو کێشەکانی کەرکووک گرێدراوی یەکن، دەبێ پێکەوە چارەسەربکرێن. رووداوەکان، هەڵوێست و ئەجێندانەکان وای نیشان دەدەن، کە نیازێکی جدی نەبێ بۆ چارەسەرکردنیان و کەرکووک لەبەردەم تەعریبێکی تازەیە". 
 
دوای گەڕانەوەی لە کەرکووک، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەرکووک راپۆرتێک دەداتە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و بۆ سەرۆکی هەموو هێزە سیاسییەکانیشی دەنێرێ، بۆ ئەوەی بزانن دۆخی کەرکووک بەکوێ گەیشتووە.
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پارێزگاری نۆێی کەرکووک، فەهمی بوورهان دەڵێت: "ئومێدمان هەیە لە دوای جەژن کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێ، پرسی پارێزگاری کەرکووک یەکلابێتەوە. ئەوەی لە دیدارە و کۆبوونەوەکان تێبینیمان کردووە، پێکهاتەی عەرەبی وەک پێویست نایەتە پێش، بۆ گفتوگۆی جدی بەمەبەستی دانانی پارێزگاری کەرکووک".  
 
هەروەها راشیگەیاند، تورکمان-یش نیگەرانە؛ چونکە تورکمان هیچ سوودێکی لەم دواکەوتنە نەبینیوە، شەش مانگە راکان جبووری بە وەکالەت بە ئارەزووی خۆی و بێ چاودێریی کاردەکات و درێژە بەکارەکانی دەدات. گوتیشی "هیچ کەسێک لەم  دۆخە سوومەند نییە، جگە لە پێکهاتەی عەرەبی و بە دیاریکراوی پارتەکەی راکان جبووری و خودی راکان جبووری".