شایستە داراییەکانی وانەبێژان دابەش دەکرێت

10-06-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ رایدەگەیێنێت، پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە و شەممەی داهاتوو، شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی 3ـی 2024 دابەش دەکرێت. 
 
عەلی رەئووف مستەفا، یەکێک لە نوێنەرانی وانەبێژان بە رووداوی گوت، بەپێی رێنوێنیی ژمارە 14ـی وەزارەتی دارایی، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن، لەنێوان 250-350 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 250-400 هەزار دینار خەرج دەکرێت.
 
هەروەها دەڵێت، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار کەسن، بودجەی مانگانەیان نزیکەی 15 ملیار دینارە.
 
عەلی رەئووف سەبارەت بە دامەزراندن و هەمیشەییبوونی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، تەنیا یەک رێگە هەیە بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، رێگەکە ئەوەیە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مامۆستایانی وانەبێژ و ناو و زانیارییەکانیان بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عیراق.
 
ئاماژە بەوەش دەکات، وەزارەتی دارایی عێراق لە رێگەی تیمی دیوانی چاودێری وردبینی دەکات بۆ ئەو زانیارییانەی بۆی هاتووە، دواتر داواکارییەکە دەنێرێت بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سودانیدایە بەپێی مادەی 60 لە یاسای بودجەی ساڵی 2023، مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە