گەنجێکی دهۆک لە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا سەرتاش بووە و نزیکەی حەوت مانگە بێسەروشوێنە
رووداو - دهۆک
نزیکەی حەوت مانگە خێزانێکی نیشتەجێی کۆمەڵگەی دۆمیز لە دهۆک چاوەڕێی گەڕانەوەی کوڕەکەیانن، کە لە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کاری سەرتاشیی کردووە. دواجار دوای ئەوەی لە کارەکەی تەواو بووە، لە کۆنسوڵخانە دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکان، دوایین جار لە کەرکووکەوە پەیوەندیی کردووە، هەربۆیە خێزانی کوڕەکە لە هەولێر و کەرکووکیش سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام هێشتا چارەنووسی کوڕەکەیان نادیارە.
خالید محەممەد عەلی، باکوی نێچیرڤان دەڵێت، "چووینە کۆنسوڵخانە و پرسیارمان کرد، گوتیان کاری خۆی تەواو کردووە و دەرچووە. گوتمان کامێرامان بۆ لێدەنەوە، گوتیان بڕۆنە دادگە. چووینە دادگە، بەڵام رێگە نادەن کامێرامان بۆ لێدەنەوە. نووسراومان بۆ ئاسایشی گشتی و کۆمپانیای کۆڕەک نارد، ئەوە حەوت مانگە هیچ دیار نییە."
نێچیرڤان تەمەنی 34 ساڵە، هاوسەرگیریی کردووە و خاوەنی دوو منداڵە. عاسمە ئەحمەد، دایکی نێچیرڤان دەڵێت، "کوڕەکەم بێ کێشەیە، هەمووان دەزانن کە سرووشتی ئەو چۆنە، مامەکانی و کوڕەکانی مامی دەزانن کە کوڕەکەم تەنیا کاری خۆی دەکات و دەگەڕێتەوە ماڵەوە."
چیرۆکی بێسەروشوێنبوونی نێچیرڤان خێزانەکەیی تووشی شڵەژان کردووە و چاوەڕوانن زانیاری لەبارەی چارەنووسی کوڕەکەیانەوە بزانن.